هەنگوینی تاڵ بۆچی باشە؟

11:11 - 2022-09-04
ژینگە
668 جار خوێندراوەتەوە

ئا: تارا شێخ عوسمان

زۆربەی کەسەکان حەزیان لە هەنگوینە و لەکۆنەوە سوودی لێوەرگیراوە بۆ دروستکرنی خواردەمەنییە جیاجیاکان، بێجگە لە سوودە خۆراکییەکانی بۆ مەبەستی پزیشکیش وەک دەرمان بەکارهێنراوە، باشترین بەڵگەش نیگار و وێنە و دەستنووسە کۆنەکان راستی ئەوە دەسەلمێنن، بەڵام لە ناوەڕاستی سەدەی بیست کە پێشکەوتنی بەرچاو لە دەرمانەکانی دژەتەندا روویدا، پشتبەستن بە هەنگوین وەک چارەسەر پشتگوێخرا.
 ئەوانەی باسمان کرد دەربارەی ئەو هەنگوینەیە کە شیرینە، بەڵام زانیارییە نوێیەکانمان لەسەر هەنگوینی تاڵە، دوو جۆر هەنگوینی تاڵ هەیە یەکێکیان هەنگوینی (کۆربیزۆلۆ)یە و مێژووی بەکارهێنانی دەگەڕێتەوە بۆ(2000) ساڵ پێش ئێستا و هەنگەکان لە گوڵی جۆرە درەختێکەوە بەرهەمی دەهێنن  بە درەختی شلیک ناسراوە و لە دوورگەی سەردینیای ئیتالیا هەیە.
 جۆرەکەی تریان پێیدەوترێت (مانوکا)  و تەنها  لە نیوزلەندا هەیە و بە یەکێک لە بەرهەمە پڕ فرۆشەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت و بە هەنگوینی تاڵ دەوترێت (ئاڵتونی شل) ئەویش بەهۆی گرانی نرخەکەیەوەیە هەندێکجار نرخی یەک کیلۆگرام لەو جۆرە هەنگوینە سێ هێندەی نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوە.
هەرچی هەنگوینی جۆری (کۆربیزۆلۆ) یە لە سەرچاوە مێژووییەکاندا ئاماژەی پێدراوە و بۆ یەکەمجار دەوڵەتمەدار و پارێزەر و فەیلەسوفی رۆمای کۆن مارکۆس تۆلیۆس شیشرۆن کە بەخراپی باسی هاووڵاتیان و شتەکانی کردووە وتویەتی وەک هەنگوینی کۆربیزۆلۆ تاڵن، رەنگە شیشرۆن نەیزانیبێت ئەو جۆرە هەنگوینە  دەوڵەمەندە بە توخمە خۆراکییە گرنگەکان و پڕە لە ڤیتامین و کانزا.
هەنگوینی جۆری (کۆربیزۆلۆ) لە کۆتا قۆناغی دروستکردنیدا بۆن و تامی دوکەڵ دەدات، هەرچی جۆری (مانوکا)یە بۆنی خۆڵی تەڕی لێدێت و پسپۆڕان هۆکاری ئەو تاڵییە دەگێڕنەوە بۆ ئەو ئارپۆتین گلیکۆسیدەی تێیدایە کە بریتییە لە چەند گەردیلەیەک لەگەڵ شەکری ئەو رووەکانەدا یەکدەگرن و هەنگەکان سوودیان لێدەبینن بۆ دروستکردنی هەنگوین.

بۆچی باشن؟
* نەهێشتنی ترشەڵۆکی گەدە: هەنگوینی مانوکا بەهۆی سیفاتە دژە بەکتریاکانی توانای کەمکردنەوەی ترشەڵۆکی گەدەی هەیە و هاوسەنگیی کۆئەندامی هەرس رادەگرێت.
* هەردوو جۆرەکەی هەنگوین بۆ چارەسەرکردنی ئەکزیما بە سوودن.
* هەردوو هەنگوینی جۆری (مانوکا)و(کۆربیزۆلۆ) بۆ خۆپاراستن لە میکرۆبە سوپەرەکان باشن کە بەمیکرۆب گەلێکی توندوتۆڵ و بەرگەگر ناسراون و خۆیان راهێناوە لەگەڵ دژە بەکتریاکاندا.
* بەهۆی دەوڵەمەندییان بە توخمەکانی کالیسیۆم و زینک و فۆسفۆڕ، بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی دان بە سوودن.
* بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی قۆڵۆن، قوڕگ و کۆئەندامی بەرگری بە سوودن.
* خەوی مرۆڤ رێکدەکەنەوە و کەمخەوی ناهێڵن.

سەرچاوە:  شبكة النبأ الاخبارية 


بابەتە پەیوەندیدارەکان