راپۆرتی/ ئارۆ سامان
ململانێ سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه و به‌كارهێنانی ئاشكرای ئاسمانی عیراق بۆ مووشه‌كی ئێران و فڕۆكه‌ی جه‌نگیی ئیسرائیل به‌بێ ئه‌وه‌ی توانای رێگریكردن له هیچ كامیانی هه‌بێت، سەلماندی كه عیراق توانای بەرگریکردنی لە ئاسمانی خۆی نییە و پێویستی بە به‌هێزكردنی توانا سه‌ربازییه‌كانییەتی، هه‌رچه‌نده ده‌بوو زۆر زووتر بیر له‌وه بكاته‌وه، چونكه پاراستنی ئاسمانی و‌ڵات به‌شێكه له پاراستنی سه‌روه‌ریی و‌ڵات.
گۆڤاری (CEOWorld)ی ئه‌مریكی رۆژی دووشه‌ممه 7/7/2025 بڵاویكردووه‌ته‌وه، خه‌رجییه سه‌ربازییه‌كانی عیراق له ساڵی 2025دا له شه‌ش ملیار دۆلار تێده‌په‌ڕێت، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه په‌رله‌مان داوای دوو هێنده‌كردنی وه‌به‌رهێنان له سه‌رچاوه مرۆییه‌كاندا ده‌كات له رێگه‌ی به‌رنامه‌ی راهێنانی تایبه‌تمه‌نده‌وه، چ له ناوخۆ و چ له ده‌ره‌وه‌ی عیراق، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه ئه‌منییه‌كانی ئێستا.
ئه‌مریكا یه‌كه‌مه
له ئاماره‌كه‌ی (CEOWorld)دا هاتووه، بودجه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مریكا بۆ ساڵی 2025 ده‌گاته 997 ملیار دۆلار، له‌به‌ر ئه‌وه له رووی خه‌رجیی سه‌ربازییه‌وه له پله‌ی یه‌كه‌مدایه، دوای ئه‌ویش چین دێت كه بودجه‌ی خه‌رجییه سه‌ربازییه‌كانی نزیكه‌ی 314 ملیار دۆلاره، دواتر روسیا دێت كه به بودجه‌ی سه‌ربازیی 149 ملیار دۆلار له پله‌ی سێیه‌مدایه، ئه‌ڵمانیاش به 88 ملیار دۆلار به پله‌ی چواره‌م دێت و هیندستان به 86 ملیار دۆلار له پله‌ی پێنجه‌مدایه.
گۆڤاره‌كه ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، كه خه‌رجییه سه‌ربازییه‌كانی عیراق بۆ ئه‌مساڵ ده‌گاته 6.2 ملیار دۆلار، كه ده‌كاته %1.9ی تێکڕای به‌رهه‌می گشتی ناوخۆ و %0.2ی خه‌رجییه سه‌ربازییه جیهانییه‌كان.
هه‌نگاوی تۆكمه‌تر پێویسته
حه‌یده‌ر شه‌مخی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌و باره‌یه‌وه بۆ كوردستانی نوێ دووپاتیكرده‌وه: «پێویسته سوپای عیراق پڕچه‌ك بكرێت، به‌تایبه‌ت له رووی ته‌كنۆلۆژیای نوێوه، پێویسته له‌و بواره‌دا له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه پێشه‌نگه‌كان گرێبه‌ستی به‌هێزتر ببه‌ستێت».
وتیشی: «ئێمه له په‌رله‌مانی عیراق به‌رده‌وام جه‌ختمان له پێكهێنانی سوپایه‌كی به‌هێز كردۆته‌وه، ته‌رخانكردنی بودجه‌ی زیاتر بۆ هێزی به‌رگری، ده‌رفه‌ت ده‌دات به عیراق بۆ پاراستنی سه‌روه‌ریی وڵاته‌كه‌ی، بۆیه سوپا پێویستی به زیاتر له شه‌ش ملیار دۆلاره، به مه‌رجێك به شه‌فافی و دوور له هه‌ر بنه‌مایه‌كی گه‌نده‌ڵی به‌كار بهێنرێت».
بودجه‌ی زیاتر بۆ هێزی ئاسمانی
په‌رله‌مانتار مه‌هدی ته‌قی عامرلی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی په‌رله‌مانی عیراق رایگه‌یاند: لیژنه‌كه‌یان به نیگه‌رانییه‌وه به‌دواداچوون بۆ پێشێلكارییه دووباره‌بووه‌وه‌كانی ئاسمانی عیراق ده‌كات، ئه‌مه‌ش واده‌كات ده‌وڵه‌ت رێوشوێنی به‌په‌له بگرێته‌به‌ر بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی تواناكانی به‌رگریی ئاسمانی و به‌ده‌ستهێنانی سیستمی رادار و مووشه‌كی پێشكه‌وتووی ئه‌وتۆ كه توانای ده‌ستبه‌جێ ده‌ستنیشانكردن و رێگریكردن له هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ده‌ره‌كی هه‌بێت.
ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، ئاسته‌نگه ئه‌منییه‌كانی ئێستا پێویستی به دوو هێنده‌كردنی وه‌به‌رهێنان هه‌یه له سه‌رچاوه مرۆییه‌كاندا له رێگه‌ی پرۆگرامی مه‌شقی تایبه‌تمه‌نده‌وه، چ له ناوخۆ و چ له ده‌ره‌وه‌ی عیراق.
پێویسته سیستمی مه‌شقكردن دابڕێژرێته‌وه
مه‌هدی ته‌قی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێویستییه‌كی به‌په‌له هه‌یه بۆ داڕشتنه‌وه‌ی سیستمی مه‌شقكردن له وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری و ناوخۆ، هه‌روه‌ها نوێكردنه‌وه‌ی پرۆگرامه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگ بن له‌گه‌ڵ شه‌ڕی مۆدێرن و ناته‌قلیدی، له‌وانه‌ش شه‌ڕی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌لیكترۆنی و شه‌ڕی ده‌روونی.
مه‌هدی ته‌قی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق وتیشی: چالاككردنی رێككه‌وتنه دووقۆڵییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی پێشكه‌وتووی سه‌ربازی، به‌تایبه‌ت ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی كه بریتین له ئاڵوگۆڕی شاره‌زایی و خولی تایبه‌تمه‌ند و گواستنه‌وه‌ی ته‌كنۆلۆژیای به‌رگریی مۆدێرن ده‌بێ زیاتر و وردتر بن.
عیراق چی هه‌یه؟
ئێستا عیراق سیستمێكی به‌رگریی ئاسمانی هه‌یه كه به شێوه‌ی پارچه پارچه و سنووردار له كاریگه‌ریدا وه‌سف ده‌كرێت. سوپای عیراق پشت به چه‌ندین جۆر سیستمی مه‌ودای كورت و مامناوه‌ند ده‌به‌ستێت، دیارترینیان سیستمی
(پانتسیر-S1)ی روسییه كه به توانای رێگریكردن له فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و مووشه‌كی كه‌مبه‌رزایی ناسراوه، هه‌روه‌ها عیراق خاوه‌نی تۆپه‌كانی شیلكای سۆڤێتی كۆنه كه مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی حه‌فتاكان، ئه‌مانه به‌شێكیان كاریگه‌رن له به‌رامبه‌ر ئامانجه نزیكه‌كان، به‌ڵام سوودێكی سنوورداریان هه‌یه له شه‌ڕی مۆدێرندا.
هه‌روه‌ها عیراق خاوه‌نی راداری ئه‌مریكی (AN/TPS-77) كه سیستمێكی چاودێری ئاسمانی گه‌ڕۆكی مه‌ودا مامناوه‌نده، هه‌روه‌ها راداری زه‌ڕافه‌ی سویدی، كه بۆ دیاریكردنی فڕۆكه له به‌رزاییه كه‌مه‌كاندا به‌كاردێت.
سیستمی به‌رگریی به‌هێز ده‌كات
له چه‌ند مانگی داهاتوودا عیراق چاوه‌ڕێی راده‌ستكردنی كاروانی یه‌كه‌می سیستمی به‌رگریی ئاسمانی مه‌ودای مامناوه‌ند ده‌كات، كه گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (LIG Nex1)ی كۆریای باشوور كردووه، ئه‌مه‌ش به‌شێكه له پلانێكی حكومه‌ت بۆ نوێكردنه‌وەی تواناكانی به‌رگریی ئاسمانی و‌ڵات.
سه‌یف وه‌لید شاره‌زا له كاروباری سه‌ربازیی عیراق، له لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ باسی له‌وه‌كرد: مه‌رجی سه‌ره‌كیی به‌هێزكردنی سوپای عیراق، شه‌فافكردنی هه‌وڵه‌كان و پاككردنه‌وه‌ی سوپایه له گه‌نده‌ڵی و مه‌رجیش نییه ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ سوپا دانراوه تەنیا بۆ باشتركردنی گوزه‌رانی رۆژانەی هێزی سەربازی خه‌رج بكرێت.