واباوە خەڵکی هەژار و دەستکورت بەدەست نان دەخۆن دەوڵەمەند و خوا پێداوەکانیش بە چەتاڵ و کەوچک، خەڵکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست وا راهاتون دەست و پەنجەکانیان بخەنەناو چێشت و لەزەت لە مجۆرە ئەتوارە وەردەگرن، ئایا لە رووی تەندروستییەوە کامیان باشترە و جیاوازیەکانیان چییە؟
لە رووی مێژووییەوە
بەپێی سایتی You Travel بێت، دیرۆکی مێژوویی ئەو خەسڵەتەی رۆژهەڵاتیەکان زۆر کۆنە و لەسەردەمی شارستانیەتیەکانی فیرعەونی و هیندی و یۆنانیەکان هەبووە، تا چەرخەکانی ناوەڕاستیش خەڵکی هەر بەدەست نانیان دەخوارد، هیندییەکان شیکارییەکی سەرسوڕهێنەری بۆ دەکەن و دەڵێن هەریەکە لە پەنجەکان گوزارشت لە رەگەزێکی سروشت دەکات بۆ نموونە پەنجەی گەورە هەواو ناوەڕاست ئاگر و پەڕگە ئاو و پەنجەی توتەش زەوی، کاتێک مرۆڤ بەدەست ناندەخوات هەموو پەنجەکانی ئاوێتەی خواردنەکە دەبن و تێکەڵییەک لەگەڵ رەگەزەکانی سروشت پەیدا دەکەن، بەمجۆرە تام و بۆن و بەرام و لەزەتێکی تایبەت دەبەخشنە خواردنەکە، هەروەها زانستی ئیرۆفیدای هیندی سەلماندویەتی پەنجەکان هەرسکردنی خواردنەکە خێراتر دەکەن.
لەڕووی زانستیەوە
هەرچەندە نانخواردن بە کەوچک و چەتاڵ ئاسانتر و پاکتر و بە ئەتەکێتترە، بەڵام زانایان دەڵین لە کاتی بەکارهێنانی دەست پەنجەکان زیاتر دەجوڵێن بە مەشقێکی خێرا سوڕی خوێن چالاکتر دەکەن، جگە لەوەش زانست پێیوایە لەسەر دەست و پەنجەکان بەکتریای سودبەخش هەیە و لەگەڵ بەکارهێنانیدا ئاوێتەی خواردنەکە دەبێت و هەرسکردنەکە خێراتر دەکات، بەپێی گۆڤاری Flavor ی بەریتانیش بێت لەرووی دەروونییەوە دەرکەوتووە پەنجەکان وادەکەن لەسەرخۆتر نان بخۆیت بەو پێیە ماوەی تێربوون 20 دەقەیە کورتردەبێتەوە و کەمتر دەخورێت، توێژینەوەکان دەریانخستوە ئەوانەی بەدەست ناندەخۆن کەمتر تووشی نەخۆشی شەکرە دەبن وەک لەوانەی تر.
سەرچاوە: Stil.de