دوێنێ، لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیریی كەركوك، دووەمین دیداری كەركوك بۆ مەقامات، دەستیپێكرد.
لە دیدارەكەدا، كە ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری كەركوك-سەڵاحەدینی ی.ن.ك و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و هونەرمەند و رۆشنبیران ئامادەبوون، وتاری لیژنەی باڵای دیدار لەلایەن نورەدین جاف ئەندامی لیژنە خوێنرایەوە و گرنگیی دیداری مەقاماتی لە كەركوك خستەڕوو، هەروەها سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد كە هەردەم پێشەنگ بووە لە زیندووكردنەوەی مەقامات لە شارەكەدا.
پاشان، ئاسۆ مامەند، وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: كەركوك پایتەختی مەقاماتە و چەندین كەڵەهونەرمەندی مەقامبێژی لەخۆگرتووە لە نموونەی خدر بارام چاوش، عەلی مەردان، شكور خەیات، حسێن عەلی و مەقامبێژانی تر لە نەتەوە جیاوازەكان، وتیشی: كەركوك هەردەم شاری پێكەوەژیانە و پێشەنگە لە بوارەكانی هونەر و رۆشنبیری و وەرزش و كەلتوردا.
ئاسۆ مامەند، سوپاسی لیژنەی باڵای دووەمین دیداری مەقاماتی كەركوكی كرد بۆ سازدانی دیدارەكە كە مەقامبێژانی كەركوك، گەرمیان، سلێمانی، هەولێر و رۆژهەڵاتی كوردستان لەخۆدەگرێت.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، مەقامبێژان چنار كەركوكی، ئەحمەد نەجیب، یونس توتنچی، شەماڵ محەمەد تۆفیق و حەمە هیوا بە مەقاماتی كوردی، توركمانی و عەرەبی یەكەم رۆژی دیدارەكەیان رازاندەوە.
لەكۆتایی دیدارەكەشدا، قەڵغانی رێزلێنان پێشكەش بەو لایەنانە كرا كە رۆڵیان هەبوو لە پاڵپشتی و پشتگیریكردنی دیداری كەركوك بۆ مەقامات.
كەركوك، رزگار شوانی