ئا: دیاری سابیر
وێڕای نزیكەی 60 ساڵ لە سەربەخۆیی جەزائیر لە فەرەنسا، بەڵام تائێستاش یادەوەریی تاڵ باڵی بەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتدا كێشاوە و دوای چەند مانگێكیش لە گرژیی نێوانیان، بەهۆی لێدوانی سەرۆكی فەرەنسا دەربارەی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی ئەو وڵاتە، جەزائیر باڵیۆزی خۆی لە پاریس كێشایەوە، بەڵام لە پێناوی خاوبوونەوەی گرژییەكان و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا. ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لەم ماوەیەدا سەردانی ئەو وڵاتە دەكات.
كۆشكی ئەلیزێ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: بڕیارە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی وڵات لە 25ی ئەم مانگەدا سەردانی جەزائیر بكات، بە ئامانجی زیندووكردنەوەی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات، كە چەند مانگێكە گرژیی تێكەوتووە.
بەیاننامەكەی كۆشكی ئەلیزێ كە دوای پەیوەندییەكی نێوان ئیمانوێل ماكرۆن و عەبدولمەجید تەبون هاوتا جەزائیرییەكەی هات، تیایدا هاتووە: سەردانەكەی سەرۆكی فەرەنسا هاوكار دەبێت لە قووڵكردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و پتەوكردنی هاوئاهەنگیی نێوان فەرەنسا و جەزائیر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە ئیقلیمییەكان.
لای خۆشیەوە، سەرۆكایەتیی جەزائیر لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكردووە: رۆژی شەممەی رابردوو، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا، ئیمانوێل ماكرۆن سەرەخۆشی لە عەبدولمەجید تەبون كردووە سەبارەت بە قوربانیانی ئەو ئاگرەی چەند رۆژێك لەمەوبەر لە چەند شوێنێكی جەزائیر كەوتەوە.
سەرۆكایەتیی جەزائیر ئاماژەی بەوەشداوە، كە هەردوو سەرۆك، هاوئاهەنگیی دووقۆڵیی نێوان هەردوولایان تاوتوێكردووە، هەروەها باسی خشتەی كارەكانی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی سەرۆكی فەرەنسایان بۆ جەزائیر كردووە.
لە ئەگەری سەردانەكەی ئیمانوێل ماكرۆن بۆ جەزائیر، ئەوە دووەم سەردانی سەرۆكی فەرەنسا دەبێت بۆ ئەو وڵاتە، كە پەیوەندییەكی پتەوی بازرگانی پێكەوە دەیانبەستێتەوە.
سەرچاوە: ئاژانسەكان