سیستەمی خۆراکی دژە هەوکردن

11:12 - 2022-09-04
ژینگە
768 جار خوێندراوەتەوە
هەندێ خۆراک کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن

ئا: دڵان سامان

هەموو ئەو راستییە دەزانین خۆراک و سیستەمی خۆراکی چەندە کاریگەری لەسەر تەندروستی جەستە هەیە، بە تایبەتی لە رووی زیادکردن یان کەمکردنەوەی هەوکردن لە جەستەدا کە هۆکاریی سەرەکی بۆ توشبوون بە شێرپەنجە زیادبوونی هەوکردنە لە جەستەدا لەگەڵ کەمبوونەوەی توانای خانەکانی جەستەیە بۆ خۆ نوێکردنەوە، بۆیە دەپرسین ئایا سیستەمێکی خۆراکی هەیە دژە هەوکردن بێت بۆ جەستە و سودەکانی چییە و دەکرێت هەموو کەسێک پەیڕەوی بکات؟

ئەو سیستەمە چییە؟
هەرچەندە ناتوانرێت کۆنتڕۆڵی هەموو هەوکردنەکانی جەستە بکرێت، بەڵام هەندێ خۆراک کاتێک دەیانخۆیت کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن بەتایبەتی ئەو جۆرانەی درێژخایەنن، ئەو خۆراکانەش ئەو جۆرانەن کە رووەکین و دەوڵەمەندن بە سوودە خۆراکییەکان و وزەی کەمیان تێدایە لەگەڵ بوونی چەوری پێویست و بەسوود و ئۆمێگا 3.   
ئەمە لە کاتێکدایە ئەو سیستەمە هانت دەدا هەندێ خۆراک بخۆیت، بەڵام بەشێوەیەکی توندوتیژ پابەندت ناکات پێیەوە و زیاتر شێواز و ستایلی ژیانە وەکو لەوەی رێجیمێک بێت و پەیڕەو بکرێت.
بەگشتی ئەو خۆراکانەی تەندروستن هەمان ئەو خۆراکانەن کە لەم سیستەمەدا هەن لەوانە:
(میوە و سەوزە، ماسی چەور وەکو سەلەمون، چەرەسات، پاقلەمەنییەکان، دانەوێڵەی تەواو کە پڕن لە ریشاڵی خۆراکیی).
گرنگیشە بزانرێت یەکێک لەبنەما سەرەکییەکانی هەر سیستەمێکی خۆراکیی دژە هەوکردن باڵانسی چەورییە بەسوودەکانە، ئەوەش مانای وایە دەبێت چەوری ئۆمێگای 3 یاخود ئەوەی پێیدەوترێت Cod Liver وەربگیرێت و دووربکەویتەوە لە خۆراکە پڕچەورییە خراپەکان وەکو خواردنە سوورەوەکراوەکان، جگەلەوەی زیاتر مادەکانی وەکو پریبایۆتیکس و پرۆبایۆتیک و بەهاراتەکان بخورێت وەکو: زەردەچەوە و بیبەری رەش و زەنجەفیل، هەروەها کاتەکانی نانخواردن رۆڵیان هەیە لە کۆنتڕۆڵکردنی شەکرەی خوێن و کەمکردنەوەی هەوکردن بە پەیڕەوکردنی سیستەمی رۆژووی پچڕ پچڕ.

ئەو خۆراکانەی نابێت بخورێت 
کاربۆهێدراتی وەکو نانی سپی و ئیشی هەویر و پەتاتە، خواردنی سوورەوەکراو، شەربەت، گۆشتی سور»ئەگەر خواردت چای سەوزی بەسەردا بخورێت» گۆشتی لەقوتونراو دروستکراو.
هەندێکیش پێویستیان بەوەیە دورتر لەوە بڕۆن بەوەی هەندێ سەوزەش نەخۆن وەکو تەماتە، باینجان، بیبەر، چونکە تووشی گرژبوونی ریخۆڵەکانیان دەکات.

کەی پەیڕەو بکرێت؟
پسپۆرانی بواری خۆراک وای دادەنێن ئەم سیستەمە بۆ زۆر کەس گونجاوە و هەر کەسێک نەخۆشییەکانی پەیوەست بە بەرگری لەشەوە و نەخۆشی جومگەکانی هەبێت بۆی گونجاوە، هەروەها وەرزشەوانان و هەر کەسێک بیەوێت سیستەمی خۆراکی خۆی رێکبخات دەتوانێت پەیڕەوی بکات و بەگشتی زیانی نییە.  

سەرچاوە: www.mayoclinic.org

بابەتە پەیوەندیدارەکان