״پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و كاروانی دیموكراسی و دەستووری״

10:55 - 2022-08-30
عیراق
889 جار خوێندراوەتەوە

د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق دوێنێ 29ی ئابی 2022، میوانداری كۆبوونەوەیەكی كرد بە ئامادەبوونی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و دادوەر فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، تاوتوێی دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی وڵات كرا.
لە بەیاننامەی كۆبوونەوەكەدا هاتووە: ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە دووپاتیانكردەوە كە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و كاروانی دیموكراسی و دەستووری ئەركی هەموو عیراقییەكانە، هەروەك ئەركی دامەزراوەكانی دەوڵەت و هێزە سیاسییە نیشتمانییەكانە، هاوكات جەختكرایەوە گفتوگۆ و دانوستانی بونیادنەر تاكە بژاردەیە بۆ كۆتاییهێنان بە سەرجەم ناكۆكییەكان، بەپێی بەیاننامەكە «ئامادەبوان پشتیوانی خۆیان بۆ دەستپێشخەرییەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەربڕی لەوەی لەم هەفتەیەدا گەڕێكی تازەی گفتوگۆی نیشتمانی دەستپێبكاتەوە بە مەبەستی تاوتوێكردنی سەرجەم ئەو بیرۆكە و دەستپێشخەرییانەی پەیوەستن بە چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی، هەروەها جارێكی دیكە داوا لە رەوتی سەدر كرا ئامادەی كۆبوونەوەكانی گفتوگۆی نیشتمانی بن».
هەر لەمیانی كۆبوونەوەكەدا «ئامادەبوان دووپاتیانكردەوە كە سەرجەم هەوڵەكان بۆ چاكسازی و پەرەپێدانی دامەزراوە جۆراوجۆرەكانی وڵات بەرز دەنرخێنن لە پێناوی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هاوكات بە پێویستی دەزانن كە گفتوگۆ و دانوستانی نیشتمانی هەموو ئەو بابەتانە لەخۆ بگرێت كە پەیوەستن بە بەرجەستەكردنی داوا رەواكانی خەڵك بۆ ژیانێكی باشتر لەسەر ئەرزی واقع»، ئاماژەیان بەوەشدا «پێویستە سەرجەم هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان لە ئاست بەرپرسیارێتی قۆناغەكەدا بن بەوەی لە هەموو روویەكەوە دۆخی وڵات بەرەو هێوركردنەوە بەرن و بارگرژییەكان خاوبكەنەوە و بەر بە ئاڵۆزییە سیاسییەكان بگرن، بەشێوەیەك ژینگەیەكی گونجاو و لەبار بۆ گفتوگۆ و دانوستان بێتەئاراوە و چارەسەری گونجاویش بۆ كێشە جۆراوجۆرەكان بدۆزرێتەوە».

#سەرۆك كۆمار

بابەتە پەیوەندیدارەکان