بۆچی گه‌نمی ئۆكرانیا ناچێت بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی قه‌یرانی خۆراكیان هه‌یه‌؟

09:55 - 2022-08-22
ئابووری
874 جار خوێندراوەتەوە

ئۆكرانیا 20 ملیۆن تۆن دانه‌وێڵه‌ی پاری له‌ ئه‌مباره‌كاندا ماوه‌، بۆ ئه‌م ساڵیش 20 ملیۆن تۆن گه‌نم ده‌دوورێته‌وه‌. هه‌مووی دوو هه‌فته‌یه‌ك ده‌بێت كه‌ كه‌شتییه‌كی بارهه‌ڵگر به‌ 26 تۆن گه‌نمه‌شامییه‌وه‌ به‌نده‌ره‌كانی ئۆكرانیای جێهێشت به‌ مه‌به‌ستی هه‌نارده‌ كردنی بۆ وڵاتانی دیكه‌، ئه‌مه‌ش به‌ رێكه‌وتن بوو له‌گه‌ڵ روسیا، هه‌موو وڵاتان ئه‌م هه‌نگاوه‌یان پێ خۆش بوو، به‌و پێیه‌ی بڕێك له‌ باری قورسی قه‌یرانی خۆراكی جیهانی سووك ده‌كات و برسێتی له‌ وڵاته‌ هه‌ژاره‌كاندا ناهێڵێت.
به‌ڵام كێشه‌كه‌ لێره‌دایه‌، ئه‌و كه‌شتییه‌ پڕ له‌ دانه‌وێڵه‌و رۆنه‌ گیاییه‌، له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ره‌و وڵاته‌ هه‌ژاره‌كانی باشووری زه‌وی بڕوات، به‌ره‌و توركیاو بریتانیاو ئێرله‌نداو چین چوو، بۆچی؟

بەدەست ئەوان نییە
به‌رپرسێكی ئۆكرانی ئاگادار له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ وتی: هه‌موو ئەو كه‌شتیانه‌ی له‌ به‌نده‌ره‌كانی ئۆدێساو گۆرنۆمۆرسك له‌نگه‌ریان گرتووه‌و باریان پێیه‌، گه‌نمه‌شامییان بار كردووه‌و گه‌نمیان پێ نییه‌، سه‌باره‌ت به‌ ئاراسته‌ی هه‌ریه‌ك له‌و كه‌شتیانه‌ش ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی بازرگانییه‌و به‌ده‌ست ئێمه‌ نییه‌، چونكه‌ بازاڕی ئازاده‌، سه‌باره‌ت به‌ وڵاتانی باشووری زه‌ویش كه‌ دۆخی ئاسایشی خۆراك تیایاندا باش نییه‌، ئه‌وه‌یان نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ر كاتێك بیه‌وێت دانه‌وێڵه‌ له‌ ئۆكرانیا ده‌كڕێت و راسته‌وخۆ ده‌ینێرێت بۆ ئه‌و وڵاتانه‌.
یه‌فگینیا جابر راوێژكاری پێشووی ئۆكرانیا بۆ كاروباری توركیا له‌ زانكۆی كارلتۆن له‌ ئۆتاوا له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: كێشه‌یه‌كی ته‌كنیكی هه‌یه‌، كاتێك شه‌ڕی روسیاو ئۆكرانیا ده‌ستی پێ كرد نزیكه‌ی دوو هه‌زار كه‌شتیوان له‌و به‌نده‌رانه‌ بوون، ئێستا هه‌ر 450 كه‌سێكی لێ ماوه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ زۆربه‌ی ئه‌و كه‌شتیانه‌ی كه‌ناره‌كانی ئۆكرانیا جێ ده‌هێڵن، به‌ره‌و توركیا ده‌چن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رێوشوێنی ئه‌منی به‌و جۆره‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌شتیان به‌ره‌و توركیا بڕۆن روسیا هێرش ناكاته‌ سه‌ریان. 
به‌رپرسێكی ئۆكرانی په‌یوه‌ندیدار به‌ بابه‌ته‌كه‌وه‌ رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی دانه‌وێڵه‌دا بۆ وڵاتانی جیهان، توركیا به‌ پله‌ی یه‌كه‌م دێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ رێكه‌وتنی تایبه‌ت به‌ دانه‌وێڵه‌ی نێوان روسیاو ئۆكرانیادا ناوبژیوانه‌. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، راسته‌ ئه‌و دانه‌وێڵه‌یه‌ی هه‌نارده‌ ده‌كرێت، ناچێت بۆ وڵاتانی هه‌ژار كه‌ كێشه‌ی كه‌میی خۆراكیان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر دابه‌زینی نرخی خۆراك له‌ بازاڕی جیهانیداو 
ئه‌وه‌ش گرنگه‌.
هه‌ندێك له‌ وڵاتانی جیهانی سێیه‌م و باشووری زه‌وی قه‌یرانی ئاسایشی خۆراكیان هه‌یه‌و به‌شی پێویست له‌ خۆراكیان بۆ هاووڵاتیانی خۆیان پێ دابین ناكرێت، به‌ڵام وڵاتانی دیكه‌ی به‌ توانا له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌، به‌شێكی زۆر له‌و دانه‌وڵه‌یه‌ی له‌ ئۆكرانیاو وڵاتانی دیكه‌ی ده‌كڕن، خۆیان به‌كاری ناهێنن، به‌ڵكو دووباره‌ ده‌یفرۆشنه‌وه‌.
یه‌فگینیا جابر ده‌ڵێ: زۆربه‌ی كڕیاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی دانه‌وێڵه‌ وه‌ك: بریتانیاو ئێرله‌نداو ئیتالیا جارێكی دیكه‌ ده‌یفرۆشنه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ توركیاش زۆربه‌ی ئه‌و دانه‌وێڵه‌یه‌ی له‌ ئۆكرانیای ده‌كڕێت، ده‌یفرۆشێته‌وه‌ به‌ وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقا.

روسیا فشار بەکار دەهێنێت
سه‌رباری ئه‌و كێشانه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی كڕین و فرۆشی دانه‌وێڵه‌دا، كێشه‌ی سیاسیش له‌ ئارادایه‌، چونكه‌ گومان ده‌كرێت روسیا فشار بخاته‌ سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه‌ تا گه‌نم له‌ ئۆكرانیا نه‌كڕن، وه‌ك یه‌فگینیا ده‌ڵێ: بۆ نموونه‌ میسر گرێبه‌ستێكی گه‌وره‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ كڕینی دانه‌وێڵه‌ له‌ ئۆكرانیا، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی میسریش دوای سه‌ردانێكی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا بوو بۆ وڵاتانی ئه‌فریقا.
نیگه‌رانییه‌كی دیكه‌ش هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ فرۆشی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زیاتر له‌ پێنج مانگ ده‌بێ ئه‌و دانه‌وێڵه‌یه‌ له‌ به‌نده‌ره‌كاندا ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات گومان له‌ كوالێتییه‌كه‌ی بكرێت، به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆیته‌رز، سێ به‌نده‌ر له‌وانه‌ی كه‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، له‌ توانایاندا هه‌یه‌ له‌ مانگێكدا ته‌نیا سێ ملیۆن تۆن دانه‌وێڵه‌ بگوێزنه‌وه‌، كه‌واته‌ هه‌نارده‌ كردنی دانه‌وێڵه‌ هه‌روا ئاسان و زوو به‌ڕێوه‌ ناچێت. 
ئه‌حمه‌د فارس له‌ ئاژانسی ئه‌شره‌می ده‌ریایی رایگه‌یاند، تا ئێستاش ژماره‌ی ئه‌و كه‌شتیانه‌ی له‌و به‌نده‌رانه‌ی ئۆكرانیا دێن و ده‌چن و ئه‌ركی گواستنه‌وه‌ی دانه‌وێڵه‌ له‌ ئۆكرانیاوه‌ بۆ جینان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، له‌ ئاستی پێویستدا نییه‌و ژماره‌كه‌ كه‌مه‌. ئاژانسی (Lloyd›s of London)ی بریتانی و كۆمپانیا مارش 50 ملیۆن دۆلاریان ته‌رخان كردووه‌ بۆ گره‌نتی و مسۆگه‌ر كردنی سه‌فه‌ری ئه‌و كه‌شتیانه‌ی له‌ ئۆكرانیاوه‌ ده‌رده‌چن، به‌ڵام هێشتا ئه‌وه‌ش هه‌ر كه‌مه‌و به‌ گشتی پرۆسه‌كه‌ له‌سه‌رخۆ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوان روسیاو ئۆكرانیا تا ئێستا باش كاری پێ ده‌كرێت و كارمه‌ندانی روسیاو ئۆكرانیاو توركیاو نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش رۆژانه‌ له‌ به‌نده‌ره‌كانی ئۆكرانیا كار ده‌كه‌ن بۆ هه‌نارده‌ كردنی دانه‌وێڵه‌ و كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆ نه‌هاتۆته‌ سه‌ر رێیان.

سه‌رچاوه‌: نون پۆست

#گەنم #ئۆكرانیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان