قوباد تاڵەبانی: باشتركردنی دۆخی خزمەتگوزارییەكان داواكاریی سەرەكیی خەڵكی عیراق و هەرێمی كوردستانیشە

09:25 - 2022-08-30
کوردستان
914 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كوی ووی باڵیۆزی نوێی چین لە عیراق، رایگەیاند: راستە لە عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ململانێ و كێشەی سیاسی گەورە هەیە، بەڵام لە سەرووی ململانێ سیاسییەكانەوە، كێشەی سەرەكیی خەڵك، كێشەی كەمی خزمەتگوزارییە و داوای خزمەتگوزاریی باشتر دەكەن. 
لە كۆبوونەوەكەدا كە دوێنێ دووشەمە 29ی ئابی 2022 لە هەولێر بەڕێوەچوو، تیایدا كونسوڵی چین لە هەولێریش ئامادەبوو، كوی ووی باڵیۆزی چین، خواستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربڕی و رایگەیاند: پێشوازیی دەكەن لەوەی لە هەردوو بواری ئابووری و كلتورییەوە پەرە بە هاوكاری و هەماهەنگییەكانی نێوان چین و هەرێمی كوردستان بدرێت. 
لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی باسی دۆخی هەرێمی كوردستانی كرد و رایگەیاند: ئێستا داواكاری یەكەمی خەڵكی كوردستانیش باشتركردنی دۆخی خزمەتگوزارییەكانە و كەمتر گرنگی بە كێشە سیاسییەكان و ململانێی سیاسیی نێوان لایەنەكان دەدەن، ئاماژەی بەوەشدا: لەگەڵ ئەوەی حكومەتی هەرێم لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەڕووی چاكسازییەوە هەنگاوی گرنگی ناوە و قۆناغی باشیشی بڕیوە بەرەو حكومەتی ئەلیكترۆنی، بەڵام ئەم هەنگاوانە لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵكدا نەبووە و  خەڵك خزمەتگوزاریی باشتر و رێگاوبانی باشتر و هەلی كاری زیاتری دەوێت.
جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند: هەرێمی كوردستان ژێرخانی ئابوورییەكی بەهێزی نییە، بۆیە گەشەپێدانی ئابووری بە خاوی دەچێتە پێشەوە، داوایكرد كۆماری چین لەمڕووەوە هاوكار و یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بێت، بە تایبەتیش هانی كۆمپانیا و وەبەرهێنەرەكانی بدات لە بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵدا لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن. ئامادەیی حكومەتی هەرێمیشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و ئاسانكارییەك بۆ ئەو كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانەی چین كە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی باسی لە پێویستی دروستكردنی پەیوەندیی و هەماهەنگی لەنێوان زانكۆكانی چین و هەرێمی كوردستاندا كرد و داوایكرد لە زانكۆكانی چین دەرفەتی زیاتر بۆ خوێندكارانی هەرێمی كوردستان دابین بكرێت.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان