فیلمێکی کوردی لە 96 سینەمای نەرویج نمایش دەکرێت

11:07 - 2025-07-16
هەمەرەنگ
37 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەند و میدیاكار هەمزە ئاگۆشی، بە رەچەڵەك خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و ئێستا لە وڵاتی نەرویج نیشتەجێیە، بۆ باشترین ئەكتەری ساڵ و وەرگرتنی  خەڵاتی سینەمایی ئەو وڵاتە كاندید كراوە. 
هەمزە لە لێدوانێكی تایبەتدا بە دوالاپەڕەی وت: جگە لە كاری نووسین و رۆژنامەوانی، بەشدارییم لە چەندین فیلم و زنجیرە درامای نەرویجیدا كردووە و نوێترین فیلمی سینماییش كە رۆڵم تێدا گێڕاوە، فیلمێكی درێژی كوردی- نەرویجییە بە ناوی (onkel Jens) واتە «مام یۆنس» لە دەرهێنانی هونەرمەند (بڕوا وەهاب پوور) و بەرهەمهێنانی (رنێ هانسن).
فیلمی سینەمایی مام یونس، فیلمێكی كوردی – نەرویجییە، كۆمەڵێك ئەكتەری كورد و نەرویجی رۆڵی تێدا دەگێڕن و بۆ ماوەی یەك مانگ لە 96 سینەمای نەرویج لەسەر شاشە نمایشکراوە. ئەو فیلمە تا ئێستا بەشداریی لە  فێستیڤاڵەكانی  فیلمی نێودەوڵەتیی (تێكساس)ی ئەمریكا، (ریویرا)ی ئیتالیا، (كۆسمۆرامای ترۆندهایم)، (لەندن)ی بەریتانیا و (مۆنشن)ی ئەڵمانیا كردووە.
خەڵاتی «ئاماندا» گەورەترین خەڵاتی سینەماییە لە نەرویج و ساڵانە پێشكەش بە باشترین فیلم و دەرهێنەر، كامێرامان، پڕۆدسیۆر و دیزاینەر و ئەكتەر و سیناریۆ و بەشەكانی دیكەی سینەما دەكرێت. خەڵاتەكەش پەیكەری ژنێكە كە هێمایەكە بۆ بەرزیی هونەری نەرویج.
وتیشی: فیلمی سینەمایی (مام یونس) كۆمەڵێك پرسی تایبەت بە كورد و پەنابەریی و جیاوازییە كەلتورییەكان دەورووژێنێ، لەگەڵ هونەرمەند پەیمان عەزیزپووردا، رۆڵی مام و برازایەك دەگێڕن كە ساڵانێكی زۆر بەهۆی هۆكاری سیاسییەوە لێك دوور كەوتوونەتەوە و لە نەرویج بەیەك شاد دەبنەوە و بە زمانی كۆمیدیا و درامی باس لە كۆمەڵێك بابەتی گرنگ و هەستیار دەكەن و شتە نەوتراوەكان دەدركێنن و هەڵوەستەیان لەسەر دەكەن. تا ئێستا پێشوازییەكی باش لەو فیلمە كوردییە - نەرویجییە كراوە و مام یونس لە ئاستی ناوخۆیی نەرویج و وڵاتی تر دەنگدانەوەیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. بڕیاریشە رۆژی 22ی مانگی ئابی 2025، لە سینەماكانی سویدیش نمایش بكرێت.
هەمزە ئاگوشی بەهۆی رۆڵی لەو فیلمەدا بۆ گەورەترین خەڵاتی سینەمایی نەرویج كاندید كراوە، ساڵانە لە رۆژی 16/8 بە ئامادەبوونی كۆمەڵێك لە كەسایەتییە هونەریی و سیاسییەكان رێوڕەسمێك لە شاری (هاوگسوند)ی نەرویج ساز دەكرێت بۆ ئەوەی خەڵایت براوەكان رابگەیەنرێت، بۆ ئەمساڵ لەسەرتاسەری نەرویج سێ ئەكتەر كاندید كراوە كە یەكێكیان هەمزەیە. 
خەڵاتی «ئاماندا» گەورەترین خەڵاتی سینەماییە لە نەرویج كە لە ساڵی 1985وە ساڵانە دەبەخشرێتە ئەو هونەرمەندانەی كە لە بواری بەرهەمهێنانی فیلمدا كاریان كردووە و پاڵێوراون بۆ وەرگرتنی خەڵات لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە نەرویج، هەمزە ئاگوشی جگە لە كاندیدكردنی بۆ خەڵاتی سینەمایی (ئاماندا)، تا ئێستا دوو جاریش بۆ خەڵاتی (چوارچێوەی زێڕین) كە ئەویش گەورەترین خەڵاتی (دراما و تەلەفزیۆن)ە، كاندید كراوە و یەكێكە لە ئەكتەر ناسراوەكانی وڵاتی نەرویج.
جەواد حەیدەری 

بابەتە پەیوەندیدارەکان