قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و باربارا لیڤ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دواپێشهاتە سیاسییەكانی عیراق و ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدایان لەسەر پرسی نەوت و گاز تاوتوێ كرد.
لە كۆبوونەوەیەكی نێوان قوباد تاڵەبانی و باربارا لیڤدا، باس لە ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرا لەسەر پرسی نەوت و گاز و بودجە و قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ئێمە كێشەمان لەگەڵ ئەوەدانییە كێ نەوت دەفرۆشێت، بەڵكو كێشەی ئێمە گەرەنتیكردنی بودجە و شایستە داراییەكان و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانە، داواشیكرد ئەمریكا لەمبارەیەوە زیاتر هاوكاربێت لە چارەسەركردنی دەستوورییانەی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە رەوشی سیاسی عیراق و دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی بەغدا كرا و هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە لایەنە سیاسییەكان لەڕێی گفتوگۆی نیشتمانییەوە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن .
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا باسی هەنگاوەكانی چاكسازی حكومەتی هەرێم كرا و قوباد تاڵەبانی جەختیكردەوە كە حكومەتی هەرێم پێداگرە لەسەر ئەوەی پرۆسەی چاكسازی لەهەموو سێكتەرەكاندا هەنگاو بەهەنگاو جێبەجێ بكات و داواشیكرد لەو رووەوە هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ هەرێم بەردەوام بێت .