راپۆرتی: جێگر خدر
وەرێ، گوندێکی دۆڵی خۆشناوەتی ناحیەی بێتواتەی قەزای رانیەیە، ئەگەرچی گوندەکە لە ساڵی 1988، لەلایەن رژێمی بەعسەوە کیمیاباران کراوە و دەیان شەهید و برینداری هەبوو، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 34 ساڵ ئەو گوندە هیچ بنکەیەکی تەندروستی لێ نییە و بۆ هەر پێداویستییەکی تەندروستی، دانیشتوانەکەی ناچارن روو بکەنە سەنتەری ناحیەکە یاخود قەزاکە.
هەڵمەتێک لەلایەن بۆردی گەنجانی یەکێتییەوە
بۆردی گەنجانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لەژێر چاودێری ئیدارەی راپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و بە سپۆنسەری کۆمپانیای پایۆنێر، هەڵمەتێکی یەک مانگەیان بۆ چارەسازیی و هۆشیاری تەندروستی لە گوندی وەرێ و گوندە دوورە دەستەکانی دیکە، کە خزمەتگوزاری تەندروستییان تێدا نییە یان لاوازە دەستپێکردووە.
تیمێکی تەندروستی بە دەرمان و کەلوپەلی پزیشکییەوە، هاتوون تا چاویان بە دانیشتوانی وەرێ بکەوێت، ئەوەی چارەسەری سەرەتایی بوێت هەر لەوێ بۆی دەکەن و دەرمانیش بە سپۆنسەری کۆمپانیای هاریکار بەردەستە و بە ئومێدی چاکبوونەوە پێشکەشی نەخۆش دەکرێت، هاوکات بەشێک لەو نەخۆشانەشی وا پێویست دەکات پزیشکی پسپۆر بیبینێت، وەرەقەی بۆ دەکرێت و رەوانەی نەخۆشخانەی رانیە دەکرێت، لەوێش لە لایەن پزیشک و ستافی نەخۆشخانەوە پێشوازییان لێدەکرێت و چارەسەری وەردەگرن.
چارەسەری 120 نەخۆش لە رۆژی یەکەم
هونەر عەدنان، لێپرسراوی بۆردی گەنجانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راپەڕین رایدەگەیەنێت «لە هەڵمەتێکی یەک مانگەی تەندروستیدا، بۆردی گەنجانی یەکێتی و بە چاودێری ئیدارەی راپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راپەڕین و بە سپۆسەری کۆمپانیای پایۆنێر تیمی تەندروستی رەوانەی ئەو گوندانە کرا کە دوورە دەستن و خزمەتگوزاری تەندروستییان تێدا کەمە، لە کارێکی سەرەتا و لە یەکەم رۆژی هەڵمەتەکەدا هەر یەکە لە گوندەکانی وەرێ و مەلۆک و چیوەی خوارو و چیوەی سەروو لە دۆڵی خۆشناوەتی بەسەرکرانەوە».
وتیشی: ئەم هەڵمەتە تەندروستیە خۆی دەبینێتەوە لە پێدانی چارەسەر بە نەخۆشانی ئەو گوندانە، هەروەها لەپاڵ پێدانی چارەسەر، رێنمایی تەندروستییشمان گەیاندە هاووڵاتییان و لە رێگەی تیمەکانمانەوە روونکردنەوەی پێویست سەبارەت بە چۆنیەتی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان بە هاووڵاتییان دراوە، تەنها لە رۆژی یەکەمی هەڵمەتەکەشدا توانراوە چارەسەر بگەیەنرێتە نزیکەی 120 نەخۆش سەرەڕای کردنی پشکنینە سەرەتاییەکانی وەک فشاری خوێن و شەکرە بۆ هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە».
بە خۆبەخش هاریکاری هەڵمەتەکەن
رێکەوت ئیبراهیم، پزیشکی خولاو، کە هاوڕێ لەگەڵ تیمەکەیدا بە خۆبەخشی بەرە و رووی ئەو چالاکییە هاتوون بۆردی گەنجان و هاوکارەکانیان بۆ خزمەتی گوندنشینان دەیکەن، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەوان تێکڕای پێداویستییە سەرەتاییەکانیان لەبەردەستە و دەخرێتە خزمەتی نەخۆشانی گوندنشین، کۆمپانیای سپۆنسەریش درێغی نەکردووە لە هێنانی دەرمانی پێویست، کەلوپەلی پشکنینیشیان ئامادەیە، هەر نەخۆشێک بتوانرێ بە سەرەتایی چارە بکرێت، ئەوان راستەوخۆ نەخۆشییەکەی بۆ دیاری دەکەن و دەرمانی پێویستی پێدەدەن، ئەو نەخۆشانەشی پێویستیان بە بینینی پزیشکی پسپۆڕە جیاوازەکان هەیە، وەرەقەیان بۆ دەکرێت و رەوانەی نەخۆشخانەی رانیە دەکرێن.
داوای کردنەوەی بنکەی تەندروستی دەکرێت
لای خۆیانەوە، گوندنشینانیش دەستخۆشی لەو تیمە تەندروستییە دەکەن و بە هەنگاوێکی گرنگی دەزانن، ئارام دانیشتویەکی گوندی وەرێیە، وێڕای سوپاس و دەستخۆشی لەو تیمە پزیشکییە، داوای لە حکومەتی هەرێم و لایەنی پێوەندیدار ئەوەیە بنکەیەکی تەندروستی بۆ گوندەکەیان بکرێتەوە، باس لەوەش دەکات، بەو پێیەی رژێمی پێشوی عیراق لە ساڵی 1988 گوندی وەرێی کیمیاباران کردووە،»هێشتا کاریگەریی چەکەکە بەسەر دانیشتیوانییەوە ماوە و پێویستمان بە بنکەیەکی تەندروستی و پزیشکانی پسپۆڕ هەیە».
بۆردی گەنجانی یەکێتی، بە بەردەوامی چالاکی هەمەجۆر بۆ خزمەتی هاووڵاتییان لە بوارە جیایاکان پێشکەش دەکات، ئەم چالاکییەشی لە 5/9 دەستپێکردووە و بڕیارە هەفتەی دوو رۆژ بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام بێت، خزمەتگوزارییە تەندروستیییەکان بگەیەنێت بە بەشێکی زۆری ئەو گوندانەی ئیدارەی راپەڕین کە بنکەی تەندروستییان تێدا نییە.