وادەی زاخاوی خەباتی نیشتمانییە

سەروتار: هەرێم لەبەردەم دەرفەت و ئاڵنگاریدا (سیستمی فیدراڵی بە نموونە)

09:41 - 2025-07-14
کوردستان
69 جار خوێندراوەتەوە

2-7

لەدوای رووخانی رژێمی بەعس و چەسپاندن و گۆڕانی دیفاكتۆی فیدراڵی هەرێمی كوردستان كە لە دەستووری عیراقدا بوو بە فیدراڵییەتێكی دەستووری، ئیدی بۆ گەلی كوردستان دەرفەتێكی یەكجار مێژوویی رەخسا، كە لە چوارچێوەی دەستووری نوێی عیراقدا بە بەشێك لە مافە رەواكانی خۆی شاد بێت و كۆتایی بەو نادادی و جیاكاری و ستەمە بێت، كە بە درێژایی دەیان ساڵی تەمەنی دروستبوونی دەوڵەتی عیراق دەرهەق بە گەلی كوردستان پەیڕەو دەكرا، بەڵام زۆری نەخایاند كۆمەڵێك ئاڵنگاری لەبەردەم جێبەجێكردنی سیستمی فیدراڵی خۆیان مەڵاسدا، ئەمەش بۆ كۆمەڵێ هۆكار دەگەڕێتەوە:
یەكەم: یەكێك لە تایبەتمەندییە بنەڕەتییەكانی سیستمی فیدراڵی بریتییە لە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمەكان، بەڵام دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێم بەتایبەتی لەسەر هەندێ پرسی چارەنووسساز تائێستاش ناڕۆشنی پێوە دیارە.
دووەم: دەستوور لە سیستمی فیدراڵیدا ئەو دەسەڵاتە باڵایەیە كە دەوڵەت دەسەڵاتەكانی لێوە وەردەگرێت، بەڵام حكومەتی فیدراڵ و هەرێم زۆرجار هاوڕا نەبوون لەسەر جێبەجێكردنی كۆی بڕگە و ماددەكانی دەستووری عیراق و هەندێکجار تەنها پابەندیی خۆیان بۆ ئەو بڕگە و ماددانە دەردەبڕی، كە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بووە. ئەمەش بە هۆكارێكی زەقی لەقكردنی پایەكانی فیدراڵییەتی عیراق دادەنرێت. 
سێیەم: پێویستە دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێت و دەسەڵاتی بڕیاردانی هەڵوەشاندنەوەی هەر یاسایەكی هەبێت كە لەگەڵ ناوەڕۆكی دەستوور دژ بێت، كەچی لە عیراق زۆرجار بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی وەكو خۆیان جێبەجێنەكراون، یان فەرامۆشكراون. 
چوارەم: سیستمی فیدراڵی بریتییە لە جۆرێك لە هاوپەیمانێتی و یەكێتییەكی ئارەزوومەندانە لەنێوان دوولایەن و پێكهاتە یان زیاتر، بەڵام لە عیراق زۆرجار لەجیاتی هاوپەیمانێتی، بە چاوێكی دژبەرییەوە مامەڵە لەگەڵ یەكتر دەكرێت و بیر لە كارتی خۆبەهێزكردن و هەوڵدان بۆ لاوازكردنی لایەنی بەرامبەر دەكرێتەوە. پەیڕەوكردنی ئەم سیاسەتە، سیستمی فیدراڵی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
پێنجەم: دەستوورێكی فیدراڵی گرنگترین بنەمای دەوڵەتی فیدراڵییە كە بە رەزامەندیی هەموو لایەن و پێكهێنەرەكانی ئەو دەوڵەتە پەسەندكرابێت، بەڵام لە عیراقدا هەر لە سەرەتاوە لەلایەن هەموو پێكهاتەكانەوە پێناسەیەكی هاوبەشیان نەبووە بۆ سیستمی فیدراڵی و بەشێكی زۆر وا دەزانن كە فیدراڵی تەنها پەیوەستە بە پێكهاتەی كوردەوە، بۆیە كاتێك كە كێشەیەك لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم دروست دەبێت هەوڵێك دەدرێت پانتایی سیستمی فیدراڵی بەرتەسك بكرێتەوە وەكو گوشار دروستكردن بۆ سەر هەرێم. 
شەشەم: لە سیستمی فیدراڵیی عیراقدا، جۆرێك لە ناهاوسەنگی هەیە لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمدا، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تەنها یەك هەرێم هەیە و ئەمەش بە لاوازی بۆ هەرێم دەشكێتەوە.  
