دیداری ئەدەبی منداڵان

10:37 - 2022-09-13
کەلتور
742 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێک لە دیداری ئەدەبی منداڵان لە سلێمانی

عەلی حەمەڕەشید

لەم رۆژانەدا دیداری ئەدەبی منداڵان کە یەکێتی نووسەران لقی سلێمانی ئامادەی کردبوو بەڕێوەچوو، کە تێیدا نۆ لێکۆڵینەوەی باش و بەسوود و گرنگ لەلایەن چەند نووسەرێکەوە کە دوانیان دکتۆر و مامۆستای زانکۆ بوون پێشکەش کران. باسەکان بە وردی دەستیان دەخستە سەر هەموو ئەو برینانەی کە ئەمڕۆ دەبینرێن و دیارن لە ئەدەبیاتی منداڵاندا، مایەی خۆشحاڵی بوو کە جارێکی تر سلێمانی لە روانگەی ئەم دیدارەوە سەلماندی کە شاری رۆشنبیرییە و بەردەوامیش وەک خۆی بە بڵندی و پێشەنگی دەمێنێتەوە، منیش وەک نووسەرێکی بواری ئەدەبیاتی منداڵان لە تەواوی ئەو رۆژەدا ئامادە بووم لە گوێگرتن لە باسەکاندا و لە گفتوگۆکانیشدا بەپێی ماوە بەشدار بووم و تێبینی و سەرنجی خۆم وتووە، هەروەها هەر لەدیدارەکەدا گۆڤارە رەنگین و ئازیزەکەی پەپولە کە تائێستاش بە بەردەوامی و مانگانە بۆ منداڵان دەردەچێت وەک دیارییەکی جوان پێشکەش بە ئامادەبووان کرا کە منداڵپارێزی کوردستان دابینی کردبوو، هەروەها کتێبی (ئەدەب و هونەری منداڵان) کە لەلایەن (د.هاوژین سڵێوە و رۆستەم خامۆش)ەوە ئامادە کرابوو بەدیاری بەخشرا بە ئامادەبوان.

باسەکانی دیدارەکە
باسەکانی دیدارەکە جۆراوجۆر  بوون، بەشێکی زۆر لەو لایەنانەیان گرتبووە خۆ کە پێویستە زیاتر گرنگییان پێبدرێت و بە وریاییەوە کاریان لەسەر بکرێت چ لەلایەن نووسەران و شاعیران و وەرگێڕەکانی بوارەکە و چ لەلایەن  رەخنەگران و دەزگاکانی راگەیاندن و وەزارەتی رۆشنبیری و پەروەردە و یەکێتی نووسەران و نووسەران خۆیشیانەوە، تیشک خرایە سەر زۆر لەو کەموکوڕییانەی کە لە ئێستادا هەن و هەریەکێکان لەگەڵ خستنەڕوویدا چارەسەری گونجاویشیان باس دەکرد. ئەوەی جێی سەرنج بوو لە باسی یەکەمدا بەناوی چەند سەرنج و وردبوونەوەیەک لە مێژووی ئەدەبی منداڵانی کورد، هەندێک لەو هەڵانەی کە لە مێژووی ئەدەبیاتی منداڵاندا و سەرەتای سەرهەڵدان و دەستپێکردنی بەنووسین خرایە ڕوو لەگەڵ هەندێک لەو کەموکوڕییانەی کە لە شیعری منداڵاندا یان چیرۆکی منداڵاندا هەبوون و هەندێکیان ئێستاش بەردەوامن و نمونەش باسکرا. هەندێک شت وتران کە نەبیسراو و باسنەکراوبوون تا ئێستا و هەر لەسەری رۆیشتووین و زۆر لەو بەڕێزانەش کە نامەی ماستەر یان دکتۆرایان هێناوە لە ئەدەبیاتی منداڵانی کورددا دووبارەیان کردۆتەوە بێئەوەی کورد واتەنی  بە وردی بچنە بنج و بناوانی وەک هەردوو فەرهەنگە بەرز و گرنگەکەی ئەحمەدی خانی و شێخ مارفی نۆدێ(نەوبەهارا بچوکان و ئەحمەدی)کە پێشتر وا باسکراوە کە سەرەتای دروستبوونی ئەدەبیاتی منداڵانن لە کوردستان، بەڵام کاتێک پێناسەی ئەدەبی منداڵان دەکەیت فەرهەنگی تێدا نییە و سەرنج لە هەر باس و لێکۆڵینەوە و نامەی ماستەر و دکتۆراش بدەیت لە هێج لایەکیاندا لە پێناسەی ئەدەبی منداڵاندا ناوی فەرهەنگ بە هیچ شێوەیەک نەهاتووە کە ئەمەش  لای من و دڵنیاشم لای زۆربەی نووسەران و شاعیرانی بوارەکە نوێیە و پێویست بەوە دەکات کە لێکۆڵینەوە و کاری باشی لەسەر بکرێت بۆ سەلماندنی، چ لەلایەن لێکۆڵەران یان نووسەرانەوە و بەتایبەتیش لای خاوەنی بیرۆکە و باسەکە. 

