قوباد تاڵەبانی: یاساكان و رێنماییەكان بەجۆرێك رێكبخرێنەوە كە ئاسانكاری بكەن بۆ بەرگرتن بە توندوتیژی

09:56 - 2022-09-13
کوردستان
743 جار خوێندراوەتەوە

لەچوارچێوەی هەڵمەتەكەیدا بۆ بنەبڕكردنی توندوتیژیی دژی ژنان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، دوێنێ، سەردانی هەردوو وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و لاوانی كرد.
لە یەكەم سەردانیدا لەگەڵ وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرانی شێڵتەرەكان و بەشی جێندەری وەزارەت كۆبۆوە و تاوتوێی چۆنێتی بنەبڕكردنی توندوتیژی و رێكخستنەوەی كاروباری شێڵتەرەكانیان كرد. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا نەهێشتنی توندوتیژی پێویستی بە چارەسەری ریشەیی و هەماهەنگی و هاوكاریی حكومەت و كۆمەڵگەی مەدەنی هەیە. راشیگەیاند: یاساكان و رێنماییەكان دەبێت بەجۆرێك رێكبخرێنەوە كە ئاسانكاری بكەن بۆ بەرگرتن بە توندوتیژی و راپەڕاندنی كاروباری شێڵتەرەكان. بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیازكرا سوود لە رێكخراوەكان ببینرێت بۆ داڕشتنی میكانیزمێكی گونجاوی كاركردن.
لە كۆبوونەوەكەدا بەرپرسانی شێڵتەرەكان تێبینی و گرفتەكانی خۆیان خستەڕوو و بڕیاردرا بەپێی پێویست چارەسەری كێشەكانیان بكرێت. جێگری سەرۆك وەزیرانیش، جەختیكردەوە هاوكاری شێڵتەرەكان دەبێت و رێگریی دەكات لە هەر دەستتێوەردانێك كە كێشە و گرفت بۆ شێڵتەرەكان دروست بكات. 

سەردانی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان
دواتر، جێگری سەرۆك وەزیران، سەردانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی كرد و لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی وەزارەت گفتۆگۆیان كرد لەبارەی چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ كەیسەكانی توندوتیژی و بەتایبەتیش لە كەناڵەكانی راگەیاندن، هەروەها چۆنێتی بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی كۆمەڵایەتی لەڕێگەی میدیا و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەوە تاوتوێكرا.
لە كۆبوونەوەكەدا راپۆرتێك لەبارەی پرسی توندوتیژیی دژ بە ژنان خرایەڕوو، كە كۆمەڵێك گرفت و راسپاردەی لەخۆگرتبوو. پاش گفتوگۆیەكی ورد، جەخت لەسەر چەند خاڵێك كرایەوە لەوانە: هەمواركردنەوەی یاساكان و توندكردنی سزاكان و قەدەغەكردنی چەك و رێكخستنی هەڵمەتی هوشیاری و پێویستیی هەماهەنگی كەناڵەكانی راگەیاندن لەگەڵ دامەزراوەكانی حكومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.
هەر لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا، پێشتر قوباد تاڵەبانی، سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی كردبوو و لەگەڵ یەكێتیی زانایانی ئایینی كۆبۆوە و داوایلێكردن لەڕێگەی مینبەرەكانیانەوە بەشداربن لە بەرەنگاربوونەوەی  توندوتیژیی دژی ژنان. هەروەها سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزانی كردووە و بڕیاریشە بۆ هەمان مەبەست سەردانی چەند وەزارەتێك و لایەنە  پەیوەندیدارەکان بكات.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان