سەرۆك كۆمار: پێویستە هەموان بە گیانی لێپرسراوێتییەوە مامەڵە بكەین بە ئاڕاستەی هێوركردنەوەی دۆخەكە

10:37 - 2022-08-30
عیراق
559 جار خوێندراوەتەوە

بەیاننامە

وڵاتەكەمان بە هەلومەرجێكی ناهەمواردا تێدەپەڕێت، بۆیە پێویستە هەموان بە گیانی لێپرسراوێتییەوە مامەڵە بكەین بە ئاڕاستەی هێوركردنەوەی دۆخەكە و نەهێڵین وڵاتەكەمان بەرەو دووڕیانێكی نادیار و مەترسیدار هەنگاو بنێت، كە هیچ كەس و لایەنێك لێی سوودمەند نابن.
خۆپیشاندانی ئاشتییانە و دەربڕینی بیروڕای ئازاد، مافێكی دەستووری پارێزراوە، بەڵام پێویستە خۆپیشاندەران پابەندی یاسا و پاراستنی ئاسایشی گشتیی وڵات بن. پەكخستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت كارێكی مەترسیدارە و وڵات و بەرژەوەندیی هاووڵاتیان دەخاتە مەترسییەكی گەورەوە، بۆیە داوا لە رۆڵەكانمان لە خۆپیشاندەران دەكەین دامەزراوەكانی دەوڵەت جێبهێڵن و رێگە بە هێزە ئەمنییەكان بدەن ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن بۆ پاراستنی ئاسایش و موڵك و ماڵی گشتی.
رووداوەكانی ئەمدواییەی وڵات ئەركێكی گەورە و گران دەخاتە سەرشانی سەرجەم هێزە نیشتمانییەكان كە بە گیانێكی بەرپرسانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێستادا بكەن و لەم قۆناغەدا لە پێناوی ئاشتی و ئارامی و بەرژەوەندیی هاووڵاتیان، كێشە و گرفت و ململانێكانیان وەلانێن و خۆیان لە توندوتیژی و خوێنڕشتن بپارێزن و لە خەمی پاراستنی وڵات و نیشتمان و سیستمی دیموكراسی و دەستووری وڵاتدا بن، گەلەكەمان لە پێناوی عیراق باج و قوربانی زۆریداوە، بۆیە ناكرێت بە ئاسانی دەستبەرداری بین و بە كەم سەیری بكەین.

د.بەرهەم ساڵح
سەرۆك كۆماری عیراق

#سەرۆك كۆمار

بابەتە پەیوەندیدارەکان