مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سوریا، لە بروسكەیەكی پیرۆزباییدا، كە ئاڕاستەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی كردووە بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پابەندبوونی حزبەكەیان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی لەگەڵ یەكێتی دووپاتدەكاتەوە، كە هەردوو سەركردەی كۆچكردوو مام جەلال تاڵەبانی و حەمید دەروێش، لەماوەی زیاتر لە نیو سەدەدا بنیاتیانناوە، ئومێدیش دەكەن ئەو پەیوەندییانە پتەو و قووڵتر ببنەوە لە خزمەتی دۆزی گەلەكەماندا.
هەروەها، بزووتنەوەی دیموكراسیی ئاشووریی، لە بروسكەیەكدا پیرۆزبایی لە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی دەكات بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
لە بروسكەكەدا هاتووە: هیواخوازین لەسەر رێبازی سەرۆك مام جەلال بەردەوام بن، كە ئەو رێبازە نیشتمانییە بەشێكە لە پڕۆسەی سیاسی و دیموكراسی لە عیراق و هەرێمیشدا بە ئامانجی تەواوكردن و دروستكردنی سیستمێكی دیموكراسی دادپەروەر و بەدەستهێنانی هاوبەشیی نەتەوەیی و نیشتمانی.