قوباد تاڵەبانی: یەکێتی هەموو هەوڵێک دەدات مووچە و کێشەکانی دیکەی هەرێم و بەغدا چارەسەر بکات

07:19 - 2025-07-12
کوردستان
53 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال بە ئامادەبوونی د.مەجید حەمەد ئەمین، لێپرسراوی مەڵبەندی ٣ی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ جێگران و لێپرسراوی بەش و لێپرسراوی کۆمیتەکانی سنووری مەڵبەندی ٣ی هەولێری یەکێتی کۆبووەوە.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی باسی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ژیان و گوزەرانی مووچەخۆرانی کرد و هەڵوێست و سیاسەتی یەکێتی روونکردەوە و رایگەیاند، یەکێتی پێیوایە بەدیلی رێککەوتن، هەر رێککەوتنە و هەموو هەوڵێکیش دەدات لەڕێی رێککەوتنەوە کێشە مووچە و کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکات. وتیشی  یەکێتی نیگەرانی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێمە، هەربۆیە هەموو تواناکانی خۆی خستووەتەگەڕ تا پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی لە ئامادەکارییەکانی یەکێتی کرد بۆ هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق. لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە گرنگی هەڵبژاردنەکان کرد و روونیکردەوە، یەکێتی ئامادەکارییەکی تەواوی کردوە بۆ هەڵبژاردن و چاوی لەسەر تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی گەورەیە لەم هەڵبژاردنەدا.
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال بە ئاماژەدان بە دۆخی ئێستای هەرێم و گۆڕانکارییەکانی عیراق و ناوچەکە، باسی لەوەکرد سەرکەوتنی یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە؛ هەم پاراستن و بەهێزترکردنی سەنگی کورد لە عیراق و ناوچەکەدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەم بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێم. 
لەم چوارچێوەیەشدا داوایکرد جێگران و لێپرسراوی بەش و لێپرسراوی کۆمیتەکان و کادرەکانی یەکێتی ئەرکی خۆیان بە باشی جێبەجێ بکەن و لە ئێستاوە بەپێی ئەو پلانەی دانراوە ئامادەکاری تەواو بکەن تا لە کاتی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردندا بتوانن زۆرترین دەنگ بۆ لیستی یەکێتی و کاندیدەکانی کۆبکەنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان