تێڕامان و خوێندنەوە بە تێڕامانەوە

08:26 - 2022-03-29
کەلتور
695 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

تێڕامان
تێڕامان حاڵەتێکە هۆشی مرۆڤ دەباتەوە ناو کرۆکی شتەکانەوە و وا دەکا مرۆڤ لە بنەڕەتی شتەکانەوە لە شتەکان تێبگا. مرۆڤ ئەو کاتە دەتوانێ تیڕامان بکا کە پێشتر هۆشی کۆنتڕۆڵ کردبێ و هەستەکانی کۆکردبێتەوە، یانی سەرەتا دەبێ هۆشمان بەدەستی خۆمانەوە بێ، واتە خۆمان پێی بڵێین گرنگی بە چ شتێک بدا و گرنگی بە چ شتێک نەدا، ئینجا دوای ئەوە هەستەکانمان کۆ بکەینەوە. کۆکردنەوەی هەستەکان یانی ئەوەی هەستەکانمان لە شتەکانی دەرەوە وەرگرینەوە و بەرەو ناوەندی خۆیان بیانگەڕێنینەوە. بۆ ئەوەی ئەم بابەتە روونتر بێ، با وای دابنێین ئێمە وەک تاکەکەس «هەست»ین و ماڵەکەمان ناوەندی ئێمەیە، گەڕانەوەی ئێمە بۆ ماڵەوە وەک گەڕانەوەی هەستەکانمان وایە بۆ ناوەندی خۆیان. کاتێ ئێمە لەدەرەوەین ماندوو دەبین، تواناکانمان لاواز دەبن، بەڵام کاتێ دێینەوە ماڵەوە پشوو دەدەین و بەهێز دەبینەوە. ئەگەر ئێمە ماڵێکمان نەبێ سەرگەردان دەبین، هەر ساتەو لە شوێنێک دەبین، لێرەوە لەهەموو روویەکەوە سات بە سات لاوازتر دەبین، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە لەو سەرگەردانییە رزگارمان دەبێ. لە ماڵەوە پشوو دەدەین و تازە دەبینەوە و وزەمان بەرز دەبێتەوە. هەستەکانیشمان رێک وان، ئەوان ناوەندێکیان هەیە، واتە ماڵێکیان هەیە، بەڵام وەک دەزانین هەستەکانمان لەدەرەوەی ناوەندی خۆیان هەمیشە سەرگەردانن. هەستەکانمان تا زیاتر لە ناوەندی خۆیان دوورتر بکەونەوە لاوازتر دەبن، رێک وەک تیشکی خۆر، تیشکی خۆر تا زیاتر لە ناوەندی خۆی دوورتر بکەوێتەوە رووناکی و گەرما و وزەی کەمتر دەبێتەوە و لاوازتر دەبێ، بەڵام لەناوەندی خۆیدا ئەوپەڕی رووناکی و گەرما و وزەیە. هەستەکانی ئێمەش رێک وان، کاتێ لەناوەندی خۆیان دوور دەکەونەوە لاواز دەبن، بەڵام کاتێ لەناوەندی خۆیاندان هیچ حاڵەتێکی نەرێنی و ناخۆش ناتوانێ کاریان تێبکا و کۆنتڕۆڵیان بکا. 
بۆچی هەستەکانی ئێمە ئەوەندە دوور دەکەونەوە؟ هۆکارەکەی ئەوەیە «هۆش»مان سەرگەردانە، یانی هۆشمان بەدەست خۆمانەوە نیە، لەم حاڵەتەدا یان بابەتە ئەزموونکراوە جیاجیاکانی ناو زەینمان، یان خەیاڵ و وەهمەکان هۆشمان پەلکێش دەکەن، یان خۆی لەناو زەینماندا سەرگەردان دەبێ. لێرەوە هۆشمان بۆ هەر شوێنێک بڕوا هەستەکانمان بۆ ئەوێ دەڕۆن و وزەی ئێمە بۆ ئەوێ دەبەن و لەوێ وزەکە دەسووتێنن، لێرەوە هەستەکانمان لاواز دەبن و ئاستی وزەمان دادەبەزێ. یانی ئەگەر کەسێک گوتی بێ وزەم، بەهۆی ئەم رووداوانەوە وزەی دابەزیوە. 
هەستەکانی ئێمە کەرەستەی تێگەیشتن و ئەزموونکردنی هەقیقەتن، بەڵام بە هۆی ئەوەی سەرگەردانن و قەت لە ماڵەوە نین، ناتوانن کارکردی خۆیان جێبەجێ بکەن، کەواتە ئێمە هەرگیز هەقیقەت درک ناکەین. بۆ ئەوەی هەقیقەت درک بکەین دەبێ هەستەکانمان لەناوەندی خۆیاندا خامۆش بن، کووژانەوەی هەستەکان یانی گەڕاندنەوەی هەستەکان بۆ ناوەندی خۆیان. 
هەر کاتێ ئێمە هۆشمان کۆنتڕۆڵ کرد، کۆکردنەوەی هەستەکان ئاسان دەبێ، کاتێ هەستەکانمان گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دەتوانین بۆ ماوەیەکی زۆر سەر بابەتێک رایانبگرین، دوای ئەوەش توانیمان لەسەر بابەتێک بۆ ماوەیەکی زۆر هەستەکانمان رابگرین، تێڕامان روودەدا، واتە بیرکردنەوە دەوەستێ و هۆش و ئاگاییمان دەچێتە ناو کرۆکی شتەکان و بابەتەکانەوە و لەبنەڕەتییانەوە لێیان تێدەگا و ئێمە بەم شێوەیە تێدەگەین. تەنانەت هەندێ جار نازانین چۆن لەو شتە تێگەیشتووین، بەڵام پرۆسەکە بەم شێوەیەیە کە باس کرا، یۆگا ئاگایانە فێری ئەوەمان دەکا. ئەم رێگەیە رێگە هەرە سەرەکییەکەی درک کردنی هەقیقەتە.

خوێندنەوە بە تێڕامانەوە
خوێندنەوە ئەگەر بەتێڕامانەوە نەبێ نەتەنیا نابێتە هۆی تێگەیشتن لە راستیی و لە هەقیقەت، بەڵکو دەبێتە هۆی دوور کەوتنەوەی زیاتر لە راستتی و لە هەقیقەت، بەڵگەش بۆ ئەم راستییە ئەمەیە کە رۆژانە خەڵکێکی زۆر لە بواری جیاجیادا دەخوێننەوە، بەڵام وەک دەبینین خەڵکانێکی کەم هەقیقەتیان درک کردووە، واتە خۆیان دۆزیوەتەوە و ئارام بوونەتەوە و ئۆقرەیان گرتووە، ئەوەیتر هەمووی سەرگەردان و لە شەڕ و ململانێی جۆراجۆردایە و خوێندنەوەکەی زیاتر ونی دەکا. خوێندنەوە بە تێڕامانەوە یانی خوێندنەوە بە زەینی خامۆشەوە، یانی بە گوێرەی پێوەر و تێگەیشتن و ئەزموونەکانتەوە نەخوێنیتەوە، ئەگەر بە گوێرەی ئەوان بخوێنیتەوە ئەوا هەر ئەوان قەبەتر دەکەی، نەک ئەوەی لە شتەکان تێگەیشتبی، بۆ نمونە ئەگەر کەسێک لەبارەی بابەتێکەوە بخوێنێتەوە و بە گوێرەی پێوەر و تێگەیشتنە پێشوەختەکانی بخوێنێتەوە، لەم بوارەدا تەنیا زانیارییەکانت لەم بوارەدا زیاتر دەبێ، نەک ئەوەی لە بابەتەکە تێگەیشتبی. 
خوێندنەوە بە تێڕامانەوە دەبێتە هۆی خۆ خوێندنەوە، لەڕاستیدا ئێمە هەر هەوڵێکمان بۆ تێگەیشتن لە شتەکان و بابەتە جیاجیاکان بۆ تێگەیشتن لە خۆمانەوە، کاتێ بێ زەین دەخوێنینەوە، خۆمان دەخوێنینەوە، واتە خۆمان دەناسین. لە لایەکیتریشەوە خوێندنەوە لە دوای تێڕامانەوە کاکڵی مەعریفەی مرۆڤەکە پڕتر دەکا، کاتێ کەسێکی وا قسە دەکا، قسەکانی قووڵ و هاوسەنگ و ئازادن، لەجەمسەرێکەوە نەهاتوون، رووکەش و ناهاوسەنگ و دیکتاتۆر نین.
خوێندنەوە بە تێڕامانەوە، دەبێتە هۆی تێگەیشتنی دروست، واتە تێگەیشتن لە شتەکان وەک ئەوەی کە خۆیان هەن نەک وەک ئەوەی ئێمە لێیان تێدەگەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان