عەرەبی شەمۆ شوانی زمانی کوردی

10:58 - 2022-09-08
کەلتور
1560 جار خوێندراوەتەوە

ئیکرام ئۆغوز

لە تورکییەوە: فەرهاد چۆمانی


کاتێک باس لە ئەدەبی کوردی دەکرێت، بێگومان دەبێ ناوی عەرەبی شەمۆ و یەکەم رۆمانەکەی «شوانی کورد» بهێنرێت. چونکە عەرەبی شەمۆ هەر تەنیا نووسەرێک نەبووە. ئەو بە نووسینی یەکەم رۆمانی خۆی «شوانی کورد» بناغەی ئەدەبیاتی نۆژەنی کوردی داڕشت. بە نووسینی «ژیانی بەختەوەر» «هۆپۆ» و قەڵای دمدم» ئەو بناغەیەی بەرزتر کردەوە ئەدگار و شێوەی لەسەر رووی زەوی دەرکەوت. ئەمڕۆ ئەدەبیاتی کوردی لەسەر ئەو بناغەیە بەرزدەبێتەوە کە ئەو دایڕشت.
باوەڕم وایە ئەمڕۆ زۆر لەو نووسەرە کوردانەی پەیوەندییان بە ئەدەبیاتی کوردییەوە هەیە و شیعر و رۆمان دەنووسن، بە کتێبەکانی عەرەبی شەمۆ دەستیان بە خوێندنەوەی کوردی کردووە و بە دووبارەکردنەوە و پێداچوونەوە بە کتێبەکانی ئەو، توانیویانە کوردییەکەی خۆیان پێشبخەن.عەرەبی شەمۆ لە ساڵی 1935 یەکەم رۆمانی خۆی «شوانی کورد» نووسیوە، کە لەهەمان کاتدا بە یەکەم رۆمانی کوردیش دادەنرێت. دوای بڵاوبوونەوەی شوانی کورد بە زمانی کوردی، بە هەردوو زمانەکانی رووسی و فەرەنسیش چاپ و بڵاودەکرێتەوە. چاپە فەرەنسییەکە لەلایەن بازیل نیکیتینەوە وەرگێڕدراوە. نیکیتین کۆششی زۆری بۆ ژیان و مێژووی کورد کردووە. 

ماکسیم گۆرکی: کورد بە زمانی نووسەری خۆی دەدوێن
کاتێک ماکسیم گۆرکی وەرگێڕانی «شوانی کورد» دەخوێنێتەوە، لەبارەی عەرەبی شەمۆ و شوانی کورد دەڵێت: گەلی کوردی ئیدی بە زمانی نووسەری خۆی، عەرەبی شەمۆ دەدوێت!»عەرەبی شەمۆ، کە بنەمای ئەدەبی کوردی (رۆمانی کوردی)  داڕشتووە، کێیەو چۆن ژیاوە؟ بەراستی مرۆڤ هێندەی بە بەرهەمە بەهادارەکانی سەربەز و دڵشادە، هێندەش بە ژیانی خەمگین دەبێت، کە بە هەژاری دەستیپێکرد و لە ئاوارەیی گوزەراوە. شەمۆ لە ساڵی 1897 لە گوندی سوسزی سەر بە شاری قەرس لەدایکبووە. سوسز ئەوسەردەم گوندی کوردانی ئێزدی بووە و ئەو سەردەمەش قەرس و ئەرزوڕووم لەژێر دەسەڵاتی روسیادا بوونە. 
عەرەبی شەمۆ بە گەنجی لە شاری ئەرزوڕووم لە رێگەی هێڵی ئاسنیندا وەکو کرێکار کاریکردووە، لەوسەردەمەدا ئاشنای بەلشەڤییەکان دەبێت و لە دژی رژێمی قەیسەر دەست بە خەبات دەکات. بەهۆی کار و خەباتە سیاسییەکانییەوە لە ساڵی 1916 لەلایەن رژێمی قەیسەرەوە  دەستگیر دەکرێت و دەنێردرێتە گرتووخانەی ساریقامیش. دوای ئازادکردنی دەگەڕێتەوە دێیەکەی خۆی و لە گوندەکانی دەوروبەر درێژە بە کارکردن بۆ بەلشەڤییەکان دەدات. بەر لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 دەچێتە شاری ستراڤۆپۆل. دوای هێرشکردنی قەیسەر بۆ سەر شاری پێترۆگراد بەشداری لە شەڕی نێوخۆییدا دەکات.

دوای شۆڕش
دەگوترێ عەرەبی شەمۆ دوای فەریک عەقید پۆلاتبەکۆڤ دووەم کوردە دەچێتە نێو سوپای سوور. دوای شۆڕش عەرەبی شەمۆ لە مۆسکۆ لە ئینستیوتی لازاریان، کە کار لەسەر زمانەکانی رۆژهەڵات دەکات، دادەمەزرێت. چونکە شەمۆ جگە لە زمانی خۆی، تورکی، جۆرجی، ئازەری، رووسی و ئەرمەنیش وەک زمانی دایکی دەزانێت و پێیان دەنووسێت.
عەرەبی شەمۆ لە ساڵی 1937 لەلایەن رژێمی ستالینەوە دەستگیردەکرێت و بۆ سیبیریا رادەگوێزرێت. شەمۆ لە ژیانیدا جارێکی تر دەچێتەو سەر کارکردن لە هێڵی شەمەندەفەر و بەمشێوەیەش 19 ساڵ لە سیبیریا دەمێنێتەوە. دوای مردنی ستالین، لە ساڵی 1954 دوورخستنەوەکەی کۆتایی پێدێت و جارێکی تر دەگەڕێتەوە یەریڤان.
نووسەری کورد ئەمەریک سەرداریان لەبارەی گەڕانەوەی عەرەبی شەمۆ دەڵێت: «لە رۆژنامەی سۆڤێتەکان هایاستان ئەو هەواڵەم خوێندەوە کە نووسەری کوردی بەلشەڤی عەرەب شامیلۆڤ گەڕاوەتەوە یەریڤان. تاوەکو ئەو کاتە هەرگیز ناوی عەرەبی شەمۆمان نەبیستبوو. بۆ ئەوەی ناوەکەی نەبیسترێتەوە، نەیارەکانی هەروا دانەنیشتبوون، هۆکارەکەی هەر ئەمە بوو کە کەسانی وەکو ئێمە ناوی عەرەبی شەمۆمان نەبیستبوو.»

دوورخستنەوەی عەرەبی شەمۆ
عەرەبی شەمۆ دوای ئەوەی لە دوورخراوگەی سیبیریا دەگەڕێتەوەم درێژە بە نووسین دەدات. دووەم رۆمانی خۆی «ژیانی بەختەوەر» لە ساڵی 1959، قەڵای دمدم لە اڵی 1966 و «هۆپۆ»ش لە ساڵی 1969 دەنووسێت. سەرجەم بەرهەمەکانی بە چەندین زمان چاپ و بڵاودەکرێنەوە و لەنێو ئەدەبیاتی جیهاندا جێگەیان دەبێتەوە. 
مرۆڤ دەتوانێ بە سانایی ئەوە بڵێت عەربی شەمۆ هەوڵی زۆری دا بۆ ئەدەبیات و رۆمانی کوردی. بە بەرهەمەکانی ئەو زمانی کوردی هێندەی تر پێشکەوت. پەرتووکخانەی کوردی زیاتر دەوڵەمەند و بەهرەمەند بوو بە بەرهەمەکانی. عەرەبی شەمۆ لە 21 ی گوڵانی 1978دا ماڵئاوایی لە دنیا کرد و کۆچیدوایی کرد. بەڵام بەرهەم و هەوڵەکانی بۆ ئەدەب، زمان، رۆمان و ئەدەبی کوردی و ئەو کولتوورە کوردییەی لە بەرهەمەکانیدا جێگەی بۆ کردبووەوە هەروا بە رەنگینی و پایەداری دەمێنێتەوە. 

ئەو زمانەی لە حەوت ساڵیمدا  لێم دزرا
عەرەبی شەمۆ لە مێژووی کەسیی منیشدا شوێنێکی گرنگی هەیە. گەنجێکی پانزە ساڵان بووم، یەکەم رۆمانی، «شڤانی کورد» لەلایەن چاپخانەی رێگەی ئازادی چاپکرا و لەهەمان ساڵ کەوتە بەر دەستم. ئەوە یەکەمجار بوو  من رۆمانێک بە زمانی زگماکی، ئەو زمانەی کە لە حەوت ساڵیمدا لێم دزرا و لێم دوورکەوتبووەوە، دەخوێندەوە. ئەگەرچی یەکەمجار تەواویش لێی حاڵی نەبووم، لەگەڵ ئەوەشدا ئێوارە دەستم بە خوێندنەوەی کرد، بێ خەو و وەستان بەری بەیان تەواو بوو. 
بە دووبارەکردنەوە و چەندبارەکردنەوە، ئەو زمانەی لێم دزرابوو، بۆم گەڕایەوە. کاتێکیش بەتەواوی لێی تێگەیشتم، گەشامەوە. لە سەرەتای دەیەی هەشتاکانیشدا (ژیانی بەختەوەر) و (هۆپۆ) لە ئیستانبوڵ بەشێوەیەکی نهێنی کەوتنە بەر دەستم. ئەوانیشم هاوشێوەی شوانی کورد چەند جارێک خوێندنەوە. بە بەرهەمەکانی ئەو زمانم گەڕا و رۆژ بە رۆژ کوردییەکەم پێشدەکەوت. ئەمەش بەختەوەر و سەربەڵندی دەکردم. بە خوێندنەوەی (شوانی کورد) گەڕابوومەوە زێد و واری باب و باپیرانم.
بە خوێندنەوەی (ژیانی بەختەوەر) گەڕابوومەوە سەر رەگ و ریشەی خۆم. لەگەڵ (هۆپۆ) چوومە قەڵای دمدم، لەوێ درکم بە جوامێری و دەوڵەمەندی مێژووی گەلی خۆم کرد. لەژێر سایەی بورجەکانی قەڵای دمدمدا شوێنێکم بۆخۆم جیاکردبووەوە و بە زمانی دایکی خۆم دەدوام. بە زمانە شیرینەکەی خۆم پێدەکەنیم و بە دەنگی بەرز دەگریام. بەمەش پەڕەیەکی تازە لە ژیانم کرایەوە. رێگەیەکی تازەم دۆزییەوە. هەر بۆیە هەرگیز عەرەبی شەمۆ لەبیر ناکەم و خۆم بە قەرزارباری ئەو دەزانم. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان