راپۆڕتی: ئارۆ سامان
گۆڕی سه‌ربازانی پۆڵه‌ندا له شاری خانه‌قین، زیانی به‌ركه‌وتووه و حكومه‌تی عیراق نه‌یتوانیوه گرنگیی به پاراستنیان بدات، به‌پێچه‌وانه‌وه پێشتر به‌هۆی ره‌فتاری گروپه تیرۆریستییه‌كانه‌وه به‌شێكیان له‌ناوچووبوون.
جه‌نگی جیهانی دووه‌م
ئه‌م گۆڕستانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جه‌نگی جیهانی دووه‌م، ئەو کاتەی هه‌زاران خێزانی پۆڵه‌ندی كۆچیان بۆ وڵاتانی ئاسیا و له نێویاندا عیراق کرد. گۆڕستانه‌كه له ساڵی 1942 له سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا دروستكراوه و 438 گۆڕی تێدایه.
گۆڕستانه‌كه 5 كم له ناوه‌ندی قه‌زای خانه‌قین له پارێزگای دیاله دووره. هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عیراق و شوێنه‌وارناسانی پۆڵه‌ندی بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی گۆڕستانه‌كه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون. ئه‌و گێژاو و ناسه‌قامگیرییه‌ی عیراق پێیدا تێپه‌ڕیوه، بووه‌ته هۆی كه‌مته‌رخه‌می له نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه‌دا.
(ئاده‌م وارسزاڤسكی) رۆژنامه‌نووس و گه‌ریده، له ساڵی 2017 سه‌ردانی گۆڕستانه‌كه‌ی كردووه و توێژینه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر گۆڕستانه‌كه ئه‌نجامداوه به ئامانجی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی. پۆلۆنییه‌كان له ساڵی 1942 گه‌یشتوونه‌ته خانه‌قین، به‌شێكیان سه‌رباز بوون، ئه‌وانی دیكه‌ش مه‌ده‌نی بوون، به وته‌ی مێژوونووسێكی خانه‌قین. له‌و كاته‌دا ناوچه‌كه له ژێر كۆنتڕۆڵی ئینگلیزه‌كاندا بوو.
به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه گیانیان لەده‌ستداوه
(ئیبراهیم محه‌مه‌د)، ته‌مه‌ن 65 ساڵ، مێژوونووس و شوێنه‌وارناسه و ده‌ڵێت: (زۆربه‌یان به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، ئه‌و كاته ئینگلیزه‌كان ئه‌و ناوچه‌یه‌یان بۆ گۆڕه‌كانیان ته‌رخانكردووه). گۆڕستانه‌كه نزیكه له رووباری ئه‌ڵوه‌ن. ناوی خه‌ڵك و زانیاری له‌سه‌ر ژیانی ئه‌وان و سروودی پۆڵه‌ندی له‌سه‌ر به‌ردی سه‌ری گۆڕه‌كان دانراوه.
له‌چه‌ندین شوێنی‌تردا هه‌ن
هه‌روه‌ها گۆڕی پۆڵه‌ندی له كه‌ركوك، موسڵ، به‌غدا، به‌سره و حه‌بانیه هه‌یه، به‌ڵام (وارسزاڤسكی) دەڵێ:(خانه‌قین گه‌وره‌ترین و سه‌ره‌كیترین گۆڕستانی پۆڵه‌ندی هه‌یە). هەروەها دەڵێ: (گۆڕستانێكی دیكه‌ی پۆڵه‌ندی له به‌غدا هه‌بووه و له كاتی شه‌ڕی ئێران و عیراقدا وێران بووه).
یه‌كگرتنی خه‌ڵكی پۆڵه‌ندا
پۆڵەندییەکانی خانەقین له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خانه‌قین له كڵێساكان نوێژیان ده‌كرد و په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا هه‌بووە. ئه‌وان كەلتور و هونه‌ر و شارستانییەتی خۆیان دەپاراست، ته‌نانه‌ت قوتابخانه‌یه‌كی هونه‌ری پۆڵه‌ندییان له قه‌زاكه‌دا هه‌بووە. هه‌رچه‌نده تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵگە بوون، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌به‌رده‌ستدا نییه كه بیسه‌لمێنێت هاوسه‌رگیریان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌دا كردبێت.
به‌شێك له گۆڕستانه‌كه وێران بووه
(ئیبراهیم محه‌مه‌د) دەڵێت: (گروپه توندڕه‌وه‌كان له دوای رووخانی رژێمی پێشوو له ساڵی 2003ه‌وه به‌شێك له گۆڕه‌كان و کێلەکانیان تێكداوه). ساڵی 2013 كونسوڵخانه‌ی پۆڵه‌ندا و (ئارام محه‌مه‌د) وه‌زیری پێشووی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه و تاوتوێی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی گۆڕستانه‌كه‌یان كرد.
(وارسزاڤسكی) رایگه‌یاندووه: (به‌شێكی گۆڕستانەکە نۆژه‌ن كراوه‌ته‌وه، له‌وانه‌ش نووسینی ناو و زانیاری له‌سه‌ر گۆڕه‌كان).
پێگه‌ی ره‌سمی (Commonwealth war graves commission) كۆمیسیۆنی گۆڕه‌كانی جه‌نگی (كۆمۆنوێڵس) نووسیوێتی: (له سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا خانه‌قین هیچ شه‌ڕێكی نه‌بینی، به‌ڵام له مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 1941 بوو به بنكه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو بۆ هێزه‌كانی (كۆمۆنوێڵس) و نه‌خۆشخانه‌یه‌كی مه‌یدانی له‌وێ دامه‌زرا. گۆڕستانه‌كه له ساڵی 1942 بۆ ناشتنی ئه‌و سه‌ربازانه ده‌ستیپێكردووه كه به‌هۆی نه‌خۆشی یان به رێكه‌وت له‌كاتی خزمه‌تكردندا مردوون.
چه‌ند ساڵێك له خانه‌قین مانه‌وه
ژماره‌یه‌كی زۆر له سه‌ربازه پۆڵه‌ندییه‌كان كه له روسیا دیلی جه‌نگ بوون، رێپێوانێكی زۆر درێژ و سه‌ختیان ئه‌نجامدا بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به هێزه‌كانی (كۆمۆنوێڵس)ه‌وه بكه‌ن له عیراق، تا ئه‌یلولی 1942 گه‌یشتنه خانه‌قین، له‌گه‌ڵ فیرقه‌ی 3ی كارپاتیان كه پێشتر له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوون، سوپای پۆڵه‌ندایان له رۆژهه‌ڵات پێكهێنا، بۆ ماوه‌یه‌ك له ناوچه‌ی خانه‌قین مانه‌وه بۆ رێكخستن و مه‌شق و كۆكردنه‌وه‌ی ئامێره‌كان. به‌هۆی ئه‌و سه‌ختییه‌ی كه به‌رگه‌یان گرتبوو، ژماره‌یه‌ك له سه‌ربازه پۆڵه‌ندییه‌كان گیانیان له‌ده‌ستدا و له گۆڕستانه‌كه‌دا به خاك سپێردران.