لە ماوەی یەک هەفتەدا مامەڵەی یاسایی زیاتر لە 50 پڕۆژەی وەبەرهێنان تەواوکرا

04:05 - 2022-09-11
کوردستان
742 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی کۆبووەوە و جگەلە تەواوبوونی مامەڵەی یاسایی زیاتر لە 50 پڕۆژەی وەبەرهێنان، بڕیاردرا لەسەر جێبەجێکردنی هەردوو پڕۆژەی گەشتیاری چەمی قلیاسان- چەقچەق و پڕۆژەی نموونەیی گەشتیاری شاخی گۆیژە.
کۆبوونەوەکە کە رۆژی ئەمڕۆ یەکشەمە 11ی ئەیلولی لە شارەوانی سلێمانی بەڕێوەچوو و زیاتر لە چوار سەعاتی خایاند، دوای کۆبوونەوەی رۆژی 4ی ئەیلولی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی دێت کە تیایدا بەڕێوبەرایەتییەکان راسپێردرابوون لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکانی زیاتر لە 50 پڕۆژەی وەبەرهێنان تەواو بکەن. 
لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی خزمەتگوزارییەکان لە شاری سلێمانی و هەڵسەنگاندنیش کرا بۆ کارەکانی یەک هەفتەی رابردووی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی کە دەرکەوت لە ماوەی یەک هەفتەدا مامەڵەی زیاتر لە 50 پڕۆژەی وەبەرهێنان تەواوبووە و هەروەها سایدپلانی زۆربەی پڕۆژەکانیش تەواوکراوە و بەزوویی دەکەونە بواری جێبەجێ کردنەوە.
جێگری سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشی کرد لە بەڕێوەبەرایەتییەکان کە ئەرکەکانیان بە باشی راپەڕاندووە، داواشی لێکردن بۆ لەمەودواش بەردەوامبن لەسەر ئەم هەماهەنگییەی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکاندا دروست بووە با چیتر مامەڵەی وەبەرهێنەران و هاووڵاتیان بەهۆی رۆتین و نەبوونی هەماهەنگیی لە نێوان دامودەزگاکانی حکومەتدا دوانەکەوێت.
هاوکات رەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتییەکان گرت کە بۆچی پێشتر بەم شێوەیە کارەکانیان خێرا و بەبێ رۆتین رانەپەڕاندووە و جەختیشی کردەوە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو پرۆسەیەی دەستمانپێکردوە لە هاندان و سزادانی بەڕێوەبەران و بەرپرسان و ئەو تیمە چاودێرییەی پێکهێناوە بە بەردەوامی چاودێری هەڵسوکەوت و چۆنیەتی مامەڵەکردنی فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەت لەگەڵ هاووڵاتیان دەکەن بۆ ئەوەی بزانرێت کێ کارئاسانی بۆ هاووڵاتیان دەکات و کێ گرفت و کێشە بۆ هاووڵاتیان دروست دەکات.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانەی کارەکانیان تەواوبووە رۆڵێکی باشی دەبێت لە بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری سلێمانی و ژمارەیەکی بەرچاویش هەلی کار بۆ دانیشتوانی شارەکە دەڕەخسێنێت.
لە تەورێكی دیکەی کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی هاوکات وەک ئەندامێکی فەخری ئەنجومەنی شارەوانی تیایدا بەشداربوو، پڕۆژەی پێنج زۆنی گەشتیاری چەمی قلیاسان_ چەقچەق و پڕۆژەی گەشتیاری نموونەیی شاخی گۆیژە پەسەندکرا، کە هەردووکیان پڕۆژەی ستراتیژی گەشتیاریین.
 لەگەڵ ئەو دوو پڕۆژەیەدا چەندین پڕۆژەی دیکەش پەسندکران لەوانە چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی حکومی لە سلێمانی و زەوی پێویستیشیان بۆ دابین کرا.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان