جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ بۆردی رێکخراوەکان و لێپرسراوی ناوەندەکان کۆبوەوە و ئەرکە سەرەکییەکانی ئەمڕۆی خەباتی رێکخراوەیی لەژێر رۆشنایی گۆڕانکارییە بڕیار لێدراوەکاندا روونکردەوە و رایگەیاند، گۆڕانکارییەکان سەنگ و قورسایی دەگەڕێننەوە بۆ سەرجەم ئۆرگانەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەڤاڵ فریال عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی (ی.ن.ک) ئامادەی بوو، هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵڵا، کار و چالاکییەکانی سەرجەم ناوەندەکان و رۆڵی هەڤاڵانی لە بۆردی رێکخراوەکان بە باش هەڵسەنگاند و باسی لە بەرنامەی رێکخستنەوەی ئۆرگانە جیاوازەکانی یەکێتی و نوێبوونەوەی حزب و گونجان لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆدا کرد.
هەڤاڵ جێگری سەرۆک، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد یەکێتی هەمیشە لەگەڵ گۆڕاو و پێدراوە نوێیەکانی سەردەمدا خۆی گونجاندوە و لەوبارەیەوە وتی: "گۆڕانکارییە خێراکان ئاماژەی ئەوەن دەبێت بەزووترین کات خۆمان کۆبکەینەوە هەتا لە ئایندەی کاری ڕێکخراوەیی و هەڵمەتی گەشەپێدان و کەمپینی داهاتوو دوانەکەوین".
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵڵا باسی لەوەکرد بۆردی رێکخراوەکان بایەخێکی گرنگی هەیە بۆ یەکێتی و چۆنیەتی بەستنەوە و قوڵترکردنەوەی خەباتی رێکخراوەیی بەخزمەتی گشتییەوە بۆ زامنکردنی بەردەوامی سەرکەوتنەکانمان ئەرکێکی هەنوکەییە.
نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان