کاتێ راهێنەران یەخەی یەک دەگرن

10:07 - 2022-08-20
وەرزش
557 جار خوێندراوەتەوە

ئیسماعیل مەحمود

جیهانی تۆپی پێی و سەیر و سەمەرەكانی ئەم وەرزشە جیهانییە گۆڵكرن و بردنەوە و دۆڕاندن لەخۆ دەگرێت، خرۆشانی هاندەران و ئاهەنگی خۆشی و خەمباریی دۆڕاندنەكانیش لە خۆدەگرێت، لەگەڵ ئەوانەشدا ركابەری توندی نێوان راهێنەرەكان و ملاملانێیەكانیان و  هەڵچوون و توڕە بوون و تێكچوونی باری دەروونیان دیمەن و لایەنێكی تری ئەم وەرزشەیە.
سەرەتا
زۆرجار یاریزانەكان نا بەڵكو ئەوە راهێنەرەكانن دەبنە مایەی درووستكردنی كێشە و شەڕو ئاژاوە لە یاریگاكاندا، ئەمان دەبنەهۆكاری ئەوەی یاریزانەكانیان باری دەروونیان تێكبچێت و یارییەكە جوانییەكانی لە دەستبدات و ركابەری و ململانێیەكانی راهێنەران بگاتە ئاستی پەلاماردانی یەكتر.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بەسەر كردنەوەی ئەم جۆرە روداوانە لە یاریگاكاندا، ئەوا زۆربەی یاریگاكانی جیهان رووداوی لەم جۆرە تیایاندا روویداوە، چەندین راهێنەری جیهانیش بەم شێوازە توڕەییەیان ناسراون، رەنگە جۆزییە مۆرینهۆ -ی پورتوگالی و راهێنەری ئێستای یانەی رۆمای ئیتاڵیا پێشەنگی راهێنەران بێت لەم رووەوە.
لە خولی ئینگلیزیدا رەفتاری نەشیاوی نێوان راهینەران رویانداوە، بەڵام نەگەیشتۆتە پلەی ئەم هەڵچوونەی ئەم دواییەی نیوان كۆنتی و تۆخێل، مۆرینهۆ  راهێنەری مان یونایتد و ئارسینگ ڤینگەر راهێنەری ئەرسناڵ  كە لەم خولەدا راهێنەر بوون، ساڵی 2014 هەمان ركابەرییان هەبوو، بە دوو راهێنەری ناتەبا دادەنران، ئەوساڵە ئەمانیش تووشی هەڵچونێكی لەم شێوەی بوون بەڵام نەگەیشتە رادەی ئەمەی نێوان تۆخێل و كۆنتی.
مۆرینهۆ داهێنەرە
مۆرنهۆ كە راهێنەری چێڵسی بوو لەگەڵ كۆنتیدا كە راهێنەری مان یونایتد بوو ساڵی 2017 بەریەككەوتنێ تریان هەبووە، كلوپ و مۆرینهۆش هەمان ساڵ كە كلوپ راهێنەری لیڤەرپوڵ و مۆرینهۆ راهێنەری مان یونایتد بووە تووشی هەمان روداو بوون، بەڵام هیچ كامێكیان وێنەی ئەمەی تۆخێل و كۆنتی نەبوون.
شەوی یەكشەممەی رابردوو لە ئینگلتەرا تۆماس تۆخێلی ئەڵمانی راهێنەری یانەی چێڵسی و ئەنتۆنێۆ كۆنتی ئیتاڵی راهێنەری یانەی تۆتنهام لە دێربی لەندەن (چێڵسی 2×2 تۆتنهام) پاش تەواو بوونی یارییەكە بووبەشەڕیان  و یاریزانەكانی هەردوو یانە لەیەكتریان جیا كردنەوە.
لەكاتی بەڕێوەچوونی یارییەكەشدا كاتێك سپێرز گۆڵی یەكسانبوونی 1-1 دەكەنەوە، دەمەقاڵیان دەبێت، ئەوە ئاهەنگ گێڕانی خۆشی گۆڵكردنەكانیش خۆیان بۆخۆیان جۆرێكی زۆر خراپ بوو لە شەڕی دەرونی نێوانیان.
جوانییەکەیان شێواند
ئەو یارییەی چێڵسی و تۆتنهام یەكێك بوو لە جوانترین یارییەكانی پریمەر لیگ، بەڵام هەڵچوون و تێكچوونی باریی دەروونی تۆخێل و كۆنتی جوانییەكانی شێواند، كاتێك چێڵس گۆڵی دووەم دەكەن و 2-1 پێشدەكەون، تۆخێل شێتانە ئاهەنگی خۆشی دەگێڕێت و بەڕاكردنێكی خێرای پڕ هستریا و هات و هاوارێكی زۆرەوە بەبەردەمی كۆنتیدا دەڕوات، ئەوە باسی هەڵچوون و هات و هاواری كۆنتی ناكرێت كاتێك لە دواساتەكانی یارییەكەدا گۆڵی یەكسان بوونی 2-2 دەكەنەوەو هاری كین بەسەرێكی جوان گۆڵەكە دەكات.
کارتی سوور بۆ هەردووکیان
چەند ساتێكی كەم نابات ناوبژیوانی یارییەكە ئەنتۆنی تایلۆر فیكەی كۆتایی یارییكە لێدەدات، نەریت وایە داوی فیكەی كۆتایی دەبێت راهێنەرەكان هەموو تووڕە بوون و هەڵچوونەكانیان بخنە لاوەوە دەبێت تەوقە لەگەڵ یەكتری بكەن و یەكتر لە ئامێز بگرن، بەڵام ئەمان نەك ئەویان نەكرد، بەڵكو لەكاتی تەوقەكردندا پەلاماری یەكتریاندا و بەزۆر لەلایەن ستافی راهێنەران و یاریزانانی هەردوو لاوە لەیەكتر جیاكرانەوە.
هەرئەوەش نا لەكۆنگرەی رۆژنامەوانی پاش تەواو بوونی یارییەكشدا، هەردوویكان هێرشیان بۆسەر یەكتر دەستپێكرد، تۆخێل تەنانەت هێرشیشی كردە سەر ناوبژیوانی یاریەیكە و ئەوی بەوە تاوانبار كرد كە رۆڵی لە یەکسان بوونی یاریەیكەدا هەبووە.
ئەم دیمەنە نەشیاوو ناوازەیەی لەم یارییەدا رویدا رەنگە بێوێنە ترین رووداو بێت، ناوبژیوانی یارییەكەش لەكاتی كێشەو هەراكەدا كارتی سوری بەڕوی هەردووكیاندا بەرز كردەوە، ئەمە رەنگە یەكەمین رووداوی لەو شێوەیە بێت دوو راهێنەر دوای یاریی بە كارتی سوور سزا بدرێن.
لیژنەی لێکۆڵینەویان بۆ درووست کردووە
ئێستا ئەم مەسەلەیە كۆتایینەهاتووە، یەكێتیی تۆپی پێی ئینگلیزی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ رووداوەكە و رەفتاری ئەو دوو راهێنەر درووستكردووە، لێكۆڵینەوەی لێدەكرێت، چونكە ئەم رووداوە راستە دەشێت رووبدات، بەڵام بەم جۆرە نا و بەشێوە تووڕە بوون و هەڵچونە نا، ئەمەش خۆی بۆخۆی رەنگدانەوەی خراپی لەسەر خولەكە بەگشتی دەبێت و جوانی خولەكە دەشێوێنێت.
رۆژنامەكانی ئینگلتەراش لەم رووداوە نەشیاوە بێدەنگ نەبوون، بەتوندی بەگژ هەردوو راهێنەردا چوونەتەوە، رەفتارەكەیانی بە نەشیاو وەسف كردووە، چاوەڕوانی ئەوە دەكەن یەكێتیی تۆپی پێی ئینگلیزی بێدەنگ نەبێت و سزای شیاویان بدات و رەنگە بڕیاری یەكێتیی تۆپی پێی ئینگلیزیش بۆ ئەم رووداوە قورس بێت.  

بابەتە پەیوەندیدارەکان