گرنگە کاندیدە کوردەکان لە سوید بگەنە شوێنی بڕیار

10:12 - 2022-08-24
دیدار
782 جار خوێندراوەتەوە

 سازدانی/ هیوا محەمەد

هیوا کاردۆیی چالاکوانێکی کوردە لە سوید ئێستا کاندیدی سۆشیال دیموکراتە لە شاری یوتۆبۆری بۆ هەڵبژاردنی 11 ی سێپتەمبەری ئەمساڵ بۆ پەرلەمانی خۆرئاوای سوید.

* لە کەیەوە چوویتە ناو حزبی سۆشیال دیموکرات؟
لە کۆبوونەوەیەکی رێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی 1994 لە شاری مانهایم، بەڕێز مام جەلال پێی راگەیاندین کە ئێمە وەک سۆشیال دیموکرات ئیش دەکەین، ئیتر لەوکاتەوە دەستبەکار بووین وەک چالاکوانێکی سۆشیال دیموکرات و بەشدار بووم لە دامەزراندنی دوو کۆمەڵەی سۆشیال دیموکراتی کوردی لە یوتۆبۆری و میونداڵ، لەگەڵ هەندێک هاوڕێی دیکە کە پێکەوە هاوکار بووین و دواتر بوومە سەرۆکی ئەو کۆمەڵەیە تا 2010.
بەڵام لە چەندین لیژنەی ناو شارەوانی یوتۆبۆریدا بووم و کارم کردووە.
 لە سێ دەورەدا ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی خۆرئاوای سوید بووم تا 2010 و لە سەرەتاشەوە ئەندامی یەدەکی پەرلەمانی سوید بووم، بەڵام بە هۆی گەڕانەوەم بۆ کوردستان وازم لەوانە هێنا، چونکە نەدەکرا لە هەردوولا کار بکەم.
ئێستاش لە سوید و لەگەڵ سۆشیال دیموکراتم و کاندیدی هەرێمی خۆرئاوای سویدم یاخود ئەنجومەنی هەرێمی خۆرئاوای سوید کە 149 ئەندامی هەیە و 49 شارەوانی و نزیکەی ملیۆن و نیوێک دانیشتوانی هەیە.
پەیکەری رێکخراوەیی سیاسیی سوید دابەش بووە بۆ  سێ ئاست، یەکێکیان شارەوانییەکانە کە ئەنجومەنەکانیان هەڵدەبژێرن، هەروا ئاستی پارێزگا و هەرێم هەیە ئەویش لە 22 هەرێم و پارێزگا پێکهاتووە، سێییەمیشیان پەرلەمانی گشتیی سویدە. هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ ئەم سێ جۆرەیە.
* پەیوەندیی سۆشیال دیموکراتی سوید لەگەڵ کورد، پەیوەندییەکی کۆنە، ئێوە چاوەڕوانی ئەوەن کوردەکانی سوید دەنگتان بدەنێ، چیتان پێیە بۆیان؟.
ئێمە وەک کاندیدە کوردەکان ئەگەر بگەینە شوێنی بڕیاردان، گرنگە، دەبینە گەیەنەری دەنگی کورد لە کوردستان بۆ ناو پەرلەمانی سوید و داکۆکیکار لە مافەکانی کورد، کاریگەرییمان دەبێت لەسەر سیاسەتی دەرەوەی سوید.
ئەمە سەرەڕای رۆڵمان بۆ چەندین بوار لە ناو سوید و سۆلیدارێتی و هاوپشتیمان لەگەڵ هەلومەرجی کوردستاندا. بیرمان نەچێت زۆرینەی کوردەکانی سوید لەگەڵ سۆشیال دیموکراتن و کاریگەرییان هەیە لەسەر سویدییەکان لەناو حزبەکەدا.
*کەمتر لە مانگێکی ماوە بۆ هەڵبژاردن ئێستا سۆشیال دیموکرات بەشێکی سەرەکیی حکومڕانیی سویدی بەدەستە، لەم کاتەدا بوون بە ئەندام لە ناتۆ و رازی بوون بە مەرجی تورکیا بە رادەستکردنەوەی چەند داواکراوێک کە وەک دەوترێت تیایاندا کوردیش هەیە، ئەگەر سوید ئەمە بکات کار ناکاتە سەر رێژەی دەنگ هێنانی و کوردەکان پشتی تێناکەن؟
جەنگی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، هەلومەرجێکی خراپی خستە ناوچەکەوە، سوید هەستی بە مەترسی کردووە، بۆیە بە باشی زانیوە بۆ بەرگرییکردن لە وڵاتەکەی بچێتە ناو ناتۆوە، چونکە بە تەنها دەمایەوە و هەموو وڵاتانی سکاندناڤی ئەندامی ناتۆن. تورکیا ئەمەی قۆستەوە و کردیە مەرج لە یاداشتنامەیەکدا نەک رێکەوتننامە کە ئەو داواکراوانە دەبێت تەسلیم بکرێنەوە. 
سۆشیال دیموکرات هیچ سیاسییەک تەسلیم ناکاتەوە، ئەمە کاری دادگایە ئەگەر دادگا بڕیار بدات کەسێک تۆمەتبارە و داواکراوە سەر بە هەر نەتەوەیەک بێت، ئەوا ئەو بڕیار دەدات، سوید هەروەک هەمیشە پشتگیریی کێشەی کوردی کردووە و دەشیکات، تورکیا ویستی بەمە نێوانی کوردەکان و سیاسییەکانی سوید تێک بدات. سوید وڵاتێکە داکۆکی لە مافی هەموو مرۆڤەکان دەکات، هەزاران کۆمەڵەی بواری مافی مرۆڤ و کەلتوریی گەلانی تێدایە. ئێمە لەوێ زۆرمان پرسیار رووبەڕووی سیاسییەکانی ئەوێ کردەوە و هۆشداریمان دانێ کە نەکەونە ژێر گوشاری مەرجەکانی تورکیاوە.

 

سۆشیال دیموکرات هیچ سیاسییەک تەسلیم ناکاتەوە، ئەمە کاری دادگایە، ئەگەر داگا بڕیار بدات کەسێک تۆمەتبارە و داواکراوە سەر بە هەر نەتەوەیەک بێت، ئەوا ئەو بڕیار دەدات

 

*لە ناوخۆی سویدیش گوشار لەسەر حزبی سۆشیال دیموکرات هەیە، راستڕەوەکانی ناو سوید تا دێت بەرەو سەر هەڵدەکشێن، نایانەوێت ئەم حزبە سیاسەتی بەرامبەر بێگانەکانی ناو وڵاتەکەی بەم شێوەیە بێت، ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمە دەکەن؟
 سۆشیال  دیموکرات بەرنامەیەکی تایبەتی خۆی هەیە بۆ هەڵبژاردن، لە هەموو روویەکەوە، بۆ ناوخۆ و بۆ دەرەوە، رەگەزپەرستانیش بە ئاشکرا بەرنامەیان هەیە دژ بە پەنابەران و بێگانەکان، بەڵام سۆشیال دیموکرات باوەڕی بە سۆلیدارێتییە و سوورە لە سەری، خەڵکیش رەخنە دەگرێت و نایەوێت حزبە راستڕەوەکان لە دژی سۆشیال دیموکرات لەگەڵ راسیستەکان هاوپەیمانی بکەن.
 سۆشیال  دیموکرات لەگەڵ چەپەکان و سەوزەکان و سەنتەر دەتوانێت هەنگاو بنێن، ئێستا حکومەتی سوید لاوازە، هەرچەندە سۆشیال دیموکرات حکومڕانی دەکات، بەڵام کەمینەیە، حزبێک کەمینە بوو ناتوانێت بە پێی پێویست هەنگاو بنێت بۆ چەسپاندنی بەرنامەکانی، ئەوان کە دەبنە هاوپەیمان مەرج نییە هەموو بەرنامەکانی ئێمەیان لا پەسەند بێت، هیوادارین کە دەنگی ئێمە و هاوپەیمانەکانمان زۆرتر بێت تا بتوانین ببینە زۆرینە لەناو پەرلەمان.
*بەرنامەی ئێوە چییە بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو گرانییەی لە دوای جەنگی ئوکرانیاوە هەموو ئەوروپای گرتۆتەوە و سویدیش یەکێکە لەو وڵاتانە؟
بێگومان گرانییەک دروست بووە، هەر لەسەرەتاوە حکومەت هەندێک داشکاندنی کرد، لە رێگەی کۆمپانیاکانی کارەباوە کە فاتۆرەکانیان بۆ کەم بکەنەوە بۆ ئەو ماڵانەی مەسرەفیان زۆر بووە، هەروا پارەی قەرەبوو درا بە خاوەن ئۆتۆمبیلەکان و باج لەسەر گاز و بەنزین کەمکرایەوە و بڕێک پارەی خانەنشین زیاد کرا، بەم جۆرە دەیەوێت مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات.
*ئەمانە رەنگە کاتی بن واتا پلانی درێژ خایەنی داهاتوو نییە، تۆ کە باسی ئەمە دەکەیت بەنزین گەیشەتە سەرووی 20 کڕۆن و دیزڵیش زیاتر، ئێستاش بەڕێژەیەکی بەرچاو دانەبەزیوە، شتی دیکەش زۆرن بە گرانی ماونەتەوە، سۆشیال دیموکرات چی پێیە بۆ دوای هەڵبژاردن وەک بەڵێن بە خەڵکی بدات کە دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر ئەم گرانییەدا؟
ئەو سەرەتایەی باسم کرد بۆ هەلومەرجێک بوو کە بەپەلە هاتە کایەوە، رەنگە بەرنامەی دیکە بێتە پێشەوە و بارەگرانییەکە کەم بکاتەوە.
 بە گشتی سۆشیال دیموکرات گرنگی بە شوێنە گشتییەکان دەدات، بۆ نموونە نەخۆشخانەکان کە بودجەی باشیان بۆ تەرخان بکات و خزمەتگوازارییەکان فراوانتر و باشتر ببن، بڕیارە کە گرنگی بە خانەنشینان و مووچەیان بدرێت، بڕیارە باج کەم بکرێتەوە لەسەر زۆرێک لە کۆمپانیاکان، هەرچەندە پڕوپاگەندە دەکرێت کە زیادی دەکەن، بەڵام وانییە.  بەرنامەی زۆرمان هەیە بۆ هەموو بوارەکانی ژیان، هەر لە رێگەوبان و مافی ژنان و پەنابەران، هەلی کار و تا زۆر شتی تر.
بەهۆی جەنگی ئوکرانیاوە خەڵکێکی زۆر هاتوونەتە سوید، گوشارێکی گەورە لەسەر ئەم وڵاتەیە، هەوڵەکان چڕ و پڕتر بوونەوە بۆ چارەسەرکردنی کە نەبنە کێشەی گەورە بۆ ئەم وڵاتە، ئەمەش بودجەی زۆری دەوێت.
*لە هەموو خولێکی هەڵبژاردن لە سوید، کێشە دروست دەبێت لە نێوان حزبەکان لەسەر چۆنێتی هەڵبژاردن و کات و یاساکانی؟
نا، بەدەگمەن دەستکاری دەکرێت، بەڵام ئەگەر پێویست بکات لە خاڵێکدا ئەوە لەناو پەرلەمان قسەی لەسەر دەکرێت، جاری واهەیە هەرێمێکی نوێ دروست دەبێت، بۆ ئەمە دەبێت لەناو یاساکاندا جێگەی بکرێتەوە. 
بۆنموونە چەند پارێزگایەک یان چەند شارێک هەرێمێک پێکەوە دروست دەکەن.
*ئەمە وەک هاوپەیمانی ئیداریی یان سیاسیی دروستی دەکەن؟
نا دەبینین بۆ نموونە شارۆچکەیەکی بچووک ناتوانێت نەخۆشخانەیەکی گەورە دروست بکات، چەند شارێک دەچنە پاڵ یەک و بە بودجەیەکی دیاریکراو پێکەوە بە هاوبەشی دروستی دەکەن، یان رێگەوبانەکان بە هاوبەشی تەواو دەکەن. ئەم شتانە لەکاتی هەڵبژاردن وەک شتی نوێ پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت و وەک هەرێمەکانی تر رێکدەخرێنەوە.
ئێستا لەناو یوتۆبۆری ئۆپرا هەیە، لە هەموو شارێکی بچووک ناتوانیت ئۆپرات هەبێت، ئەمە دەبێتە هی هەرێمی خۆرئاوا. جاری واش هەیە لەسەر چۆنێتی دەنگدان و لە رێگەی ئینتەرنێت یان پۆست و ئەم شتانە ئامادەکاری دەکرێت پێش هەڵبژاردن. 
لە سوید فرە بازنەییە و کەسێک لە دەرەوەی ئەو شارەوانییەی تێیدا دەژی ناتوانێت دەنگ بدات بەکەسێکی تر سەر بە شارەوانییەکی تر، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە کەسەکان لە شارەوانییەکانی خۆیان ناسراو ترن و تواناکانیان دیارە.
*تۆ وەک تاکێکی کورد کە لە سوید دەژیت، چۆن دەڕوانیتە ئەو هەڵبژاردنەی هەرێمـی کوردستان کە لە بەردەممان دایە و بەڕێوەچوونی لە کاتی خۆیدا لە ئەگەر و نەگەردایە، زۆرێک لە حزبەکان پێیان وایە دەبێت یاساکانی هەڵبژاردن هەموار بکرێنەوە، لایەنێکیش دەڵێت دەبێت بێ هەموارکردنەوە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، پێت وایە کارێکی باشە بە یاسایەکی ناتەواوە بچینە هەڵبژاردنەوە؟ یان دەگونجێت کاتەکەی دوابخرێت؟
نەخێر من نازانم هەڵەکە لە چیدایە، بەڵام ناکرێت بە یاسایەکی ناتەواوە هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، دەبێت یاساکان راست بکرێنەوە و سیستمێکی باوەڕپێکراوت هەبێت کە لەلایەن هەموو حزبەکانەوە پەسەند کراو بێت، یەک لەوانە وەک باسم کرد لە سوید فرە بازنەییە، دەبێت هەموو یاسا ناتەواوەکان رێکبخرێنەوە پاشان بچنە هەڵبژاردنەوە.
*ئێمە وەک کوردستانی نوێ خوێنەرێکی باشمان هەیە چ لەسەر کاغەز و چ لەرێگەی پەیج و سایتەوە، لێرەوە چی بە خوێنەرانی ئەم چاوپێکەوتنە دەڵێیت، بەتایبەت کە ئێوە کاندیدن لە هەرێمی خۆرئاوای سوید لە ناو حزبی سۆشیال دیموکرات؟
سوپاستان ئەکەم بۆ رێکخستنی ئەم چاوپێکەوتنە، داوادەکەم لە هەموو کوردەکانی سوید بەشداری دەنگدان بکەن، ئیتر خۆیان ئازادن دەنگ بە کێ دەدەن، من حەز دەکەم دەنگ بە کاندیدەکانی سۆشیال دیموکرات بدەن و لە ناویشیاندا دەنگ بە من بدەن لە ناوچەی یوتۆبۆری. رۆڵی کورد لەناو شوێنی بڕیاردان گرنگە لەم وڵاتە و هەرچەند زۆرتر کاندیدی کورد بیباتەوە، هێندە دەنگی داکۆکی ئێمە لەناو پەرلەمانی سوید زۆرتر دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان