لافاو لە پاکستان نزیکەی هەزار قوربانیی لێ دەکەوێتەوە

09:28 - 2022-08-28
جیهان
495 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە کە لەئەنجامی بارانی وەرزییەوە زۆربەی شار و ناوچەکانی پاکستانی گرتۆتەوە، لە نیوەی دووەمی مانگی تەمموزی ئەمساڵەوە تا ئێستا نزیکەی هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و بە هەزاران خێزانیش ئاوارە بوون.
راگەیاندنی باری نائاسایی
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئیسلام ئاباد، لەبەرئەوەی قەبارەی کارەساتەکە زۆر گەورەیە و کارمەندانی فریاگوزاریی ئەو وڵاتە توانای کۆنترۆڵکردن و بەهاناوەچوونی هەموو ناوچە زەرەرمەندەکانیان نییە، بۆیە حکومەت باری نائاسایی راگەیاندووە.
لەو رووەشەوە سانیا سافی گەورە لێپرسراوی کارگێڕی لە چارسادا دەڵێت: لافاوەکەی هەرێمی (خەیبەر بەختونخوا) دەروازەکانی کۆنترۆڵکردنی ئاوی رووباری سواتی شکاندووە و بەو هۆیەشەوە زۆربوونی ئاوی رووبارەکە زیادیکردووە و بۆتە هۆی لافاو لە هەردوو ناوچەی چارسادا و نۆشیرا.
کەمپی فریاگوزاریی
ئەو بەرپرسە پاکستانییە روونیشیکردەوە کە هۆشدارییان داوە بە دانیشتوانی ناوچە کارەساتبارەکان تا ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و بگوێزنەوە بۆ ئەو کەمپە فریاگوزارییەی کە لە بینا حکومییەکاندا دابینکراوە بۆیان.
ناوبراو مەترسیی لەوەش راگەیاندووە کە لەئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی هەردوو روباری سوات و کابولدا نائومێدیی زیاتر باڵ بەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچە کارەساتبارانەدا دەکێشێت کە مەینەتییان بەدەست زیانە گیانی و مادیەکانی لافاوەکەوە بینیووە.
شەقامەکان داپۆشراون
هەر لەوبارەیەشەوە، بەرپرسێکی لۆکاڵیی ناوچەکە روونیکردۆتەوە کە ئاوی لافاوەکە هەموو شەقامەکانی داپۆشیووە و ئێستا ئاوەکە بەرەو ناوچە نزمەکان دەڕوات.
وەزیری راگەیاندنی پاکستانیش رایگەیاندووە کە سوپا و رێکخراوە فریاگوزارییەکان سەرقاڵی هاوکاریکردنی دانیشتوانی ئەو ناوچانەن تا بیانگەیەننە کەناری ئارام لە زۆربەی ناوچەکانی باشووری سند و باکووری خۆرئاوای خەیبەر باختونخوا و خۆرهەڵاتی پەنجاب و ناوچەکانی سەربە هەرێمی پلوجستان لە باشووری خۆرئاوا و داواشی لە رێکخراوە فریاگوزارییەکان کرد هاوکاریی دانیشتوانی وڵاتەکەی بکەن.
لەسەر دوای سەرۆک وەزیران
UN هاتە دەنگ
هەر لەبارەی ناوچە کارەساتبارەکانەوە، شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان داوای لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد بێن بەهانای خەڵکی لێقەوماوی ناوچە کارەساتبارەکانەوە، وەک بەدەنگەوەهاتنێکیش بۆ داواکەی شەریف، نەتەوە یەکگرتووەکان پلانێکی داڕشتووە بۆ راگەیاندنی بانگەوازێکی بەپەلە بۆ دابینکردنی بڕی 160 ملیۆن دۆلار وەک باربۆکردن و وەک وەزیری دەرەوەی پاکستان رایگەیاندووە، بڕیارە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 30 ی ئەم مانگە بانگەوازەکەی رابگەیەنێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان