راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
نرخ و چۆنیەتی بەکارهێنانی کارەبای نیشتمانی لە پرۆژەی رووناکیدا بووەتە باسێکی گەرمی دانیشتنە خێزانییەکان، بە تایبەت لەو ماڵانەی پرۆژەکە تیایاندا کەوتووەتەکار، بە ئامانجی ئەوەی لە کۆتایی مانگدا کەمترین بڕە پارەی کارەبا بدەن، هاووڵاتییان ناچارن خۆیان لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنن.
حکومەتی هەرێم دەڵێت: رووناکی پرۆژەیەکی نیشتمانیی حکومییە وەزارەتی کارەبا خاوەنداریەتی دەکات و لە رێیەوە تا کۆتایی ساڵی 2026، کارەبای 24 سەعاتیی بۆ سەرجەم هاووڵاتییان دابین دەکرێت.
لەناو پێشانگەیەکی فرۆشتنی ئامێرە کارەباییەکانین لە سلێمانی، جۆرەها ئامێری تێدایە لە مارکەی جیاواز، تاژان و هاوسەرەکەی بۆ کڕینی جلشۆرێکی کارەبایی لەوێ بوون، لەگەڵ پرسیار لە جۆر و کوالێتی و گرەنتی ئامێرەکە، کارکردن بە کەمترین بڕە کارەبا یەکێک بوو لە پرسیارەکانیان، تاژان بۆ کوردستانی نوێ وتی: ماڵمان لە گەڕەکی راپەڕینە و هێشتا پرۆژەی رووناکیمان پێ نەگەیشتووە، بەڵام ئەوەندە باسی گرانیی نرخەکەی دەکرێت دەمانەوێت لە ئێستاوە ئامادەکاری بکەین، بۆئەوەی ئامێرێک بکڕین بە کەمترین بڕە کارەبا کاربکات.
وتیشی: جلشۆر ئامێرێکە زۆر بەکاردێت، لەبەرئەوە پێمان باش بوو بە لەبەرچاوگرتنی دۆخەکە ئەو جۆرە بکڕین کە بۆ ئیشپێکردن کارەبای کەمی پێویستە، هەرچەندە نرخی گرانترە لە جۆرەکانی دیکە، بەڵام یەک جار گران بیکڕین باشترە لەوەی هەموو مانگێک بڕە پارەیەکی زۆر بدەین بە کارەبا.
تایبەتمەندیی ئامێرە کارەباییەکان
لە دوای جێبەجێکردنی پرۆژەی رووناکی، کارکردن بە کەمترین بڕە کارەبا بووەتە یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئامێرە کارەباییەکان، لەبەرئەوە رۆژانە لە ریکلامەکاندا گوێبیستی دەبین.
پرۆژەی رووناکی ئێستا بە کرداریی لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و لەم هەفتەیەشدا لە هەڵەبجە کارکردن لە پرۆژەکەدا دەستپێدەکات.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆژەی رووناکیدا کارەبای 24 سەعاتی گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی، کە دەکاتە 544 هەزار هاوبەش و نزیکەی 30 %ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
ئەو ئامێرە کارەباییانەی دەهێنرێنە هەرێم، لەبەرئەوەی بە کوالێتی کۆنترۆڵدا تێناپەڕێنرێن، زۆرینەیان کوالێتییان خراپە و مەرجی کارکردن بە کەمترین بڕە کارەبایان تێدا نییە
ئاماژەی بەوەشکردووە: زیاتر لە دوو هەزار و 100 موەلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکاندا کوژێنراونەتەوە و تا کۆتایی ساڵی 2026یش، حکومەت لە پلانیدایە زیاتر لە 7000 موەلیدە بکوژێنێتەوە.
لەناو بازاڕ و پێشانگەکانی فرۆشتنی ئامێرە کارەباییەکاندا، کەمترین ژمارەی ئەو ئامێرە کارەباییانە هەن کە لەکاتی هێنانیاندا رەچاوی بڕی بەکارهێنانی کارەبا کراوە.
دانا نەوزاد کە یەکێکە لە کارمەندانی پێشانگەیەکی فرۆشتنی ئامێرە کارەباییەکان بۆ کوردستانی نوێ وتی: بەشێکی کەم لە ئامێرە کارەباییەکانی لە بازاڕدا هەن تایبەتمەندیی ئینڤێتەریان هەیە، واتا لەو جۆرەن کە بە بڕە کارەبایەکی کەم کاردەکەن و نرخیشیان گرانترە لە ئامێرەکانی دیکە.
وتیشی: پێشتر هاووڵاتییان بەبێ گوێدانە ئەوەی هەر ئامێرێک چەند کارەبای پێویستە، زیاتر بەپێی ئەو بڕە پارەیەی پێیانبوو ئامێریان دەکڕی، بەڵام ئێستا بەشێک لە هاووڵاتییان لەکاتی کڕیندا دەپرسن چەند کارەبای پێویستە و لەلایان بووەتە تایبەتمەندی.
چۆنێتی کارپێکردنی ئامێرەکان
هاووڵاتی بۆ ئەوەی کەمترین بڕە پارە بدات پێویستە خۆی لەگەڵ پرۆژەکەدا بگونجێنێت بە شێوەیەک بەپێی پێویست کارەبا بەکاربهێنێت، گڵۆپ و ئامێرە کارەباییەکانی ماڵەکەی بکاتە ئەو جۆرەی کە بە کەمترین بڕە کارەبا کار دەکەن.
بۆتان عەلی ئەندازیاری بواری کارەبا بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو ئامێرە کارەباییانەی دەهێنرێنە هەرێم، لەبەرئەوەی بە کوالێتی کۆنترۆڵدا تێناپەڕێنرێن، زۆرینەیان کوالێتییان خراپە و مەرجی کارکردن بە کەمترین بڕە کارەبایان تێدا نییە.
وتیشی: هاووڵاتی بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پرۆژەی رووناکیدا کەمترین بڕە پارە بداتە کارەبا، پێویستە هەموو ئامێرەکانی ماڵەکەی لە یەک کاتدا ئیش پێ نەکات و هەرکات پێویستی پێیان نەما یەکسەر بیانکوژێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: پێویستە هاووڵاتی چەند دەتوانێت ئامێری بەکوالێتی و ئەو جۆرانە بکڕێت کە ئینڤێتەرن، جۆری گڵۆپەکانی ماڵەکەی بگۆڕێت بۆ لید، هیتەری بۆیلەرەکەی دەربهێنێت و لە کلس پاکی بکاتەوە، پاشان زوو زوو فلتەری سبلیتەکانی پاک بکاتەوە، لە وەرزی زستاندا لە جیاتی هیتەری کارەبایی گەرمکەرەوەی غاز بەکاربهێنێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگی پێشووتر رایگەیاند، هاووڵاتییان بەراورد بەو پارەیەی دەیاندا بە هەردوو کارەبای نیشتمانی و کارەبای مۆلیدە گازوایلەکان، کەمترین پارەی کارەبایان دابوو لە پسووڵەکانی مانگی پێنج. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نرخە نوێیەکان کەوا بۆ پاراستنی خێزانە کەمدەرامەتەکان و هاندانی هاووڵاتییانە بۆ بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی کارەبا.
سیروان محەمەد وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: تیمەکانی پرۆژەی رووناکی لە سەرجەم شارەکاندا رۆژانە لە کارکردن بەردەوامن و بەپێی ئەو پلانەی دانراوە هەر گەڕەکێک کارەکانی تەواو بوو دەخرێتە ناو پرۆژەکەوە.
پاش ماوەیەک لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە حکومەت نرخی بە تەواوی دیاریکرد و بڕی هەر کیلۆواتێك کارەبای بەم شێوەیە بۆ ماڵان و شوێنە بازرگانییەکان دیاریکرد:
نرخی کارەبا لە پرۆژەی رووناکیدا
نرخەکانی کارەبای ماڵان لە چوارچێوەی پرۆژەی رووناکیدا دابەشکراوە بەسەر پێنج ئاستدا، کە نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبا بۆ سەعاتێک لە 72 دینارەوە دەستپێ دەکات و لە 1600 کیلۆواتدا نرخ بۆ هەر سەعاتێک کارەبا دەبێتە 350 دینار.
ئەوە لە کاتێکدایە نرخی هەر سەعاتیك کارەبا بۆ پرۆژە بازرگانییەکان جیاوازترە و بەم جۆرەیە:
*بازرگانی: 185 دینار بۆ هەر کیلۆوات/ سەعاتێک.
*کشتوکاڵیی: 60 دینار بۆ هەر کیلۆوات/ سەعاتێک.
*پیشەسازیی: 160 دینار بۆ هەر کیلۆوات/ سەعاتێک.
*پیشەسازیی گەورە: 125 دینار بۆ هەر کیلۆوات/ سەعاتێک.
*میریی: 160 دینار بۆ هەر کیلۆوات/ سەعاتێک.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی رووناکی راگەیاند، بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 سەعاتی بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لە رۆژی 14ـی ئایاریش ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پرۆژەکەی دەرکرد و پاشان دەستکرا بە جێبەجێ کردنی.