مەحمود عەلام
وەرگێڕان: د.یادگار عەلی
چەند رۆژێک لەمەوبەر، زانایانی فەلەکناسی تەنێکی نامۆیان بە قەبارەی شارێکی تەواو دۆزییەوە، کە لە دڵی بۆشایی ئاسمانەوە لێمان نزیک دەبێتەوە .. ئەگەر ئەو گریمانانەی لەبارەیەوە دەگوترێن راست دەرچن، لەوانەیە یەکەم پەیوەندیی راستەقینەی مرۆڤایەتی بێت لەگەڵ شارستانییەتێکی بیانیی نەناسراودا.!
باشە، چۆن؟
ئەو تەنەی باسی دەکەم ناوی نراوە [3I/ATLAS] .. بەپێی داتا فەلەکییەکان، خێرایی جووڵەکەی لە بۆشایی ئاسماندا سەرسوڕهێنەرە، دەگاتە نزیکەی [٢٠٠] هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا .. هەر بۆیە فەلەکناسەکان یەکەمجار، کە بینییان، گوتیان: ئەمە سەر بە کۆمەڵەی خۆری ئێمە نییە و لە سیستمێکی خۆری دیکەوە هاتووە، کە نازانین لە کوێیە و چی تێدایە ..
بەڵام ئەوەی، کە بەڕاستی سەیرە هەموو ئەمانە نییە ..
شتە سەیرەکە ئەوەیە، کە یەکێک لە بەناوبانگترین زانایانی فەلەکناسی لە جیهاندا، ئێستا دەڵێت، کە ئەم تەنە لە راستیدا تەنێکی سروشتی نییە، نە کلکدارە و نە هەسارۆکە .. بەڵکو کەشتییەکی بۆشایی پێشکەوتووە، کە لەلایەن شارستانییەتێکی بیانیی نەناسراوەوە نێردراوە، بە مەبەستی سیخوڕیکردن بەسەر زەوی و چاودێریکردنی .. و لەوانەیە نیازەکانی بەرامبەرمان دوژمنکارانە بن.!
باشە، ئایا چیرۆکەکە لە بنەڕەتدا چییە؟ ئایا بەڕاستی هیچ مەترسییەک هەڕەشە لە هەسارەی زەوی دەکات؟
ئێستا واز لەوە بێنە، کە لە دەستتدایە و وەرە لەگەڵم با کەمێک لە هەسارەی زەوی بە جەنگ و پیلان و کێشە و بەڵاکانیەوە بچینە دەرەوە .. با من چیرۆکی ئەو بابەتە سەیرەت بۆ بگێڕمەوە، کە چەند رۆژێکە رۆژنامەگەریی و سۆشیاڵمیدیای زانستیی هەژاندووە.!
تەماشا بکە ئەزیزم ..
بابەتەکە لە یەکی تەمموزی رابردووەوە دەستی پێکرد، کاتێک تەلیسکۆبێکی زەبەلاح لە چیلی سەر بە ئاژانسی ناسا بە ناوی [ATLAS] تەنێکی گەورە و نامۆی دۆزییەوە، کە لە سەرچاوەیەکی نەناسراوی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆری ئێمەوە بەرەو ئاراستەی ئێمە دەهات ..
قەبارەی ئەم تەنە نزیکەی [١٢] میلە [واتە نزیکەی ١٩ کیلۆمەتر]، کە نزیکەی لە شارێکی تەواو گەورەترە، بەخێراییەکی زۆرەوە دەڕوات، کە زانایان بەپێی داتاکانی تەلیسکۆبەکە بە نزیکەی [٦٠] میل، یان نزیکەی [١٠٠] کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا دەیخەمڵێنن.!
کاتێک ئەم رووداوە راگەیەندرا، بووە جێی سەرنج و خەیاڵی زانایانی هەموو جیهان، چونکە بیرۆکەی ئەوەی، کە ئێمە راستەوخۆ تەنێک ببینین، کە لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆرەوە دێت، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تەنها دوو جار روویداوە .. بەڵام لە سەرەتادا زانایان گوتیان، پێدەچێت کلکدارێکی ئاسایی بێت، کە لە بۆشایی ئاسمانەوە دێت و لە تشرینی یەکەمی داهاتوودا بەلای خۆردا تێدەپەڕێت و بە سەلامەتی رێگەی خۆی دەگرێتەبەر ..
بەڵام ئەوەی دواتر روویدا سەیر بوو ..
دکتۆر [ئافی لۆب Avi Loeb] لە زانکۆی هارفارد، کە یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین زانایانی بۆشایی ئاسمان لە جیهاندا و هەمیشە بیرۆکەی بوێرانە و سەیر و سەمەرەی هەیە، دەستی کرد بە شیکردنەوەی ئەم تەنە و تیۆرییەکی سەیر و سەمەرەی خستەڕوو، کە دەڵێت ئەم تەنە لەوانەیە کلکدارێکی سروشتی نەبێت .. لەوانەیە کەشتییەکی ئاسمانی بێت، کە لە شارستانییەتێکی دیکەوە هاتووە بۆ چاودێریکردنی زەوی و هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر شارستانیەتی مرۆڤایەتی دروستدەکات.!
باشە، چرکەیەک ..
ئێستا ئەم پیاوە زانایەکی ئاسایی نییە، کەسێکی نەناسراو نییە .. بەڵکو زانایەکی گەورەیە و ناو و پێگەی خۆی لە کۆمەڵگەی زانستیدا هەیە .. کەواتە هۆکارەکان چین، کە وا لە پرۆفیسۆرێکی گەورەی، وەک ئەو دەکەن شتێکی وا بڵێت؟!
ئەو هۆکارانەی، کە خستییەڕوو لە راستیدا سەیر و گوماناوی بوون ..
1. یەکەم هۆکار بەپێی قسەکانی ئەو ئەوەیە، کە ئەو رێڕەوەی [Trajectory]، کە ئەم تەنە پێیدا دەڕوات رێڕەوێکی زۆر سەیرە، پێچەوانەی جووڵەی خولانەوەی هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆرە، بەڵام لە هەمان کاتدا لەگەڵ ئاستی جووڵە و خولگەی هەسارەی زەوی بە تایبەتی گونجاوە.
بەپێی قسەکانی [لۆب]، ئەگەری ئەوەی، کە ئەم رێڕەوە، هەروەها ئەو خێراییە زۆرەی، کە پێی دەڕوات سروشتی بێت، تەنها کەمترە لە [٠.٢٪] .. واتە ئەگەرێکی زۆر ئەستەمە، کە ئەم جووڵەیە سروشتی بێت و بەبێ دەستێوەردانی هۆکارێکی دەستکرد بێت.!
2. دووەم هۆکار دەڵێت، کە ئەم تەنە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا کاتێک لە پشتی خۆرەوە تێدەپەڕێت، لەبەر چاومان نامێنێت .. ئەمەش لە روانگەی [لۆب]ەوە دەرفەتێکی نموونەییە بۆ هەر شارستانییەتێکی زیرەک، کە [ئامێری سیخوڕی] یان [چەک] بنێرێت بەبێ ئەوەی ئێمە هەستی پێبکەین .. ئەگەر پلانی ئەوە بێت، کە پێگەیەکی ستراتیژیی بگرێت بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکەی، ئەوا رێڕەوێکی باشتر لەمە نادۆزێتەوە، کە پێیدا بڕوات.
3. سێیەم هۆکار، کە سەیرترینیانە، ئەوەیە، کە بەپێی داتاکانی ئامرازەکانی لێکچواندن [simulation]، کە ئاژانسەکانی بۆشایی ئاسمان لەسەر رێڕەو و خێراییەکەی ئەنجامیان داوە دوای دۆزینەوەی، ئەوا بە شێوەیەکی نزیک لە دڵنیاییەوە نزیکەی [٨٠٠٠] ساڵ لەمەوبەر هاتووەتە ناو سنووری کۆمەڵەی خۆری ئێمەوە.!
واتە بە شێوەیەکی وردتر و روونتر، ئەم تەنە زیاتر لە [٨] هەزار ساڵ لەمەوبەر هەوری ئۆرتی [Oort Cloud] بڕیوە، کە لە دەرەوە دەوری کۆمەڵەی خۆری ئێمەی داوە لە دووری نزیکەی [٥٠٠٠] یەکەی فەلەکی [یەکەی فەلەکی شێوازێکی پێوانەکردنی دوورییە، کە بە تێکڕای دووری نێوان زەوی و خۆر دەخەمڵێندرێت].
بەمشێوەیە، ئەم تەنە نزیکەی لە هەمان قۆناغی مێژوودا گەیشتووەتە لای ئێمە، کە شارستانییەتە دێرینەکانی جیهان دەستیان کردووە بە تۆمارکردن و نووسینەوەی مێژووی خۆیان .. ئەمەش ئەو شتەیە، کە گومانەکانی [لۆب]ی زیاتر کردووە ..
ئایا ئەمە رێکەوتە، یان بابەتەکە مەبەستدارە و شارستانییەتێکی دیکەی گەردوونی لە مێژە چاودێریمان دەکات و نیازەکانیشی نادیارن؟
بێگومان وەکچۆن بیری لێدەکەیتەوە هەر، کە ئەم قسانە لە رۆژنامەکاندا بڵاوبووەوە، دۆخەکە لە سۆشیاڵمیدیادا شڵەژا، خەڵکانێک دەرکەوتن دەیانگوت، کە ئەمە [چەکێکی بۆشایی] یان [کەشتییەکی سیخوڕییە]، کە لەوانەیە لە ماوەی چەند مانگێکدا کارەساتێک بۆ زەوی دروست بکات، پێویستە حکومەتەکان لە ئێستاوە خۆیان ئامادە بکەن ..
کێشەکەش ئەوەیە هەمان زانا، کە [ئافی لۆب]ە، هەمان قسەی لە ساڵی [٢٠١٧] دا لەسەر تەنێکی دیکەی بیانیی سەیر کرد، کە لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆرەوە هاتبوو، ناوە فەلەکییەکەی [ئۆمواموا Oumuamua] بوو.. بەوە وەسفی کرد، کە پشکنەرێکی گەڕانە و لەلایەن شارستانییەتێکی بیانییەوە نێردراوە و لە ئەرکێکی گەڕاندایە .. تا ئەمڕۆش قسەکانی جێگەی مشتومڕە لەنێوان زانایاندا ..
بۆیە کاتێک ئەم قسانەی لەسەر تەنە نوێیەکەی ئەمجارە کرد، قسەکانی کێشەیەکی گەورەی لە ناوەندی زانستیدا دروست کرد، خەڵکێکی زۆر هێرشیان کردە سەری و گوتیان، کە قسە و دەرەنجامەکانی زیادەڕۆیی تێدایە و ئەمە تەنها کلکدارێکی سروشتییە و هیچ بەڵگەیەکی بەهێز نییە بۆ سەلماندنی قسەکانی ..
بەڵام بیرۆکەکە ئەوەیە، کە [لۆب] بە شتێکی سەرلێشێوێنەر و زۆر سەیر پشتگیریی لە قسەکانی کرد ..
ئەگەر ئەم تەنە بەڕاستی کلکدار بێت، وەکچۆن زانایانی فەلەکناسی دەڵێن، دەبوو کلکێکی روونی هەبێت، یان ماددەی هەڵمبووی لەسەر رووەکەی هەبوایە، کە لە کاتی گەشتەکەیدا لە بۆشایی ئاسماندا دەبوونە هەڵم .. بەڵام کێشەکە ئەوەیە، کە تا ئێستا هیچ تەلیسکۆبێک هیچ ماددەیەکی هەڵمبووی بەرچاوی لێوە تۆمار نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی، کە زۆر لە خۆر نزیک بووەتەوە .. ئەمەش مانای وایە، کە ئەگەری ئەوەی کلکدارێک یان تەنێکی ئاسمانیی سروشتی بێت ئەگەرێکی لاوازە .. ئەمە بەپێی قسەکانی ئەو، بێگومان ..
هەر بۆیە، پێشنیازێکی زۆر سەرنجڕاکێشی ئاڕاستەی ئاژانسی ناسا کرد، بە فەرمی داوای لێکردن، کە ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و کەشتییە ئاسمانییەکە یان پشکنەری [جونۆ Juno]، کە ئێستا بە دەوری هەسارەی موشتەریدا دەسوڕێتەوە، بنێرنە رێڕەوێکی نوێوە، تاکو لە مانگی ئازاری ساڵی [٢٠٢٦]دا لەگەڵ ئەم تەنە نهێنیئامێزە یەکبگرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بزانین، کە ئەمە بە دیاریکراوی چییە.!
شتە سەیرەکە ئەوەیە، کە حساباتی سەرەتایی سەلماندیان، کە ئەم بیرۆکەیە ئەنجامدانی مومکینە، ئەگەر ناسا رازی بێت و بەڕاستی ئەم پشکنەرە بنێرێت، ئەوا ئەمە لەوانەیە ببێتە یەکێک لە گرنگترین ئەرکە ئاسمانییەکان لە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتیدا .. ئەو ساتەی، کە بە چاوی خۆمان تەنێکی ئاسمانی لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر دەبینین .. جا چ لە شارستانییەتێکی زیرەکەوە بێت، یان لە سەرچاوەیەکی گەردوونیی سروشتییەوە.!
باشە، ئایا راستییەکە چییە؟
ئایا بەڕاستی کەشتییەکی ئاسمانی لە شارستانییەتێکی نەناسراوەوە هەیە، کە ساڵانێکە چاودێریمان دەکات و ئێستا بەرەو ئێمە دێت؟ ئایا هۆلیوود و فیلمەکانی ساڵانێکی زۆرە مێشکیان ئامادە دەکردین بۆ ئاشکراکردنی بابەتێکی لەم شێوەیە؟
ئەگەر سیناریۆکە بەڕاستی بێت، جیهان چۆن دەتوانێت وەڵامی بداتەوە؟ ئایا ئێمە لە بنەڕەتدا ئامادەین بۆ هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ شارستانییەتێکی غەیرە مرۆییدا؟
یان بە پێچەوانەوە، پێتوایە هەموو بابەتەکە زیاتر نییە لە کلکدارێکی سروشتی، وەک ملیۆنان کلکداری دیکە و هەموو ئەم چیرۆکە تەنها خەیاڵی زانایەکی کەمێک پەرۆشە؟
وەڵامەکەی بۆ خەیاڵی خۆت جێدەهێڵم ..