سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازیکرد باڵيۆزى كۆمارى چين لە عیراق

06:35 - 2022-08-30
کوردستان
929 جار خوێندراوەتەوە

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە تسوى وى، باڵيۆزى كۆمارى چين لە عیراق.
‏‎لە دیدارێكدا كە ئەمین بابەشێخ، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان و د.سۆران جەمال تاهیر، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئامادەبوون، دۆخی سیاسیی عیراق و هەرێم و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی ئابووری و كلتوری تاوتوێكرا.
‏‎لە دیدارەكەدا جەخت لە چارەسەركردنی كێشەكان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكاندا كرایەوە. هەردوولا هاوڕابوون كە دۆخی ئەمڕۆی عیراق پێویستی بە گفتوگۆی نیشتمانی و بەرپرسیارانەیە لەپێناوی بونیادنانی داهاتوویەكی سەقامگیر. لەسەر ئاستی هەرێمیش فراوانكردنی پەیوەندی لەمێژینەی نێوان هەرێم و چین بە گرنگ وەسفكرا كە سەرۆك مام جەلال بناغەدانەر و گەشەپێدەری بووە.
‏‎سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لەبارەی رووداوەكانی ئەم دواییەی عیراق روونكردنەوە و وتی، ئێمە لەسەرەتاوە لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكان و زاڵكردنی زمانی گفتوگۆدا بووین. هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكەمان داوە و كارمان بۆ یەكڕیزی و هەماهەنگی نێوان لایەنەكان كردووە. ئەركی هەموولایەكە هەوڵەكان لەپێناوی ئاشتی، سەقامگیری و بونیادنانی وڵات چڕبكەنەوە.
‏‎لەبەرامبەردا تسوى وى، باڵيۆزى كۆمارى چين پیرۆزبایی هەڵبژاردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی كرد وەك سەرۆكی یەكێتی و وتی، بەگرنگییەوە لە رۆڵ و پێگەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڕوانین و دڵنیاین یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەستێكی ئەمیندایە. هەوڵەكانی سەرۆك بافڵ لە رابردوودا سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە یەكێتی پارێزەر و درێژەپێدەری سیاسەتە حەكیمانەكەی سەرۆك مام جەلالە.

 

#بافڵ جەلال تاڵەبانی #پیرۆزبایی بۆ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان