چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵی گۆشەگیر بکەین

12:32 - 2022-08-21
ژینگە
1226 جار خوێندراوەتەوە
#حەزکردن بە تەنهایی دیارترین نیشانەی گۆشەگیرییە

هاوژین عەبدولواحید

زۆرێک لە دایکان و باوکان بەدەست کۆمەڵێک گرفتی منداڵەکانیانەوە دەناڵێنن، ئەو گرفتانەش هەندێکجار بەهۆی نادروستی پەروەردەوە دروست دەبێت. بۆیە پێویستە دایک و باوک ئاگاداربن و هەوڵی تەواو بدەن بۆ چارەسەرکردنیان. گۆشەگیریی منداڵیش یەکێکە لە گرفتە باوەکان کە ئێستا زۆرێک لە منداڵان رووبەڕوی بوونەتەوە و کۆمەڵێک نیشانەی هەیە:

حەزکردن بە تەنهایی و ناچالاکی. هەبوونی سیمایەکی غەمگین. گریان بە کەمترین پاساو و نەبوونی خۆڕاگری. نیگەرانیی و ترس و تۆقین لە کۆمەڵگە. کەم دوان لەگەڵ ئەوانی دیکە. خەفەتباری و روو گرژی. جیابوونەوە لەوانیتر لەناکاو. هەستکردن بە شکست و تێکەڵ نەبوون لەگەڵ کەسانی هاوتەمەنی خۆیدا.
هۆکارەکانی گۆشەگیری
ترس لە شتێک. نەبوونی پەروەردەیەکی راست و پتەو. مردنی کەسێکی نزیکی منداڵ، هەستکردنی منداڵ بەوەی کە دایک و باوکی گرنگی پێنادەن و خۆشیان ناوێت. گاڵتە و قەشمەری پێکردن. کەموکوڕی جەستەیی. تەمبەڵی. هەبوونی کێشەی خێزانی. زیادەڕەویی لە سزادانی منداڵ و بە کەم سەیرکردنی. هاوارکردن بەسەریدا.
ڤان، منداڵێکی چوار ساڵە بەپێی قسەی دایک و باوکی  منداڵێکی زۆر تێکەڵ بوو لەگەڵ کەسانی تر و کۆمەڵ، بەڵام لەپڕ هەڵسوکەوتی گۆڕا بوو بە منداڵێک کە هیچ حەزی بەتێکەڵ بوون نەما و نەدەچوو بۆ هیچ شوێنێک لەکاتێکدا پێشووتر بە گریان  لە ماڵی باپیری دەهاتەوە، بەڵام ئەوەشی نەما.
دایکی دەڵێت: زۆر بەم دۆخەی کچەکەم بێتاقەت بووم، زۆریش گەڕام لەبارەی هۆکارەکەی، بەڵام بەهیچ نەگەیشتم و نەمزانی بۆ وای لێهات،  بەڵام هەر کە هەستم بەو گۆڕانکارییە کرد راستەوخۆ هەڵسوکەوتم گۆڕی لەگەڵی بە نەرمی و لەسەرخۆیی مامەڵەم دەکرد گوێم لێ دەگرت و هەست و سۆزی تایبەتم بۆ دەربڕی تاوەکو هەست بە ئارامی زیاتر بکات بەو هیوایەی کە دۆخەکەی ئاسایی ببێتەوە،  ئێستا هەست بەوە دەکەم کە ئەگەری ئەوەی هەیە لە ترسێکی زۆر گەورەوە روبەڕوی ئەم دۆخە بووبێتەوە، بۆیه سوپاس بۆخوا ڤان ئێستا وردە وردە باشتردەبێت و خەریکە تێکەڵ دەبێتەوە لەگەڵ کەسانی تر.
چارەسەری گۆشەگیری
1-
دەربڕینی سۆز و خۆشەویستی بۆی و پاڵپشتی کردنی.
2-  هەوڵدان بۆ تێکەڵکردنەوەی لەگەڵ خەڵک جا بەهەر رێگایەک بێت بردنی بێت بۆ گەشت یان شاری یاری.
3-  تێگەیشتن لێی و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆی.
4-  بەرپرسیارێتی پێ ببەخشە، بەڵام لە سنووری تواناکانیدا.
5- رێگە مەدە منداڵەکەت گوێی له شەڕ و گرژی خێزان بێت.
6-  بە هاتنە دونیای منداڵی تازە منداڵەکانی ترت پشتگوێ مەخە.
7- هاندانی بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ کەسانی تر.
8-مامەڵەیەکی نەرم و نیان و دۆستانە بکە لەگەڵیدا.
9-  ئەگەر پێویستی کرد ببیە بۆ لای  پزیشکی دەروونی.
10- هۆشیاری دایک و باوک لەبارەی دۆخەکەوە.
11-  فێرکردنی خۆشەویستی و دەرکردنی هەستی رق و تۆڵە لە دڵیدا.


بابەتە پەیوەندیدارەکان