کێ دەستی بەهرەمەندان دەگرێت؟

11:15 - 2022-09-04
ژینگە
590 جار خوێندراوەتەوە
ئۆتۆمبێلێک رووی دەرەوەی بە دار رووپۆشکراوە

راپۆرتی، هێمن ئەحمەد

بەهرەمەندان ئەو پێكهاتەیەی كۆمەڵگەن لە ساتی دیاریكراودا بەهۆی ژینگەی رۆشنبیری و توانای هزرییانەوە پێدەگەن، بەڵام زۆرجار لەكاتی سەرهەڵدان و گەشەكردنیاندا تووشی چەندین ئاستەنگ و دەبن لەلایەن كۆمەڵگەوە.

سەركەوتن بەسەر ئاستەنگەكاندا
 لەو بارەیەوە عەبدوڵڵا ئەحمەد دانیشتووی گەڕەكی تەپەی مەلا عەبدوڵڵای كەركوك پیشەی دارتاشییە، لەبارەی دروستكردنی ئۆتۆمبێلێک بەدار دەڵێت: بیرۆكەی دروستكردنی ئەم ئۆتۆمبێلە دەگەڕێتەوە بۆ کاتی كەرەنتینە لەو ماوەیەدا بەهۆی مانەوە لەماڵەوە بۆ بەسەربردنی كات هەوڵمدا ئەو بیرۆكانەی لە رابردوودا هەمبوون لە كاری جوان جێبەجێی بکەم، ئەوەش ئۆتۆمبێلێكە هەموو كەرەستەكانی دەرەوەی لەدار دروستكراوە، بۆیە كاتێك ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل 1953 م دەستكەوت دەستبەجێ كڕیم و كەوتمە هەڵوەشاندنەوەی رووكەشی دەرەوەی و دووبارە بەدار دروستم كردەوە.
وتیشی: ئاستەنگێكی زۆر هاتە رێگەم، بەڵام توانیم ئەو كەرەستانە لە سلێمانی بە دەستبێنم بەتایبەتی ئەو دارانەی بەرگەی سەرما و گەرما دەگرن و لەماوەی شەش مانگدا كارەكەم بەسەركەوتوویی تەواو کرد و سەرنجی خەڵكیم بۆلای خۆم راكێشا، بێگومان گەر هاوکاریی بکرێم دەتوانم نموونەی تر دروستبکەم.

داهێنانی ئەلیکترۆنی
ئەحمەد یاسین دەرچووی بەشی ئەلیكترۆنە لە ئامادەیی پیشەسازی كەركوك وتی: ماوەیەكی زۆرە لە بواری ئەلیکترۆندا گەلێك داهێنانم كردووە، لەسەرەتادا لە كەرەستەكانی ماڵەكەی خۆم و هاوڕێکانمەوە دەستم پێكرد و گەلێك ئامراز و كەرەستەم دروستكرد، هەندێكیان تاوەكو ئێستا گرنگی خۆیان هەیە لەوانە کەرەستەی ئاودانی باخ و كێڵگەو ماڵەكان.
ئەحمەد دەڵێت: زۆر هەوڵمدا پرۆژەكەم فراوان بكەم، لەگەڵ لایەنێك یان كۆمپانیایەك كار بكەم بۆ دروستكردنی ئەو ئامێرانە، بەڵام نەمتوانی ‌و كەس بەدەنگ داواكارییەكەمەوە نەهات، ئەمەش تووشی بێ‌ ئومێدیی كردم، بۆیە گەر یەكێك داوام لێ نەكات لەو بوارەدا كار ناكەم، ئەو بابەتانەی دروستیان دەکەم بریتین لە: ئامرازی ئاگاداركردنەوە، ئامرازی ئاودانی باخچەو كێڵگەكان، ئامرازی ئاگركەوتنەوە، ئامرازی كامێرای چاودێری..هتد.

سەعاتێكی ناوازە
ئەندازیار سابیر مەلا بچكۆل دانیشتووی گەڕەكی ئازادی شاری كەركوك یەکێک بوو لە قوربانیانی دەستی داهێنان، داهێنانەکەی بریتی بوو لە دروستكردنی سەعاتێكی ئەلیكترۆنی سەرنجڕاكێش لە سەردەمی بەعسدا سەرنجی راكێشاو داوایان لێكرد سەردانی بەغدا بكات، بەڵام بەدەم داواكارییەكەیانەوە نەچوو، بۆیە راپێچی زیندانیان كرد و لەسێدارەیاندا.

دەزگای هەڵسەنگاندن بۆ داهێنان
سمكۆ بەهرۆز نووسەرو رۆژنامەنووس، لەبارەی  بەهرەمەندانەوە دەڵێت: بەهرەمەندان لە هەر سەردەمێكدا جیاوازی خۆیان هەیە بۆ نموونە لەسەردەمی حكومەتی بەعسدا ئەگەر یەكێك بەهرەمەند بوایەو داهێنانەكانی لە ئاستی داخوازییەكانی بەعسدا نەبوایە ئەوە چارەنووسێكی نادیار چاوەڕێی دەكرد نموونەشمان بۆ ئەوە زۆرە.
وتیشی: لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە گەلێك داهێنەران و بەهرەمەندان سەریانهەڵداوە و لێرەو لەوێ داهێنانەكانیان لەبوارە جیا جیاكاندا باس دەكەن، ئەگەر كاری لەسەر بكرێت ئەوە بۆ حکومەتی هەرێم بە سوود دەگەڕێتەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەتوانراوە دەزگایەك لەم هەرێمدا دروست بكرێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەو داهێنانانە بکات و لەڕووی داراییەوە هاوکاریی ئەوانە بکرێت. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان