ئاوی دەربەندیخان ژەهراوی نییە، بەڵام شیاو نییە بۆ خواردنەوە، لە هەوڵی بەردەوامداین ئەو پڕۆژەیەی هەبوو بۆ پاککردنەوە، پێشینەکانی بۆ خەرج بکرێت و ئەو بەشەی دیکە کە ماوە پاک بکرێتەوە
لە ماوەی رابردوودا چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ شاری دەربەندیخان جێبەجێکراوە، بەڵام پێویستی بە پڕۆژەی زیاترە، یەکێک لەو پڕۆژە ستراتیژییانەی کە دەبوو تەواو بکرایە، پڕۆژەی پاڵاوتنی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی شارەکەیە، کە نیگەرانیی دانیشتووانی لێ کەوتووەتەوە و باس لە ژەهراویبوونی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی شارەکە دەکەن، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان رەتیدەکەنەوە و تەواونەکردنی پڕۆژەکەش بۆ قەیرانی دارایی دەگەڕێننەوە.
ئومێد حسامەدین یەکێک لە موختارەکانی قەزای دەربەندیخان بۆ کوردستانی نوێ وتی: تەواوکردنی شەقامی گشتیی نێوان تونێلەکە و گوندی میرەدێ، یەکێکە لەو پڕۆژە گرنگانەی پەیوەندیی بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە هەیە، تەواونەکردنی چەندین رووداوی هاتوچۆی لێ کەوتووەتەوە و داوای زوو تەواوکردنی دەکەین، هاوکات پێویستە شەقامی دووسایدی تونێلەکە بۆ ناو دوکانەکانی دەربەندیخان بە تەواویی قیرتاو بکرێت.
داواکاریی هاووڵاتییان
شاری دەربەندیخان بە 10 هەزار ماڵ و ژمارەی دانیشتووانەکەشی بە 60 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.
رەفیق یاسین هاووڵاتییەکی دانیشتووی دەربەندیخان بۆ کوردستانی نوێ وتی: سەرەکیترین گرفتی هاووڵاتییان کێشەی ئاوی خواردنەوەیە کە نەوەک بۆ خواردنەوە نابێت، بەڵکو بۆ خۆشوشتن و جل شتنیش نابێت، ئاوەکە ژەهراوییە، بەهۆیەوە تائێستا چەندین هاووڵاتی تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بوون، جێگەی داخە حکومەت وەک پێویست ئاوڕی لەم مەسەلە هەستیارە نەداوەتەوە. کێشەیەکی دیکەی شارەکە ئەوەیە دەربەندیخان خاوەنی بەنداوە و وزەی کارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام خۆی کارەبای وەک پێویست نییە.
هیوا عوسمان هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی دەربەندیخان بۆ کوردستانی نوێ وتی: 10 ساڵ لەمەوبەر کۆمپانیایەکی تورکییان هێنا بۆ پاڵاوتنی سەرچاوەی ئاوی شارەکە ٪60 کارەکانی کرد و بەجێی هێشت، ئیدارەی شارەکەش تەواوکردنی پرۆژەکەی پشتگوێ خستووە.
وتیشی: نەخۆشخانەی شارەکە لە رووی دەرمان و کارمەندەوە هیچ باش نییە و هیچ جۆرە نەشتەرگەرییەکی تێدا ناکرێت و پێویستی بە ئاوڕ لێدانەوەیە، داواکاریشین نەخۆشخانەیەکی منداڵبوون لە شارەکەدا دروست بکەن، هەروەها قوتابخانەکان پێویستیان بە تازەکردنەوەیە لەگەڵ دروستکردنی باخچەیەکی ساوایان و بونیادنانی چەندین پرۆژە بە ئامانجی رەخساندنی هەلی کار.
وەڵامی بەرپرسان
زریان سابیر سەرۆکی شارەوانیی دەربەندیخان بە کوردستانی نوێی راگەیاند: رێگەی دووسایدی نێوان تونێلەکە - میرەدێ لەپلاندایە و تەنها کاری هونەری ماوە بۆ چاککردنی، لەناو شاریش بەردەوامین لە چاککردنی شەقام و گەڕەکەکان، هەروەها بەردەوام کار لە شەقامی دووسایدی تونێلەکەدا دەکەین، بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی خەڵکی شار، بەڵام قەیرانی دارایی دەستی گرتووین و گرفتی بۆ دروستکردووین.
وتیشی: هۆکاری زوو خراپ بوونی قیرتاوی شەقامەکان، بەردانەوەی ئاوی ماڵان و دوکاندارانە، لەبەرئەوە داوامان لە قایمقام کردووە، لەگەڵ لیژنەکانی خۆیان نوێنەری فەرمانگەی ئاو زیاد بکەن بۆ سزادانی ئەو کەسانەی ئاو بەفیڕۆ دەدەن.
وتیشی: دوو پرۆژەی قیرتاوکردنمان هەیە بەبڕی 200 ملیۆن و 600 ملیۆن دینار، بۆ گەڕەکی 102ەکان، بەڵام لەبەر خەرجنەکردنی چەکی پارە وەستاوین، کە دەبێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانییەوە بۆمان خەرج بکرێت.
لەسەر ئەو گلەییانەی لە ئاوی خواردنەوەی شارەکە دەکرێت، شیروان جەمال بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی، بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بەهیچ شێوەیەک ئاوی دەربەندیخان ژەهراوی نییە، بەڵام شیاو نییە بۆ خواردنەوە، لەبەرئەوەی لە تانجەرۆوە کە دێت پاشماوەی پیسی کارگە پیشەسازییەکان و ئاوەڕۆی سلێمانی دێتە ناو، چەندینجار داوای پاککردنەوەی ئەو شوێنانەمان کردووە و لە هەوڵی بەردەوامیشداین ئەو پڕۆژەیەی هەبوو بۆ پاککردنەوە پێشینەکانی بۆ خەرج بکرێت و ئەو بەشەی دیکە کە ماوە پاکبکرێتەوە.
وتیشی: تیمی تایبەتمان ناردووە بۆ دەربەندیخان، بە مەبەستی چاککردنەوەی بۆرییە خراپەکانی ئاو و پەمپی ئاوەکان، جگە لەوەی چەند پەمپێکی تازەشمان لە گەڕەکەکاندا داناوە.