خۆئامادەكردن بۆ ساڵی نوێی خوێندن
سلێمانی، جەمال سەرگەتی
ئەمڕۆ ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەكات، بازاڕی پەڕاوگەكان و جلوبەرگی خوێندكاران جمەیان دێت.
ملیۆنێك و 750 هەزار خوێندكار
ئەم ساڵ جیاواز لە چەند ساڵی رابردوو، ئەمڕۆ 13/9 لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا بە بەشداریی یەك ملیۆن و 750 هەزار خوێندكار و بەنزیكەیی 150 هەزار مامۆستا، ساڵی نوێی خوێندنی 2022-2023 دەستپێدەكات.
خاوەن دوكانەكانی پەڕاوگە و جلوبەرگی خوێندكاران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ساڵانە لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن، خوێندكاران و كەسوكاریان ئامادەكاریی دەكەن و دەفتەر و قەڵەم و پێداویستییەكانی تری خوێندن دەكڕن، «هۆكاری قەرەباڵغی بازاڕ و ئامادەكارییەكانی ئەمساڵ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە شێواز و رەنگی جلوبەرگ بۆ قۆناغەكانی خوێندن دیاریكراوە».
شكار عیزەدین خاوەن دوكانی پێداویستییەكانی خوێندن لەناو بازاڕی سلێمانی، پێیوتین: ساڵانە لەم كاتەدا ناوبازاڕ جمەی دێت لە كڕیاری پێداویستییەكانی خوێندن، بەڵام ئەم ساڵ جیاوازترە و ئامادەكارییەكان و كڕینی پێداویستییەكان زیاترە، ئێمەی دوكاندارانیش رێژەیەكی زۆر دەفتەر و قەڵەم و چەندین پێداویستی تری
خوێندنمان هێناوە.
دایك و باوكی خوێندكار بێ دوودڵی جلوبەرگ و پێویستییەكانی خوێندكارەكانیان دەكڕن
سەركەوت ئەحمەد، كە دوكانی جلوبەرگی خوێندكارانی هەیە، وای بۆ باسكردین كە چەندین ساڵە لەناو بازاڕدا پێداویستیی خوێندن دەفرۆشێت بەتایبەتی جلوبەرگ، لە چەند ساڵی رابردوودا هیچ ساڵێك وەك ئەم ساڵ نەبووە و ئەمساڵ باشترین ساڵە، خوێندكار و كەسوكاریان زۆر بە باشی خۆیان بۆ پڕۆسەی خوێندن ئامادەدەكەن و بازاڕ رۆژانە جمەی دێت لە كڕیار، هۆكاری جیاوازیی ئەمساڵیش ئەوەیە لایەنە پەیوەندیدارەكانی پەروەردە رەنگی جلوبەرگی خوێندكارانیان لە قۆناغەكاندا دیاریكردووە، ئەوەش وایكردووە دایك و باوكی خوێندكار بێ دوودڵی جلوبەرگ و پێویستییەكانی خوێندكارەكانیان بكڕن.
ساڵانە پێش دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن، ئامادەكارییەكان تەواو بكرێن
كەسوكاری خوێندكاران، بەباشی دەزانن كە ساڵانە پێش دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن، ئامادەكارییەكان تەواو بكرێن، تا كەسوكاری خوێندكاران بزانن چ پێداویستییەك بۆ خوێندكارەكانیان دەكڕن، لەو بارەیەوە، شلێر عومەر كە سەرقاڵی كڕینی پێداویستییەكانی سۆزیاری كچی بوو، وتی: ئەمساڵ بێ هیچ دوودڵییەك لەگەڵ منداڵەكەمدا هاتووین بۆ بازاڕ بۆ كڕینی جلوبەرگ و پێویستییەكانی خوێندن، كە ساڵانی رابردوو بەو شێوەیە نەبوو، كەسوكاری خوێندكار پێشوەختە جلوبەرگی بۆ منداڵەكانی دەكڕی، دواتر لەلایەن خوێندنگەكەیەوە جۆرە جلوبەرگێكیان بۆ دیاریدەكرا، ئەوەش دەبووە گرفت بۆ كەسوكاری خوێندكار و ناچاردەبوو جلی دیكەی بۆ بكڕێت، بۆیە ئەم ئامادەكارییەی ئەم ساڵ كارێكی باشە و پێویستە ساڵانی داهاتووش بەهەمان شێوە بێت. «بەڵام نرخی جلوبەرگ و پێداویستیی خوێندن لەچاو ساڵانی رابردوودا، ئەمساڵ زۆر بەرزبۆتەوە، كە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان كاری جدی بۆ ئەوەش بكەن و نرخەكان جێگیربكەن».