دووكەڵەكەی چیمەنتۆی لەیلان دانیشتوانەكەی هەراسانكردووە

10:10 - 2022-09-13
ڕاپۆرت
680 جار خوێندراوەتەوە
کارگەی چیمەنتۆی لەیلان لە کەرکوک

کەرکوک/ هێمن ئەحمەد

كارگەی چیمەنتۆی لەیلان لە کەرکوک، چەند ساڵێکە بە تەواوەتی لە كاركەوتووە و هیچ بەرهەمهێنانێكی ئابووری نەماوە و لە رووی پیشەسازییەوە  هیچ سوودێک بە شارەكە ناگەیەنێت. سەرباری ئەوەش چەند رۆژێکە دووكەڵێكی زۆر و چڕ بەسەر كارگەكەدا بڵاودەبێتەوە و پانتاییەكی زۆری شارۆچكەی لەیلان و گوندەكانی دەوروبەری گرتووتەوە و خەڵكەكەی هەراسان كردووە.خەڵکەکەی ئاماژە بەوە دەکەن، تووشی تەنگەنەفسی بوون و چەند جارێكیش خۆپیشاندانیان كردووە، بەڵام بێسوودەو هیچ هەوڵنەدراوە بۆ چارەسەركردنی.
دانیشتوانی شارۆچكەی لەیلان لە رێگەی كوردستانی نوێ-وە داوا دەكەن: کێشەکەیان بۆ چارەسەر بكرێت.
 لە هەشتاكانی سەدەی رابردووە ئەم كارگەیە كاری كردووە، بەڵام دووكەڵ و خۆڵ و تۆزەكەی خەڵكی شارۆچكەكەی هەراسان نەكردووە، چونكە لە رابردوودا دووكەڵ كێشەكانی زۆر بەرز بوون و لە ئاراستەی شارۆچكەكەوە دووربووە و سوڕانی دووكەڵەكەشی لەگەڵ ئاراستەی هەوا دا بووە.
خەڵکی ئەو گوندە ئاماژەیان بەوەشكرد: لەبەرئەوەی ماوەیەكی زۆرە ئەم كارگەیە لەكاركەوتووە، بۆیە دووكەڵكێشەكانی وەكو پێویست نەماون و بەشێكیان لەكاركەوتوون، پێێان وایە  چاککردنەوەی دووكەڵ كێشەكان دووکەڵەکە کەم دەکاتەوە.

پیسبوونی ژینگەی لێ دەکەوێتەوە
شكۆفە عوبێد، ئەندامی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز، لەم بارەیەوە وتی: ئەم دووکەڵەی کارگەی جێمەنتۆی لەیلان و هاوشێوەی، پیسبوونی ژینگەی لێ دەکەوێتەوە، بەشێكی بەهۆی پشتگوێ خستنی پارێزگاو رەچاو نەکردنی  بنەماكانی ژینگە پارێزیەوەیە، هاوکات هیچ بەرنامە و پڕۆگرامێكیان نییە بۆ ئەم دیاردانەی لێرە و لەوێ لە پارێزگاكەدا روودەدەن، چونكە تاكو ئێستا بەرنامەیەكی ستراتیژی درێژخایەنیان بۆ ژینەگە پارێزیی نییە لە چوارچێوەی ماستەر پلانی پارێزگاكەدا .
وتیشی: ئەگەر  ئەم دیاردەیەی كارگەی چیمەنتۆی لەیلانی كەركوك بەردەوام بێت، كاریگەری لەسەر دارو درەخت و ئاژەڵ و مرۆڤ دەبێت و نەخۆشییەكانی پێست و هەناسەدان لەناو شارۆچكەكەدا بڵاودەبێتەوە.

ئەو زەوییانە بەكەڵكی تۆوكردن نایەن
عەلی عەبدوڵڵا چالاكوان و سەرپەرشتیاری خۆپیشدانەكانی ئەم دواییەی دانیشتوانی شارۆچكەی لەیلان، نیگەرانی خەڵكی گوندەکەی رایگەیاند و وتی: لە رووی تەندروستی و ژینگەییەوە زیانیان پێدەگات، هەروەها زیان بە زەوییە كشتوكاڵیەکانی ناوچەكە دەگات، خەڵكێكی زۆر زەوی كڕیوە لەو شارۆچكەیە بۆ باخ، بەڵام لەبەر دیاردەی ئەم خۆڵ و تۆزەو دووکەڵەی كارگەكە پەشیمانن، بەتایبەتی ئەو زەوییانەی گووندەكانی دەوروبەری کارگەکە.
وتیشی: ئەو خۆڵەی لەوێ بەسەر خەڵكەكەیدا دەبارێت خۆڵێكی ئاسایی نییە، لەبەر ئەوەی خۆڵی چیمەتۆی تێدایە، بۆیە ئێستا زەوییەكانی ئەو شارۆچكەیە خۆڵی چیمەنتۆ بە تەواوەتی داپۆشیوە، ئەگەر ئێستا باران ببارێت زەوییەكان بەكەڵكی تۆوكردن نایەن.

لەگەڵ داخستنیدا نیین
ئەو چالاکوانە وتیشی: ئەم كارگەیە پێویستیەكی گرنگە بۆ شاری كەركوك، ئێمە لەگەڵ داخستنیدا نین، چونكە زیان بە ئابووری شارەكە دەگەیەنێت، بەڵام پێویستە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و هەوڵبدرێت رەچاوی بنەماكانی زانستی دووكەڵكێش بكرێت.

سكاڵا لای وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق دەکەن
باسی لەوەشكرد چەند جارێک خۆپیشاندانیان کردووە، بەهانایانەوە نەچوون، بەمەبەستی چارەسەركردن، بۆیە دانیشتوانی شارۆچكەكە بڕیاریانداوە سكاڵا بۆ  وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق بەرز بكەنەوە بۆ ئەوەی بە داوایانەوە بێن و فریای ئەو زەوییە كشتوكاڵیانە بكەون.
وتیشی: بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلانیش لە هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشەیەدایە و ئەنجومەنی گووندی «تەرجل»یش، لەسەر هێڵی چارەسەرە بۆ كێشەكان، بەڵام بەداخەوە لایەنە پەیوەندارەكان تاكو ئێستاكە هیچ دەستپێشخەرییەكیان نەبووە.
هەر لە بارەی ئەو دوكەڵەی كارگەی چیمەنتۆكەوە، د. غەفان شوانی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناسەدان، رایگەیاند: ئەگەر ئەم کێشەیە بەزوویی چارەسەر نەكرێت ئەوا لە دوارۆژدا نەخۆشی جۆراو جۆری سییەكان و هەناسەدان و نەخۆشی درێژخایان و شێرپەنجەی سییەكان و پێست روودەدەن، یان دەبێت دانیشتوانەكەی كۆڕەو بكەن و بڕۆن لەو ناوچەیە.

#كەركوك #كارگەی چیمەنتۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان