سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان ساڵێکی کەمبارانی بەڕێکرد، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی هەرێم رایدەگەیەنێت: هەرێم کێشەی کەمئاویی نییە.
لەم دۆخەدا پێویستە هەموو هاووڵاتیان دەست بە ئاوەوە بگرن
رەحمان خانی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی هەرێم بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند : بەهۆی کەمبارانییەوە، ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان، داهاتی ئاوی بەنداوەکان زۆر کەم بۆتەوە، چ لە دیوی ئێران، چ لە ناو هەرێمی کوردستان، بەمەش کۆگاکردنی ئاو ئەمساڵ کەمتر بوو لە ساڵی پار، بەتایبەت لە بەنداوی دوکان، لەگەڵ ئەوەی پلانی بەردانەوەی ئاو و بەرهەمی کارەبا لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان بەشێوەیەکی زانستی دانراوە کە گونجاو بێت لەگەڵ قەبارەی ئاوی یەدەگ و پێویستییەکانی هاووڵاتیان و شارو شارۆچکەکان کە پشت بە ئاوی ئەو دوو بەنداوە دەبەستن.
وتیشی: بەنیسبەت بەنداوی دهۆک و بەنداوە بچوکەکانی تریشەوە، رێژەی پێویست ئاویان تێدایە کە بەو بەرنامەیەی دانراوە، بۆ هاوینی ئەمساڵ، لە سنووری بەنداوەکان گرفتی بێئاویی دروست نابێت، ئەگەر زیادەڕۆیی نەکرێت.
راشیگەیاند: تایبەت بە بەردانەوە و زیادکردنی ئاو لە دیوی ئێرانەوە بۆ زێی بچووک و سیروان، ئەمساڵ رێژەکەی زۆر کەمە و کاریگەریی ئەوتۆی نییە بۆ بەنداوەکانمان.
باسی لەوەشکرد، تایبەت بە زیادکردنی ئاو لە دیجلە و فورات بە ئاراستە عیراق، تائێستا نیوەی ئەو بڕە زیادکراوەیە کە بەڵێنیان بە وەفدی ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی عیراق دابوو کە لە تەمموز و ئابی ئەمساڵدا لە هەردوو رووبارەکە هاوکاریی عیراقی پێبکەن، بۆیە عیراق بۆ تێپەڕاندنی خراپترین دۆخی ئاوی لە (80) ساڵی رابردوو، ئەگەر چی کشتوکاڵی هاوینەی قەدەغەکردووە، پێویستی بە ئاوی زیاترە لە هەردوو رووبارەکە لە تورکیاوە و لە ئێرانیشەوە دیسان پێویستی بە ئاوە بەتایبەت لە سیروان، لە زێی بچووک و لە رووباری کارونەوە بە ئاراستەی پارێزگای بەسرە.
وتیشی: لەم دۆخەدا پێویستە هەموو هاووڵاتیان دەست بە ئاوەوە بگرن، بە تایبەت ئاوی ژێرزەوی و سەرچاوەکانی ئاو بە پاكی راگرن.
كوردستانی نوێ، هیوا كازم