لەیادی 42 ساڵەی شەهیدبوونی پاڵەوانەكەی زینداندا

10:50 - 2025-07-14
ڕاپۆرت
51 جار خوێندراوەتەوە
#شەهیدی سەركردە جەمال تاهیر

لاپەڕەی سەروەران

شەهیدی سەركردە جەمال تاهیر، لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوودا تێكەڵاوی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد بووە، لە شۆڕشی نوێشدا یەكێكە لە لێپرسراوە دیارەكانی رێكخستن و دواتریش پێشمەرگە و سەركردەیەكی ئازا و لێهاتوو.
هەر ئەو كاتانەش كە سەرپەرشتی رێكخستنەكانی سلێمانی دەكرد و چەند جارێك دەستگیركرا، بەرگەی هەموو نەهامەتییەكانی گرت و بووە یەكێك لە قارەمانەكانی زیندان، لەو هەلومەرجەدا زۆر خۆگر و باوەڕپتە و بوو، كە بە لێبوردنی گشتی ئازادكرا و دواتریش روویكردە شاخ، هێندەی دیكە ئازایەتی و لێهاتوویی لە پێشمەرگایەتیدا دەركەوت، بۆیە پیاوانی دوژمن خەفەتیان بۆئەوە خواردووە كەچۆن كاتێك لەلایان زیندانی بووە، نەیانكوشتووە و ئازادكراوە.
دواتریش سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ناسنامەی پاڵەوانی زیندانی بە جەمال تاهیر بەخشی، بەشەهیدبوونی ئەو سەركردەیەش كەلێنێكی گەورە كەوتە ناو ریزەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و شۆڕش و هێزی پێشمەرگەوە.
پوختەی ژیاننامەكەی 
شەهیدی سەركردە مامۆستا جەمال تاهیر، لە دایكبووی ساڵی 1943ی شارۆچكەی بەرزنجەیە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و پەیمانگەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوكردووە، ساڵی 1960 تێكەڵی كاروانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد بووە و لە ریزەكانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا دەستی بە خەبات كردووە.
رۆژی 26/10/1964 لە گوندی شەدەڵەی سنووری سورداش و دوكان بە مامۆستا دامەزراوە.
لەسەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و لە ساڵی 1970دا پەیوەندیی بەو رێكخراوەوە كردووە، هەروەها لە ساڵی 1971دا كراوە بە ئەندامی ناوچەی سلێمانی و لێپرسراوی رێكخراوی سەربازیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی 1973 كراوەتە لێپرسراوی رێكخراوی وارماوا لە دەربەندیخان، ساڵی 1974 وەك ئەندامی لیژنەی قەرەداغ و لێپرسراوی رێكخراوی وارماوا خەباتی كردووە، دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1975دا، گەڕاوەتەوە شاری سلێمانی و دەستیكردۆتەوە بەكاری رێكخستن لە ریزەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستاندا، لە ئەنجامی هەڵسوڕانی بەردەوامی و كار و چالاكییە بەرچاوەكانی، لە ساڵی 1979دا لەلایەن ئەمنی سلێمانییەوە دەستگیركراوە و دوای نەدركاندنی راستییەكان، هەمان ساڵ بە لێبوردنی گشتی ئازادكراوە.
بۆ دووەم جار و لە ساڵی 1981دا لەلایەن ئەمنی سلێمانی دەستگیركراوەتەوە، ئەمجارەیان زیاتر ئازار و ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە، هەمیشە تارمایی مەرگی بەسەرەوە بووە و كەمترین هیوای دەربازبوونی هەبووە، ماوەیەكی زۆر بەتەنیا دایانناوە و نەیانهێشتووە هیچ كەس و زیندانییەكی دیكە ببینێت، بۆیە ئەویش بۆئەوەی قسەی بیرنەچێتەوە، رۆژانە لەبەرخۆیەوە قسەی دەكرد و پێدەكەنی، جەللادەكانی زیندانیش لەبەرئەوەی ئەوەندە بەدڕندانە ئەشكەنجەیان دابوو، وایاندەزانی شێت بووە، دوای زیاتر لە ساڵێك بەندكردن و ئازارو ئەشكەنجەی زۆر، لە رۆژی 14/7/1982، بەر لێبوردنی گشتی كەوت  و ئازادكرا.
ئەو شەهیدە سەركردەیە، دوای ئازادبوونیشی نەك لەكاروباری سیاسی دانەبڕا، بەڵكو بە گوڕو تینێكی نوێی شۆڕشگێڕانەوە زیاتر بەشداریی لە كاروانەكەدا كردووە و تەنانەت بەشداریی لە كۆبوونەوەكانی شاخیشدا كردووە، لەكاتی بەستنی دووەم كۆنفرانسی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستاندا، بە نهێنی لەسلێمانییەوە چووە شاخ و  هەر بەنهێنیش بەشداریی لە كۆنفرانسەكەی كۆمەڵەدا كرد، لە ئەنجامدا بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردرا، ئەویش سەرپۆشەكەی سەری لابردوو و بڕیاریدا ئیتر نەگەڕێتەوە شار و وەك پێشمەرگە و سەركردەیەك لەشاخ بمێنێتەوە.
دیارە ئازایەتی و لێزانی و شایستەیی شەهید جەمال تایەر لەشاخیشدا نەك هەروەك خۆی مایەوە، بەڵكو زیاتر دەركەوت و بووە سەركردەیەكی دیار، ئەوەبوو لە ساڵی 1983دا پلەكەی بەرزكرایەوە بۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسی و هاوكاتیش كرایە لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستن.
شەهیدی سەركردە مامۆستا جەمال تایەر، لە شاخیش زیاتر كەوتەخۆ بۆ جۆشدانی زیاتری كوورەی خەباتی چەكداریی شۆڕشی نوێ، ئەو بە ئەزموونی دەوڵەمەندی سەرپەرشتیی رێكخستنی نهێنی ناوشارەكان و دواتریش قۆناغی زیندانەوە، هاتە نێو سەنگەری پێشمەرگایەتی لە شاخ و قۆناغێكی نوێی بەرەنگاریی دەستپێكرد، لەو پێناوەشدا گیانی خۆی كردە قوربانی.
 بەداخەوە، كاتێك بەڕێگەوە بوو بۆ بەشداریكردنی لەكۆبوونەوەی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە رۆژی 14/7/1983 لە گوندی (زیخان) لە ناوچەی بالیسان، بە رووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل، شەهیدبوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان