ئەمڕۆ یادی
خەمی نیشتمانی و کارەساتی نەتەوەیی 31 ی ئابە کە شەڕی ناوخۆ و ناکۆکی سیاسی لە وڵاتەکامان
گەیاندە لووتکە و خیانەتێکی مێژوویی لێکەوتەوە، وەختێک سوپای بەعسی فاشی، لە 31-8-
1996 هەولێری پایتەختی حوکمڕانی کوردستانی داگیر کرد بە هاوکاری هێزەکانی پارتی دیموکراتی
کوردستان.
دوای چەندین
ناکۆکی و ناخۆشی شەڕی براکان، گەلەکەمان و کەسوکاری شەهیدان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش
ئەم برینە قووڵەیان بە پێکەوەیی و ویستی یەکریزی کوردەواری گۆڕییەوە و لاپەڕەی خەمناکی
ناکۆکیان سپارد بە ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوە بەرەنگاری هەڕەشەکانی سەر میللەتەکەمان.
ئەمڕۆش
هەمان ویست و پێویستی لە ئارادایە، کە هەڕەشەی سەر کۆی پڕۆسەی سیاسی عیراق بە کوردستانیشەوە
وامان لێدەخوازێت بەرەی ناوخۆیی کوردستانی پتەو بکەین، بۆ ئەوەی پێکەوە هەموو لایەنەکانی
کوردستان بپەرژێنە سەر ئەرکەکانی قۆناغی داهاتوو، کە داکۆکییە لە مافەکانی گەلەکەمان
لە عیراقێکی دیموکرات و فیدراڵ و تەوافوقیدا.
نەمری بۆ
سەرجەم شەهیدانی 31 ئاب و تەواوی شەهیدانی گەلەکەمان.
مەکتەبی
راگەیاندن
31ی ئابی 2022