شەش ئەفسەری کورد، لە هێزی ئاسمانیی عیراقدا بوونە فڕۆکەوان

10:01 - 2025-07-16
ڕاپۆرت
76 جار خوێندراوەتەوە
شەش ئەفسەرە کوردەکەی خولی فڕۆکەوانی عیراق


راپۆرتی/ جێگر خدر
محەمەد عەبدولڕەحمان


شەش ئەفسەری کورد بەشدارییان لە خولی 80ـی فڕۆکەوانان لە هێزی ئاسمانیی عیراقدا کردووە، بە سەرکەوتوویی خولەکەیان تەواو کرد و پلەی ملازمی دووی فڕۆکەوانییان پێبەخشرا.

سەرجەم خوێندکارانی بەشداربووی خولی 80ـی فڕۆکەوانان لە هێزی ئاسمانیی عیراقدا، هەموو جۆرە مەشقێکی سەربازیی و بنەڕەتییان بینیوە لەسەر زانستی فڕۆکەوانی، هێزی ئاسمانیی و لێخوڕینی فڕۆکە

ملازم عەبدوڵڵا سەمەد یەکێک لەو ئەفسەرە کوردانەیە، خەڵکی قەزای چەمچەماڵە و دوو مامی ئەنفالکراون، پێشتر خوێندکاری قۆناغی سێیەمی یەکێک لە بەشە پزیشکییەکان بووە بە کۆنمرەی 96، بەڵام وازی لە زانکۆ هێناوە و لە خولی 80ـی فڕۆکەوانان لە هێزی ئاسمانیی عیراقدا بەشداریی کردووە و وتی: پێموابوو دەتوانم لێرەوە خزمەتی زیاتر بکەم، لەبەرئەوە بەشداریم کرد و سەرکەوتوو بووم.
رێژەی کورد لە هێزەکەدا
بەپێی یاسا دەبێت رێژەی لە %25ی هێزی ئاسمانیی عیراق کوردبن، بەڵام بەهۆی کەمیی بەشداریکردنی خوێندکاری کورد لە خولەکاندا، رێژەی کورد لەو ‌هێزەدا زۆر لەوە کەمترە کە بۆی دیاریکراوە.
گەرمیان کەمال گەنجێکی قەزای شارەزوورە و تەمەنی 25 ساڵە، دەرچووی بەشی ئەندازیارییە، بەشداریی لە خولی 80ـی هێزی ئاسمانیی عیراقدا کردووە و پلەی ملازمی فڕۆکەوانی پێبەخشراوە، بۆ کوردستانی نوێ وتی: پاش تەواوکردنی خوێندن و راهێنانی سەربازیی بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە زانستی سەربازیی و فڕۆکەوانیدا بە دەستهێنا.
وتیشی: تەنها خوێندکاری کورد بووم لە سنووری قەزای شارەزوور و پارێزگای هەڵەبجە بەشداری خولەکەم کرد و ئەو بڕوانامە باڵایەم بە دەستهێنا.
لە خولی 80ـی فڕۆکەوانان لە هێزی ئاسمانیی عیراقدا، 70 خوێندکار لە سەرتاسەریی عیراقدا بەشدارییان کردووە، کە شەش کەسیان کورد بوون توانییان بە سەرکەوتویی خولەکە تەواو بکەن و بڕوانامە لە بواری فڕۆکەوانیدا بە دەستبهێنن.
زانكۆ قارەمان خەڵکی مەخمورە، خوێندکارێکی دیکەی کوردە کە لە خولەکەدا بەشداربووە و پلەی ملازمی دووی فڕۆکەوانیی پێبەخشراوە.

ماوەی خوێندن لە خولەکەدا
هاوکات شازاد سەردار شێخ وەسانی یەکێکی دیکەیە لە دەرچووەکانی خولی 80ـی فڕۆکەوانان لە هێزی ئاسمانیی عیراق بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ بە تیۆری و پراکتیکی وانەمان خوێند، لە خولی هێزی ئاسمانیی عیراقدا شەش کورد بووین، هەریەکەمان لە ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانەوە بەشداریمان کردبوو، خۆشبەختانە هەر شەشمان سەرکەوتووانە خولەکەمان تەواو کرد.
وتیشی: شەش مانگی یەکەم لە ناسرییە خوێندمان و دوو ساڵی دواتریش لە پارێزگای کوت درێژەمان بە خوێندندا، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێویستیان بە پراکتیزەکردنی کارەکەیان دەبێت، ئەم ماوەیە مامۆستاکانیان بۆ فێرکاری زیاتر یاوەریان دەبن و پاش ماوەیەکی دیکە وەک فڕۆکەوان لە هێزی ئاسمانیی عیراقدا دەستبەکار دەبن.
شازاد سەردار دەڵێت: دڵخۆشم وەک نەوەیەکی دوای کیمیاباران و خەڵکی گوندی شێخ وەسانان، لە هێزی ئاسمانیی عیراقدا بڕوانامەم بە دەستهێناوە و دەبمە فڕۆکەوان تیایدا.
شازاد سەردار لەپای سەرکەوتنەکەی، لەلایەن بۆردی گەنجانی یەكێتی سەر بە مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال لە شاری رانیە بە ئامادەبوونی جەزای سەید مەجید سەرپەرشتیاری مەڵبەندی 24ی راپەڕین و گەنجان و لاوانی سنوورەكە خەڵات و قەڵغانی  پێبەخشرا.
هونەر عەدنان لێپرسراوی بۆردی گەنجانی راپەڕین بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئامانج لە مەراسیمەکە رێزگرتن بوو لە شازاد سەردار كە وەك گەنجێكی دوای كیمیابارانی شێخ وەسان و بالیسان، سەركەوتووانە خولی ئەفسەریی هێزی ئاسمانیی عیراقی تەواو كردووە و بڕوانامەی فڕۆكەوانیی لە هێزی ئاسمانیی عیراقدا بە دەستهێناوە، ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە نەیارانمان چەند هەوڵی لەناوبردنمان بدەن هێشتا نەوەكانمان بە ئیرادەی كوردانەوە بۆ خزمەتی گەل بەردەوام دەبن.

مەرجەکانی بەشداریکردن
هێزی ئاسمانیی عیراق، لە ساڵی 1927 دا وەفدێکی خۆی نارد بۆ بەریتانیا بۆ خولی فڕۆكەوانی، لە ساڵی 1931 گەڕانەوە و ئیتر ئەو رۆژە بوو بە رۆژی دامەزراندنی هێزی ئاسمانیی عیراق.
بەشداریکردن لە خولی فڕۆکەوانان لە هێزی ئاسمانیی عیراقدا، چەند مەرجێکی هەیە و پێویستە کەسی پێشکەشکار دەرچووی پۆلی 12 بێت، زمانی عەرەبی بزانێت، تەمەنی لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵدا بێت، باوك ‌و دایكی عیراقی بن و لە پشکنینی پزیشکی دەربچێت.
فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عیراق یەکێکە لە هێزە بنەڕەتییەکان لەناو وەزارەتی بەرگریی عیراقدا.
عەقید روکن موهەنەد ئەلئەسەدی فەرماندە لە هێزی بەرگریی ئاسمانیی عیراق رایگەیاند: خولەکە ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ بەردەوام بووە و بە پێنج کۆرس سەرجەم زانیارییەکان دراوە بە خوێندکارانی بەشداربوو.
 وتیشی: سەرجەم خوێندکارانی بەشدار لە خولەکەدا هەموو جۆرە مەشقێکی سەربازیی و بنەڕەتییان بینیوە و وانەکانی زانستی فڕۆکەوانی، هێزی ئاسمانیی و لێخوڕینی فڕۆکەیان پێ وتراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم دەرچووانە ئامادەن بۆ لێخوڕینی فڕۆکە نوێیەکان لە عیراقدا بە ئاستێکی بەرز.

 

دەرچووانی خولی 80ـی فڕۆکەوانان لە هێزی ئاسمانی عیراقدا

بابەتە پەیوەندیدارەکان