شەهید سەباح حەسەن پیسو خەڵەف ناسراو بە سەباح شنگالی، لە دایكبووی ساڵی 1990ی خێزانێكی كوردپەروەری عەشیرەتی خاڵتی ئێزدی گوندی (خراب باژار)ی سەر بە قەزای شنگالە لە پارێزگای نەینەوا، دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە.
ساڵی 2011 پەیوەندیی كردووە بە كۆمیتەی رێكخستنی یەكێتییەوە لە قەزای شنگال، ئەندامێكی چالاكی رێكخستنەكان بووە لە سنوورەكەیان.
ساڵی 2012 بووە بە پێشمەرگە لە لیوای 111ی یەكەی 70، پێشمەرگەیەكی گورج و گۆڵ و چاونەترس بووە، لە شەڕەكانی دژی چەكدارانی داعش لە سنووری ناحیەی زوممار و قەزای شنگال، بەشداریی كردووە.
بەداخەوە، رۆژی 3/3/2015 لە ئەنجامی هێرشێكی كتوپڕی چەكدارانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە قەزای شنگال، سەباح شنگالی و حەوت پێشمەرگەی هاوڕێی شەهیدكران و گەیشتنە كاروانی نەمران.
شایانی بیرهێنانەوەیە، لە شەڕی دژی چەكدارانی داعش لە ساڵی 2014 دا، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ئێزدی كە پێشمەرگە و كادری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوون، لە داگیركردنی شنگال و بەدرێژایی ئازاكردنی قەزای شنگال، گیانیان بەختكرد.
هەروەها ساڵی 2014 هێزەكانی یەكێتی رۆڵێكی سەرەكییان گێڕا لە پاراستنی خاك و خەڵكی بادینان و دواتریش رزگاركردن و پاككردنەوەی قەزای شنگال لە چەكدارانی داعش لە رۆژی 13/11/2015 دا.
ئەیاز محەمەد سەلیم هەركی