خەم هۆکاری نەخۆشییە

11:42 - 2022-09-11
ژینگە
946 جار خوێندراوەتەوە
#دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەبنە هۆی چەندین نەخۆشی

ئا: بورهان ئەمین

 جەنجاڵی ژیان وگوزەران و نەپەرژانە سەر پێداویستیەکانی رۆژگار و پێشکەوتنە خێراکانی بواری زانستی وکۆمەڵایەتی و ئابوری و زۆربوونی کێشە و ئاڵۆزی و گرفت و رووداوە تراژیدییەکان ئەمانە هەمووی وادەکەن مرۆڤ تووشی ترس و دڵەراوکێ بکەن و بە بەردەوامبوونیان سەرەنجام نەخۆشی درێژخایەنیان لێ دەکەوێتەوە، ئەگەر سیستەمی خواردن بەشێک بێت لە تەندروستی مرۆڤ ئەوا دەرکەوتووە دەوروبەر و بژێوی ژیان و خەم ئاسەواری گرنگ بەسەر جەستە و تەندروستی مرۆڤەوە دروست دەکەن.

دڵ تێکەڵهاتن
دکتۆر  Tomas Friedrang لە نەخۆشخانەی هایدلبێرگی ئەڵمانیا بۆ گۆڤاری Gesundheit دەڵێت: ئەگەر مرۆڤ هەمیشە پەشۆکاو بێت ئەوکاتە لەش هۆرمۆنی ناپەسەند دەردەکاو ترپەی لێدانی دڵ خێراتر دەبێ و ناڕێکی لە پرۆسەی هەرسکردن روودەدات، ئەو کاتە سەرودڵ تێکدەچێ وگەدە ترشەڵۆكی زیاتر دەردەدات، سکچوون و سەر گێژخواردن و شان ومل ئێشان و بێتاقەتی دەبنە هۆی ئەوەی کەسەکە نەخۆش بکەوێت.

شەکرەوفشاری خوێن
هەروەها دەڵێت: بەهۆی ئەو بارە نائاسییەوە جگەر شەکری کلوکۆزی زیاتر دەردەکاو پەنکریاس فریای ناکەوێت لە ناوی ببات، بۆیە رێژەی شەکرەی خوێن بەرزدەبێتەوە، ئەمەش هۆکاری توشبوونە بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم و بەرزی فشاری خوێن، ئەمانە و ئەو ئاڵۆزی و کێشمەکێشمەی رۆژانە کاری نەرێنی دەکاتە سەر بیرو هزری مرۆڤ و لاوازی دەکات، بیرچوونەوە یەکێک دەبێت لە سیما دیارەکانی کەسەکە و لە بڕیاردانیش ئاسایی و بەجورئەت و یەکلاکەرەوە نابێت.
قەڵەوی
دکتۆری بەریتانی Jennifer Gotmann  بۆ رۆژنامەی The Timesسەبارەت بەخەم و دڵەراوکێ و کاریگەری بەسەر تەندروستی مرۆڤەوە دەڵێت: ئەگەر کەم بخۆیت و لە پاڵیشیدا وەرزش بکەیت کەچی هەست بە لاوازبوون و دابەزینی کێشت نەکەیت ئەوا دیسان هەمان هۆکارە وادەکات رێژەی کۆرتیزۆن لە جەستە بەرزبکاتەوەو لەگەڵیشیدا شەکرە بەرزدەبێتەوە، ئەو کاتە چەوری ورگ زیاتر دەبێت.
هەروەها دەڵێت: بیرکردنەوەی زۆر لە کێشە و ئاریشەکان و گەڕان بەدوای چارەسەر و لە کۆتاییش نامۆبوون وادەکات شەو خەوت بزڕێت و ئەگەر بۆ چەند ساتێکیش بخەویت بۆ ماوەیەکی کەم بەئاگا دێیت و شپرزە و نائارام لەسەر پێخەف دەمینێیتەوە ئەمەش خۆی لەخۆیدا چەندین نەخۆشی تری لێ پەیدا دەبێت.

قژ هەڵوەرین
دکتۆر تۆماس پێیوایە ئەوانەی بە بەردەوامی خەم و کێشەیان هەیە دوای ماوەیەک قژیان هەڵدەوەرێ، ناخۆشتر لەوە جەستە هۆرمۆنی زیانبەخش دەردات دەبنە هۆی لاوازکردنی بەرگری لەش، کاتێک ئەمە روویدا مرۆڤ ئامادەدەبێت بۆ نەخۆش کەوتن .

کەمبوونەوەی حەز
زۆربەی توێژینەوە نوێکان لەسەر کاریگەری تراژیدیا بەسەر دڵ و دەروون و تەندروستی مرۆڤەوە کراون دەریدەخەن ئەوانەی بەهۆی خەمەوە پەشۆکاو خەمبارن لەکاتی سەرجێیدا لەگەڵ هاوسەرەکانیان تاقەتیان  نییە و زۆر درەنگ هەست بە ئاسودەبوون دەکەن، چونکە هەموو ئاماژەکانی ئارەزوو حەز لە مێشکەوە دەردەچن و کاتێک مێشکیش سەلامەت نەبێت ئیدی بەباشی کاری خۆی ناکات، بۆیە ئارەزووی سێکسی کەمدەبێتەوە.

پێست
لە کوردەواریدا زۆرجار دەوترێت «فڵانە کەس لەخەمان رەش داگەڕایە» ئەمە راستییە و پزیشکەکان دەڵێن: خەم و خەفەت کاریگەری خەراپ بەسەر پێست و رەنگ و رووی مرۆڤەوە بەجێدێڵێت، چونکە مادەی کۆلاجین لەناودەبات کە بۆ جوانی پێست پێویستە، هەمان کات پیربوون دوادەخات، جگەلەوەش خەفەتخواردن وادەکات پێست چەوری زیاتر دەربدات ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبونی زیپکە و پەڵەی رەش.

سەرچاوە:  AOK- Gesundheit Magazin

بابەتە پەیوەندیدارەکان