لە ماڵئاوایی پێشمەرگەی دانەبڕا و ئازادی حاجی عەبابەكردا

10:53 - 2025-07-14
ڕاپۆرت
37 جار خوێندراوەتەوە

بەداخەوە، رۆژی 9/7/2025 پێشمەرگەی دێرین و دانەبڕاو، ئازادی حاجی عەبابەكری دەربەندی لە تەمەنی 68 ساڵیدا، كۆچی دوایی كرد.
كاك ئازاد كوڕی تێكۆشەری ناسراو حاجی عەبابەكر و گۆشكراوی خانەوادەیەكی پێشمەرگە و نیشتمانپەروەر و خاوەن شەهیدی دەڤەری باڵەكایەتییە.
جگە لەوەی خاوەنی دوو برای شەهیدە، لە یەككاتدا خۆی و باوكی و چەند برایەكی پێشمەرگەبوون.
ماڵەكەیان هەمیشە مەكۆ و لانەی پێشمەرگە بووە، بۆخۆشی پێشمەرگە و كادرێكی دڵسۆز و بە ئەزموون بوو، بە درێژایی تەمەنی، خەمی ئەو تەنیا خەمی خاك و نیشتمان بوو.

ژیاننامەكەی
تێكۆشەری كۆچكردوو، ئازاد عەبابەكر كەریم عەبابەكر ناسراو بە ئازادی حاجی عەبابەكر، لە دایكبووی ساڵی 1957ی گوندی (دە‌ربە‌ند)ی قەزای چۆمانی پارێزگای هەولێرە، ساڵی 1974 بووە بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول تا نسكۆی 1975.
ساڵی 1977 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە و ساڵی 1985 بووە بە پێشمەرگە لە ناوچەی پێنجی شۆڕشگێڕان.
بەشداریی لە چەندین هێرش و بەرگرییدا كردووە لە سنووری مەڵبەندی سێی هەولێر.
دوا شوێنی پێشمەرگایەتیی لە پێش راپەڕیندا لە بەتالیۆنی چواری باڵەك بووە و دوا پلەشی فەرماندەی مەفرەزە بووە.
لە راپەڕینی 1991دا رۆڵی كاریگەری هەبووە، لە ساڵانی دوای راپەڕینیش بەردەوام بووە لە خەبات و لە چەندین ئۆرگان و یەكە پێشمەرگەییەكان لێپرسراوێتی هەبووە، لەوانە: هێز و لەشكر و تیپەكانی سنووری باڵەكایەتی.
ساڵی2003 بە پلەی عەقید خانەنشین کراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان