لە وادەی گواستنەوەی یاریزاناندا (میركاتۆی هاوینەو زستانە) ی ئەم یەك دوو ساڵەی رابردوودا، هەموو مان بینیمان چەند ئەستێرەیەكی دیاری یانەكان لە یانەیەكەوە چوونە یانەیەكی تر.
پرۆسەیەكی ئاسایی
رۆیشتنی یاریزان لەم یانەیەوە بۆ یانەیەكی تر پرۆسەیەكی ئاساییە و ساڵانە بە دەیان یاریزان ئەم یانەو ئەو یانە دەكەن، بەڵام ئەو یاریزانانە لەو پرۆسەیەدا دەبن بە چەند گروپێكەوە، هەیانە رۆیشتنەكەیان زۆر بەبێ دەنگییە وەك رۆیشتنی كاسمیرۆ لە ریاڵ مەدردیەوە بۆ مان یونایتد، هەیانە هەرای زۆری بۆ درووستدەكرێت وەك چوونی میسی بۆ پاریس سانجێرمان، هەیانە زۆر بە ئاسایی دەڕوات و یانەكەی وەك دەڵێن بەخەیاڵیدا نایەت كە دەڕوات وەك چۆن بینیمان پۆگبا لە مان یونایتدەوە چووە پاریس سانجێرمان و دیبالا لە یوڤییەوە چووە رۆما و دی مارییا لە پاریس سانجێرمانەوە چووە یوڤی و سادیۆ مانی لە لیڤەرپوڵەوە چووە بایرن مونشن، لەو یاریزانانەش هەیانە یانەكەی مەراسیمی تایبەتی بۆ رێكدەخات و رێز لە مێژووی یاریزانەکە دەنێت، لەوانەی كە بەم دواییە بینیمان كاتێك میسی لەبارسا و كاسمیرۆ لە ریاڵ مەدرید یانەكانیان جێهێشت، بارسا و ریاڵ مەراسیمی تایبەتیان بۆ رێكخستن.
یاریزانە توڕەکان
بەپێچەوانەی ئەوانیشەوە یاریزانی تر دەبینین لە یانەكەی زۆر توڕەیەو خۆی بۆ یانەكەی خەفەتبارە چونكە لەو یانەیە مێژووی تۆمار كردووە، بەڵام یانەكەی هیچ گرنگییەك بە رۆیشتنەكەی نادات، لەوانە رۆیشتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆ و كاسیاس لە یانەی ریاڵ مەدرید.
جگەلەوەی باسكرا یاریزانیش هەیە خۆی بڕیاری رۆیشتن دەدات و یانەكەی رێگەی پێنادات، بەڵام یانەی بەرامبەر چی پێبكرێت دەیكات تا یاریزانەكە بباتە ریزەكانی، وەك ئەوەی بینیمان چۆن پاریس سان جێرمان بە زەبری پارە نەیماری لە بارسا هەڵكەند و یانەكە و جەماوەی یانەكەش چۆن بوون بە دوژمنی سەرسەختی نەیمار و پاریس سان جێرمان، رەنگە چوونی لیڤاندۆڤسكیش لە بایرن مونشنەوە بۆ بارسا هەر بچێتە ئەم قاڵبەوە، بەڵام بارسا رێزێكی بۆ بایرن هێشتەوە بەوەی ئەوە یاریزانەكەیە سوورە لەسەر رۆیشتن لەو یانەیە، بەڵام خلیفی و ئیدارەی پاریس سانجێرمان بە چەكوشی (كەسری عەقد) نەیماریان بردە یانەكەیان نەك بە رێككەوتنی هەردوولا.
ئەمانەی ووتران هەموویان بەلایەك، بەڵام لەلایەكی ترەوە كاتێك یاریزانەكە دەڕواتە یانەیەكی تر ئەو یانەیەی كەلێی دەڕوات مەراسیمی خواحافیزی بۆ رێكدەخەن، سەرۆك و ئەندامانی یانەو یاریزانانی یانەكەش ئامادەی كۆنگرەی رۆژنامە نووسییەكەی دەبن، ئەویش لەبەر دەمیاندا بەگریانەوە قسەیان بۆ دەكات، وەك چۆن بۆ میسی و كاسمیرۆ بینیمان، هەشیانە لەدوا یاریی یانەكەیدا رێزلێنانی بۆ دەكەن و لە یاریگادا خواحافیزی دەكات و ئەمیش بە گریانەوە یاریگا جێدەهێڵێت وەك ئەوەی بۆ دیمارییا لە پاریس سانجێرمان كراو بۆ دیبالا لە یوڤانتۆس كراو بۆ مارسیلۆ لە ریاڵ مەدرید كرا.
ئەوەی ئەم پرۆسانەی بینیبێت یەكەم شت كەبە خەیاڵیدا دێت ئەوەیە ئەم گریان و فرمێسكانە گریان و فرمێسكی پەشیمانین، سۆز و خۆشەویستین بۆ ئەو یانەیەی لێوەی دەڕوات بۆ یانەیەكی تر، بەڵام ئایا ئەمە وایە؟.
دوو بۆچوون
بۆ ئەمە دوو بۆچوون هەن، یەكەمیان ئەوەیە راستە ئەو یریزانە پێی ناخۆشە دەچێتە یانەیەکی تر، چونكە ئەو یاریزانە بەمێژووی ئەو یانەیەوە ناسراوە، هەمیشە ئەو یاریزانە دڵی لای ئەو یانەیەیە، بەڵام بۆچوونی دووەم بەپێچەوانەوەیە، بۆ ئەمەش ئەوان دەڵێن بۆ نموونە میسی لە بارساوە چووەتە پاریس سانجێرمان، باشە ئەگەر ئەم دوو یانەیە لە چامپیۆنس لیگدا یان هەر خولێكی تری ئەوروپادا رووبەڕوی یەكتر بوونەوە، میسی چی دەکات؟ ئایا بەڕاهێنەر دەڵێن من لەو یارییەدا ئامادە نیم یاریی بكەم و پێم خۆش نییە گۆڵ لە یانەكەی پێشووم بكەم؟ بێگومان شتی وا نییە و لەكاتی بەریەككەوتنیاندا میس و كاسمیرۆ و دیمارییا و دیبالا و چەندانی تری وەك ئەوان چیان پێبكرێت بۆ بردنەوەی یانە نوێیەكانیان دەیكەن.
كەواتە ئەم بۆ چوونەی دووەم دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی كە راستە یاریزانەکە لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ماڵئاویدا گریا و فرمێسكی بۆ رشت، راستە دیمارییا و دیبالا و میسی و چەندانی تریش فرمێسكی خەفەتبارییان رشت، بەڵام ئەو فرمێسكانە تەنیا لەو شوێنانەدا بووەو هەرلەوێدا وشك بوونەتەوە كاتێك درێسی نوێی یانەكەیان هەڵدەبڕن و پێدەكەنن، ئەوە سەرەتای یاریزانێكی نوێیە و ئەو یاریزانی پێش فرمێسك رشتنەكە نییە.
هەڵوێستە جوانەکان
دوو جوانترن هەڵوێست لەم رووەوە چاڤی ئینێستا بوون لە یانەی بارسا، ئەم دوو یاریزانە كاتێك بە گریانەوە ماڵئاویان كردو مەراسیمی تابەتیان بۆ رێكخرا، هێشتا ئەوەنەدەشیان پێمابوو بتوانن لە یانەیەكی تری ئەوروپاش یاریی بكەن، ئەگەر ئەم ئارەزووەیان هەبوایە ئەوا چەندان یانەی تری ئەوروپا بۆندی باشیشیان پێشكش دەكردن، بەڵام ئەمان لە كۆنگرەی رۆژنامە نووسیەكەیاندا ووتیان: ئێمە ناچینە هیچ یانەیەكی تری ئەوروپا چونكە ئەمادەییمان تیا نییە لە یانەیەكی ئەورپادا یاریی بكەین و رۆژێك لە رۆژان لەخولێكی ئەوروپادا لەگەڵ ئەو یانەیە رووبەڕوی بارسا ببینەوەو هەوڵی بردنەوە لەبارسا بدەین.
بۆیە ئینێستا چووە چین و چاڤی چووە قەتەر، دواتر چاڤی سەربرزانە گەڕایەوە بارسا و ئێستا راهێنەری یانەکشە، ئینێستاش لە داهاتوویەکی نزیکدا هەمان نیازی چاڤی هەیە.