تارا شێخ عوسمان
2-2 کۆتایی
هێڵی كاركردنی میچێل
مارگرێت میچێل له رۆمانی (له‌گه‌ڵ بادا رۆیشت) كارێكی مه‌زنی كردووه و چیرۆكێكی داڕشتووه كه بریتییه له بونیادێكی پڕاوپڕ له هه‌ست و ئه‌زموونه مرۆییه‌كان و له رێگه‌یه‌وه و به‌شێوازی خۆی به گژ هه‌ندێك دابونه‌ریت و جه‌نگ و هه‌ڵگیرسێنه‌رانیدا ده‌چێته‌وه و باس له رۆڵی رۆتینی هه‌ردوو ره‌گه‌ز ده‌كات له رۆژگاری ئه‌وكاتی ئه‌مریكادا، ئه‌مه جگه له‌هه‌ندێك باسی لاوه‌كی تریش. ئه‌و به‌و شێوازه نووسینه‌ی ویستویه‌تی بیسه‌لمێنێت كه له كاتی جه‌نگدا به ته‌نها هه‌موو باس و خواسه‌كان له‌سه‌ر جه‌نگ نین، دیوێكی تری ئه‌و ماڵوێرانی و كاره‌ساتانه و ده‌نگی ته‌قه و ناڵه‌ی بۆمبه‌كان، عه‌شق گۆڕینه‌وه‌ی هه‌سته‌كانه، به‌ڵام به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو ره‌گه‌زه‌ی ژیان كارێكی زۆر نایابی ئه‌م نووسه‌ره‌یه كه هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌كان بارگاوی بوون به‌جه‌نگ و جه‌نگه‌كانیش بوونه‌ته به‌شێكی ژیانی مرۆڤ هه‌ر یه‌كه و به‌جۆرێك له‌پریشكی ئه‌و جه‌نگه‌ی به‌رده‌كه‌وێت. له رێگه‌ی دوو پاڵه‌وانه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی رۆمانه‌كه‌یه‌وه كه (سكارلێت ئۆهارا)ی كچی خاوه‌ن كێڵگه‌یه‌كی په‌موو و جه‌نه‌ڕاڵ (رێت باتله‌ر)ه‌وه زۆر دیوی مرۆڤه‌كان ده‌رده‌خات.
له‌م رۆمانه‌دا نووسه‌ر وازی له‌خه‌یاڵی هێناوه تا ئه‌وپه‌ڕی سنووره‌كانی هه‌ست بفڕێت و ورده‌كارانه مێژوو و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌خاته‌ڕوو، هه‌روه‌ك توێژه‌رێكیش به‌دوای هۆكاره بنچینه‌ییه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه ماڵوێرانكه‌ره‌دا گه‌ڕاوه له‌ساتێكدا ته‌ڕ و وشك به‌یه‌كه‌وه ده‌سووتێنێت و كۆمه‌ڵ رووبه‌ڕووی مه‌ترسی له‌ناوچوون و برسێتی و لادانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها له‌و جوگرافیا ساده‌یه‌دا نامێنێته‌وه و لێزانانه خوێنه‌ر په‌لكێش ده‌كات به‌ناو پرسه سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌یهێنێت و ده‌یبات.
خاڵێكی تری جێگه‌ی سه‌رنج شێوازی نووسینی ئه‌م خانمه‌یه، زۆر ته‌كنیكی رۆمانی به‌كارنه‌هێناوه و ساده و بێ هیچ گرێ و ئاڵۆزییه‌ك رووداوه‌كانی گێڕاوه‌ته‌وه، مه‌به‌ستیشی ئه‌وه بووه خوێنه‌ر ماندوو نه‌كات، بۆیه خۆی هه‌موو شتێكی خستووه‌ته به‌رده‌ستیان.
ره‌خنه‌گران چی‌یان وت و چی ده‌ڵێن؟
له‌كاتی ده‌رچوونی رۆمانه‌كه‌وه تا ئێستاش، هه‌میشه ناوی میچێل و تاقه رۆمانه‌كه‌ی له‌ناو ناوه‌نده ئه‌ده‌بییه‌كاندا ئاماده‌یی هه‌یه و زۆر له ره‌خنه‌گران باسیان له‌وه كردووه ئه‌م نووسه‌ره زۆر به‌ڕاشكاوی باسی هه‌ندێك هه‌ستی مرۆیی كردووه و دابونه‌ریته‌كانی وه‌لا ناوه. جگه له‌وه‌ش زمانێكی ساده و رسته‌ی دوورودرێژی به‌كارهێناوه بۆ وه‌سفكردنی دیمه‌ن و كه‌سایه‌تی و دۆخه‌كان كه به‌لای ره‌خنه‌گرانه‌وه ئه‌مه وه‌ك خوانێك وایه كه خواردنی دڵخوازی هه‌موو میوانه‌كانی له‌سه‌ر بێت. له راستیشدا خوێنه‌رانی ئه‌م سه‌رده‌مه ره‌نگه نه‌توانن شاكارێكی وا قه‌به بخوێننه‌وه، به‌مه‌ش رۆمانه‌كه ده‌بێته رۆمانی ده‌سته‌بژێران و ئه‌وانه‌ی له خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه دووردرێژه‌كاندا ئارامگر و به‌تاقه‌تن. هه‌ندێكی تریش باسیان له‌وه كردووه كه هه‌رچه‌نده رۆمانه‌كه وه‌ك رۆمانێكی مێژوویی ناسراوه، به‌ڵام به‌هۆی به‌رجه‌ستكردنی رۆڵی ژنێك و پێدانی رۆڵی پاڵه‌وان به‌و ژنه كه (سكارلێت ئۆهارا)یه ده‌كرێت ئه‌و رۆمانه بخرێته چوارچێوه‌ی ئه‌ده‌بی ژنانه‌وه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده، به‌ڵكو هه‌ندێك له ره‌خنه‌گران پێیان وایه به‌خشینی ئه‌و رۆڵه به‌سكارلێت ئۆهارا له‌وه‌ی كه سه‌ره‌تا كچێكی لاوی ناسك و ساویلكه‌یه، به‌ڵام هه‌ر زوو ده‌یسه‌لمێنێت ژنێكی ئازا و ژیر و به‌هێزه و ئه‌و ژنه ده‌بینرێت چاونه‌ترسانه و له‌كاتی پێویستدا شان ده‌داته به‌ر ئه‌و كارانه‌ی له‌و كاته‌دا ئه‌ركی پیاو بووه و نووسه‌ر ده‌یكاته ئه‌و ژنه‌ی دژی ئه‌و رۆڵه باوه‌ی وه‌ك ژنێك بۆی دیاریكراوه بووه‌ستێته‌وه. ژنێك بێت ملكه‌چ نه‌بێت و ته‌نها خه‌ریكی كاری ناوماڵ نه‌بێت، له‌بری ئه‌وه زۆر بوێرانه هه‌نگاو به‌ره‌و جیهانی پیاوان و كاری پیاوانه بنێت و خۆی له‌و بواره‌دا بسه‌لمێنێت. نووسه‌ر سكارلێت ئۆهارای كردووه‌ته سومبولی ژنی به‌توانا و بڕوابه‌خۆبوو و به‌هێز و پڕ له توانا، ئه‌مه‌ش وای كردووه رۆماننووسه‌كه له ریزی ئه‌و نووسه‌رانه دابنرێت له‌و كاتانه‌دا به‌هزرێكی فێمنیستانه‌وه كاریان كردووه و توانیویانه له رێگه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیانه‌وه به‌گژ دابونه‌ریته‌كاندا بچنه‌وه و رێچكه‌یه‌كی نوێ بۆ ژنان بدۆزنه‌وه و له‌وێوه له ملكه‌چبوون و لاوازیی رزگاریان بكه‌ن.
به‌هۆی پاڵه‌وانه پیاوه‌كه‌شه‌وه كه سیمایه‌كی زۆر جوانی پێ به‌خشیوه هه‌رچه‌نده به‌سیما كه‌سێكی قۆز و له‌به‌ردڵان ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام هه‌ر زوو بۆ خوێنه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت كه‌سایه‌تی ئه‌م پیاوه كه‌سایه‌تییه‌كی دووفاقه، واته نیانه، به‌ڵام توندوتیژه، راسته‌قینه و فریوده‌ریشه. هه‌روه‌ها چنین و دروستكردنی ئه‌م كه‌سایه‌تییه جۆرێكه هه‌ر زوو بۆ خوێنه‌ر ئاشكرا ده‌بێت. ئه‌م پیاوه هه‌میشه له‌سه‌ر هێڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی خێرخوازی و شه‌ڕانگێزیدایه، به‌ڵام نووسه‌ر ئه‌م و سكارلێت ئۆهارا وه‌ك دوو كه‌سایه‌تی ره‌فتار جیاواز له‌به‌رده‌م یه‌كدا داده‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێت كه مرۆڤ به‌سروشتی خۆی هه‌میشه له‌گه‌ڵ دژه‌كه‌ی زۆرتر یه‌كسانه، ئه‌مه‌شی له رێگه‌ی خۆشه‌ویستییه‌كی گه‌رمی نێوان ئه‌م دوو كه‌سه به‌رجه‌سته كردووه كه بیركردنه‌وه‌یان زۆر له یه‌كتر جیاوازه، پێكه‌وه دوانه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش دروست ده‌كه‌ن و له رێگه‌ی ئه‌وانیشه‌وه باس له خۆشه‌یستی ده‌كات له سه‌رده‌می جه‌نگدا. له‌مه‌وه ده‌توانین بڵێن رۆمانه‌كه به‌شێكی زۆری ته‌رخانه بۆ خۆشه‌ویستی، نه‌ك هه‌ر خۆشه‌ویستی، به‌ڵكو ته‌واوی هه‌سته مرۆییه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك رق و كینه و ئیره‌ییبردن و غیره‌كردن و ناپاكی و دڵسۆزی.
هه‌روه‌ها رووداوه‌كانی جه‌نگ و ماڵوێرانی و خوێنڕشتنیش له‌پاڵ رووداوه‌كانی تردا درێژ ده‌بێته‌وه و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه تاڵه‌ی شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌مریكا به‌شێكی گرنگی رۆمانه‌كه‌یه، هه‌روه‌ها دیارده‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی و ململانێی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ش خۆی به‌سه‌ر شوێنكاتی رۆمانه‌كه‌دا سه‌پاندووه، ململانێی باكوورییه لیبراڵه‌كان له‌گه‌ڵ باشوورییه ده‌ره‌به‌گه‌كان به‌هۆی جیاوازی ره‌نگی پێست و كۆیله‌دارییه‌وه. دیسانه‌وه ره‌خنه‌گران بۆ ئه‌مه‌ش قسه‌ی خۆیان هه‌بووه و پێیان وایه مارگریت میچێل له‌مه‌دا زۆر سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و شه‌رمنانه ده‌ستی بۆ ئه‌م پرسه بردووه، به شێوه‌یه‌ك باسی ره‌شپێسته‌كانی كردووه وه‌ك ئه‌وه‌ی له پاشكۆی سپیپێسته‌كان زیاتر هیچ نه‌بووبن و ته‌نها بۆ خزمه‌تی سپیپێسته‌كان دروست كرابن. هه‌ر بۆیه كاتیك رۆمانه‌كه ده‌كرێته فیلم (د‌یڤید سیلیزنیك)ی ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه ئه‌و دیمه‌نانه لاده‌بات باس له ره‌گه‌زپه‌رستی ده‌كات، به‌تایبه‌ت كه هه‌رسێ مێرده‌كه‌ی سكارلێت ئۆهارای پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه سه‌ر به‌گرووپی كۆكلۆی ره‌گه‌زپه‌رستن كه ترس و دڵه‌ڕاوكێان ده‌خسته دڵی ره‌شپێسته‌كان و ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌دان.
كۆتایی رۆمانه‌كه
ئه‌گه‌ر باس له كۆتایی رۆمانه‌كه بكه‌ین، ئه‌وا دیسان ده‌بێت ئاماژه به‌وه بده‌ین خوێنه‌ر به‌درێژایی رۆمانه‌كه پڕ ده‌بێت له‌هه‌ستی جیاوازی مرۆیی، چاوه‌روانی كۆتاییه‌كی دڵخۆشكه‌ر ده‌كات، به‌ڵام نووسه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌كردووه و كۆتاییه‌كی خه‌مناكی بۆ رۆمانه‌كه نووسیوه و دیسان ئه‌مه‌ش په‌یامێكه ژیان وه‌ك چه‌پكه‌گوڵێكی ره‌نگاوڕه‌نگی رێكخراو نییه تا جوانی ببه‌خشێت، به‌ڵكو ژیان ئه‌وكاته و ئێستاش و ره‌نگه بۆ هه‌تاهه‌تایه هه‌ر وابێت، جگه له‌خۆشی ته‌ژییه له كاره‌سات و ناخۆشی و له‌مپه‌ر كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر به‌رده‌وامه و ده‌بێت مرۆڤ هه‌میشه هیوابڕاو نه‌بێت و ئه‌مه‌ش له زاری سكارلێت ئۆهاراوه ده‌زانین هه‌میشه له‌وپه‌ڕی ناخۆشیدا بڕوای به‌سبه‌ینێیه‌كی تره و له كۆتاییشدا هه‌ر ئه‌و ژنه كاتێك له‌به‌ر ماڵه‌كه‌یدا چاو به‌فرمێسك و مشتێك خۆڵی له‌ناو ده‌ستدایه، ماڵئاوایی له رێت باتله‌ری مێردی ده‌كات، پاش چه‌ندین ساڵ به نیازه به‌یه‌كجاری ژنه‌كه‌ی به‌جێبهێڵێت. ده‌ڵێت: سه‌ره‌ڕای هه‌موو شتێك، سبه‌ینێ بیر له‌و شته ده‌كه‌مه‌وه، سبه‌ینێ رۆژێكی تره.