حەوتەم: چارەسەرنەكردنی كۆمەڵێ پرسی گرنگ وەكو دیاریكردنی سنووری هەرێم و حكومەتی فیدراڵ، یاسای نەوت و گاز، دژبەری لەنێوان هەندێ یاسا، ئاڵنگاری لەبەردەم فیدراڵییەت دروست دەكەن.  
هەشتەم: لەپاڵ دەستوور و سیستمی فیدراڵی، پرەنسیپی شەراكەتی راستەقینە و سازانی نیشتمانی هەمیشە پایەیەكی بەهێزی تەبایی و متمانە بووە، ئەو پرەنسیپەش تاڕادەیەكی زۆر كاڵ بۆتەوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە بەغدا و لە هەرێمیش بیری تاكڕەوی، بەشێوەیەكی فراوان چەكەرەی كردووە و ئەمەش بۆتە هۆی دروستبوونی درزێكی فراوان لەنێوان هەرێم و بەغدا لەلایەك و لەنێو خودی هەرێمیش لەلایەكی دیكەوە، بۆیە سیستمی فیدراڵی لە عیراق نەیتوانیووە ببێتە گرەنتی بۆ پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و سیاسی لە سەرتاسەری عیراق و كۆتاییهێنان بە جیاكاری و نادادی، هەروەك ئەو رێكارانەی كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان هەردوولا دەگیرێنەبەر، لە ئاستی پێویستدا نەبوون، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئەم كێشەیە گەڕانەوەیە بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عیراق و پابەندبوون بە مەبدەئی شەراكەتی راستەقینە و سازانی نیشتمانی. 
نۆیەم: لە سیستمی فیدراڵیدا، هەرێمەكان خاوەن دەستووری تایبەتن، بەمەرجێك لەگەڵ دەستووری فیدراڵی ناكۆك نەبێت، هەرێمی كوردستان لە قۆناغی دیفاكتۆ و پاشان لە قۆناغی دانپێدانانی دەستووریش نەبوو بە خاوەن دەستووری خۆی، كە ئەمەش وەك ئاڵنگاری لەبەردەم هەرێم و دەسەڵاتەكانیدا دەمێنێتەوە. 
بۆ هەرێمی كوردستانیش جگە لە تەبایی و یەكڕیزی و دەستبەرداربوون لەبیری تاكڕەوی، هیچ رێكارێكی دیكە ناتوانێت هەرێم بەرەو كەنارێكی سەقامگیر ببات. راستییەکی دیكەش هەیە كە بەغدایەكی بەهێز بەبێ هەرێمێكی سەقامگیر و خزمەتگوزار نایەتەدی، هەروەك هەرێمێكی بەهێز بەبێ بەغدایەكی ئارام و سەقامگیر مسۆگەر نابێت.
بۆ هێنانەدیی ئەمەش گەرەكە هەردوولا لەسەر ئاستی باڵا، دەست بە دانوستانێكی بەرپرسیارانە بكەن و دانوستانەكان بەردەوامبن تا دەگەنە چارەسەرێكی ریشەیی و رێكکەوتنێكی كۆنكرێتی بۆ كۆی كێشەكان و پەلەش بكرێت لە دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی کە یەكێكە لە گرنگترین دامەزراوەی یاسایی لەپێناوی پاراستنی سەروەریی یاسادا. ئەم ئەنجومەنە پاراستنی كۆڵەكەی دیموكراتی لە وڵات و رێگریكردن لە قۆرغكردنی دەسەڵات و چەند ئەرك و دەسەڵاتێكی دیكەی هەیە بەتایبەتی چارەسەركردنی هەر پرسێك كە پەیوەستە بە كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێم، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەم ئەنجومەنەوە، بەشێك لە كێشەكان بە هەڵپەسێردراوی لەنێوان هەردوولادا ماونەتەوە. بەدەر لەوە، گرتنەبەری هەر بژاردەیەکی دیکە وەکو بەدیل بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەم قۆناغە هەستیارەدا، کاردانەوەی بەدوادادێت و تەنانەت گرێکان ئاڵوزتردەبن و زیانێکی زیاتریش بە هەموو لایەنێک دەگەیەنێت.

#سەروتار

بابەتە پەیوەندیدارەکان