رۆمانه‌كه له‌سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما
دوای سه‌ركه‌وتنی رۆمانه‌كه و به‌ده‌ستهێنانی ناووناوبانگێكی زۆر و پێشوازی گه‌رمی خوێنه‌ران (د‌یڤید سیلزنیك)ی سه‌رۆكی كۆمپانیای فیلمه‌كانی (سیلزنیك)ی جیهانیی، بڕیاڕ ده‌دات مافی رۆمانه‌كه بكڕێته‌وه به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی فیلمێك له‌سه‌ر رۆمانه‌كه، له 26ی كانوونی دووه‌می (1939)دا ده‌ستكرا به‌وێنه‌گرتن و له 27ی حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵ وێنه‌گرتن كۆتایی هات و به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م فیلمه‌كه ئاماده‌كرا بۆ نمایشكردن. فیلمه‌كه‌ش هه‌مان پێشوازی گه‌رمی رۆمانه‌كه‌ی لێ كرا و ئه‌وه‌نده نه‌بێت خوێنه‌رانی رۆمانه‌كه هیواداربوون هیچ به‌شێكی رۆمانه‌كه له فیلمه‌كه نه‌پچڕا بێت و كتومت وه‌ك رۆمانه‌كه بێت. له‌هه‌ر ویلایه‌تێك نمایش ده‌كرا، خه‌ڵكی به په‌رۆشی و تامه‌زرۆییه‌وه روویان ده‌كرده هۆڵه‌كانی سینه‌ما به‌شێوه‌یه‌ك كاتێك له‌ویلایه‌تی جۆرجیا فیلمه‌كه نمایش كرا، حاكمی ئه‌و ویلایه‌ته رۆژی یه‌كه‌می نمایشه‌كه‌ی كرده پشوو. هه‌روه‌ها جیمی كارته‌ری (39) هه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌یاداشته‌كانیدا نووسیویه‌تی رۆژی نمایشی (له‌گه‌ڵ بادا رۆیشت) یه‌كێك بوو له رووداوه گرنگه‌كانی ژیانم له باشوور. به‌م شێوه‌یه چۆن رۆمانه‌كه‌بووه یه‌كێك له‌شاكاره ئه‌ده‌بییه‌كانی ساڵانی سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له ئه‌مریكا و جیهان و نووسه‌ره‌كه‌ی ناوبانگێكی وه‌های په‌یدا كرد كه كه‌مترین ژنه نووسه‌ری پێشخۆی ناوبانگی وایان په‌یدا كردبوو. كاتێك رۆمانه‌كه كرایه فیلمێكی سینه‌ماییش، هه‌مان ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو، بووه یه‌كێك له‌و فیلمانه‌ی زۆرترین داهاتی هه‌بووه له‌مێژووی سینه‌مادا.
له‌ساڵی 1988دا په‌یمانگه‌ی فیلمی ئه‌مریكی ئه‌و فیلمه‌ی له ریزبه‌ندی چواره‌می سه‌د فیلمی مه‌زنی سینه‌مای ئه‌مریكادا تۆماركرد و بۆ تۆماری فیلمه نیشتمانییه‌كان له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هه‌ڵیبژارد. له‌ساڵی 2005یشدا هه‌مان په‌یمانگه راپرسییه‌كی كرد سه‌باره‌ت به‌ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ناو فیلمه‌كه زۆر له یاده‌وه‌ری خه‌ڵكدا مابێته‌وه، ده‌سته‌واژه‌یه‌كی (رێت باتله‌ر) زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا له‌ماڵئاوایی سكارلێت ئۆهارا ده‌ڵێت: له راستیدا ئازیزم، من هیچ گوێی پێناده‌م، هه‌رگیز. هه‌ر له‌ساڵی 2005دا مۆزیكی فیلمی (له‌گه‌ڵ بادا رۆیشت) وه‌ك مه‌زنترین مۆزیكی فیلم له‌مێژوودا ده‌ستنیشان كرا.
ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ی به‌خشراوه به‌نووسه‌ری رۆمانه‌كه و فیلمه‌كه چنیویه‌تییه‌وه
- خه‌ڵاتی پۆلیتزه‌ر بۆ نووسه‌ری رۆمانه‌كه 1937
له‌ساڵی 1940دا له چوارچێوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسیمی دابه‌شكردنی خه‌ڵاتی ئۆسكاردا، ئه‌م فیلمه له‌كۆی 13 خه‌ڵات هه‌شت خه‌ڵاتی ئه‌و خوله‌ی ئۆسكاری به‌ده‌ستهێنا له‌وانه‌ش
- خه‌ڵاتی باشترین فیلم
- خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی ژن
- باشترین پاڵه‌وانی لاوه‌كی ژن.
- باشترین ده‌رهێنه‌ری هونه‌ری
- باشترین وێنه‌گرتنی ره‌نگاوڕه‌نگی سینه‌مایی
- باشترین ده‌رهێنه‌ر
- باشترین مونتاژ
- باشترین سیناریۆ
- خه‌ڵاتی یادگاریی بۆ جێبه‌جێكردنی ره‌نگ له‌فیلمه‌كه‌دا
- خه‌ڵاتی ده‌رهێنانی ته‌كنیكی بۆ به‌كارهێنانی كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه ته‌كنیكییه‌كان
هه‌ندێك ڕاستی ده‌رباره‌ی رۆمانی (له‌گه‌ڵ بادا رۆیشت) و نووسه‌ره‌كه‌ی
- نووسه‌ری رۆمانه‌كه به‌شه‌كانی رۆمانه‌كه‌ی به‌شێوه‌ی زنجیره‌یی نه‌نووسیوه، به‌ڵكو له‌پێشدا به‌شی پێنجه‌می نووسیوه و دواتر هه‌شته‌م و به‌م شێوه‌یه له‌كۆتاییدا به‌پێی به‌دوایه‌كداهاتنی رووداوه‌كان ڕێكی خستوونه‌ته‌وه.
- زۆرجار نووسه‌ر به‌شێكی نووسیوه و 50 بۆ 70جار پاكنووسی كردووه‌ته‌وه.
- چاپی ئینگلیزی رۆمانه‌كه 1037 لاپه‌ره‌یه و ماوه‌ی فیلمه‌كه‌ش 3 سه‌عات و (42) خووله‌كه.
- رۆمانه‌كه وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر 42 زمانی جیهانی، به‌ڵام تا ئێستا نه‌كراوه‌ته كوردی و كتێبخانه‌ی كوردی له‌و شاكاره بێبه‌شه.
- له یه‌كه‌م ساڵی چاپكردنیدا قه‌باره‌ی فرۆشی رۆمانه‌كه له رۆژێكدا (50) هه‌زار دانه بووه.
- له یادی 25 ساڵه‌ی چاپكردنی رۆمانه‌كه‌دا و بۆ رێزلێنان له‌هه‌وڵی مارگرێت میچێل، حكومه‌تی ئه‌مریكا پولێكی یادگاری چاپ و بڵاو كرده‌وه كه وێنه‌یه‌كی ئه‌و نووسه‌ره‌ی له‌سه‌ر بوو.
مارگرێت میچێل له ساڵێ 1949 و له ته‌مه‌نی 49 ساڵیدا به‌هۆی رووداوێكی هاتوچۆوه گیانی له‌ده‌ستدا و له ویلایه‌تی ئه‌تڵانتای زیدی خۆی به‌خاك سپێردراوه، هه‌رچه‌نده رۆحی له‌گه‌ڵ بای چاره‌نووسدا رۆیشت، به‌ڵام تاقه رۆمانه‌كه‌ی كه دیاری ئه‌وه بۆ خوێنه‌رانی گه‌له‌كه‌ی و جیهان، ناووناوبانگی ئه‌وی له دنیای ئه‌ده‌بدا به نه‌مری و به‌رزیی هێشتووه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان:
1- ذهب مع الریح- مرغریت میتشل- روایه- ترجمة: رحاب عكاوی- دار الحرف العربی- بیروت- 2008.
2- پێگه‌ی: الباحثون السوریون.
3- پێگه‌ی: Kitabat