ببنە کەسانێکی بەسوود
باسێکی تریان گرنگی و بایەخی ئەدەبیاتی منداڵان و کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی گەلان بوو کە بە وردی باس لەوە کرا کە هەر گەلێک بیەوێت پێش بکەوێت و سەرکەوتوو بێت پێویستە گرنگییەکی تەواو بدات بە ئەدەبیاتی منداڵان  تا ببێتە خاوەن ئاسۆیەکی گەش و پاشەڕۆژێکی مەزن و رۆڵەکانی وریا و چالاک و رۆشنبیر بن و ببنە کەسانێکی بەسوود بۆ خزمەت بەنیشتمانەکەیان، چونکە منداڵان بنیاتنەری کۆمەڵگەن تا رۆشنبیر تر و چالاکتر و وریاتر بن داهاتوویان گەشتر دەبێت. 

دەستنیشانکردنی تەمەن
باسێکی تری دیدارەکە کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و زانستی و گرنگ بوو، ئەویش گرنگی دەستنیشان کردنی تەمەن بۆ نووسینی ئەدەبی منداڵان بوو، ئەم باسە گرنگی خۆی هەیە و تا ئێستا وەکو پێویست کاری لەسەر نەکراوە، کاتێک هەر نووسەرێک بابەتێک بۆ منداڵان دەنووسێت و دەیکات بە کتێب دەبێت بزانرێ و لێی بنووسرێت کە بۆ کام قۆناغی تەمەنی منداڵ گونجاوە. بە وردی قۆناغەکانی دیاری کردبوو، تا نموونەش باس دەکرا، بەڵام بۆ کتێب یان گۆڤار تا ئاستەکەی دیاری بکرێت بەڕای من  ئەگەر دەزگایەکی پەخش و بڵاوکردنەوەی تایبەت هەبێت تا نووسەران و شاعیران و وەرگیڕکاران بەرهەمەکانیانی لێ چاپ بکەن و کۆمەڵێک کەسانی پسپۆڕ و شارەزای تێدا بێت بە ئاسانی ئەو کارە دەکەن، بەڵام ئەگەر نووسەرەکە خۆی دیاری بکات زۆر جار دەکەوێتە هەڵەوە، رۆڵی رەخنە لە بواری ئەدەبی منداڵاندا لێکۆڵینەوەیەکی تر بوو کە لە دیدارەکەدا پێشکەش کرا، ئەمیش بابەتێکی گرنگ بوو چونکە رەخنە بەگشتی و رەخنەی بنیاتنەر و زانستی  بەشێوەیەکی ئەکادیمی  هۆیەکە بۆ پێشخستن و سەرکەوتنی ئەدەبی منداڵان و جیاکردنەی باش و خراپ و دەستنیشان کردنی کەموکوڕییەکان و دانانی ڕێگەچارە، کەواتە تا رەخنە هەبێت بەو شێوەیەی باسمان کرد ئەدەبیاتی منداڵان زیاتر پێشکەوتوو دەبێت، بەڵام رەخنەیەک لەسەر بنەمایەکی زاستی و دروست دوور لە هەر بەرژەوەندی و ناسیاوییەک، راستییەکان چی بێت بە روونی ئاشکرا بوترێت بی چاو پۆشین. 

پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوەکان
ئەدەبی منداڵ و کاریگەری لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوەکان لێکۆڵینەوەیەکی تری ناو دیدارەکە بوو، لێرەدا باس لەوە کرا کە ئەدەبی منداڵان رۆڵی خۆی دەگێڕێت و هۆیەکی گرنگیشە بۆ بنیاتنان و دروستکردنی ئاشتی و مرۆڤدۆستیی و پێکەوە ژیان، بۆیە وا باشە نووسەران و شاعیران گرنگییەکی تەواوی پێبدەن تا رەنگدانەوەی لە ژیان و ژینگەی منداڵاندا هەبێت دوور لەهەر توندوتیژییەک. لێکۆڵینەوەیەکی تری دیدارەکە کە گرنگی تایبەتی خۆی هەبوو ئەویش رۆڵی ئەدەبی منداڵان لە بنیاتنانی کارامەییە کۆمەڵایەتییەکان بوو، زۆر بە وردی و پاڵپشت بە چەند تیورێک بەشێوەیەکی زانستی و باش خرایە روو.

رۆڵی ژن
 رۆڵی ژن لە بواری ئەدەبیاتی منداڵانی کورد دا باس و لێکۆڵینەوەیەکی تری دیدارەکە بوو، لەڕاستیدا ژن هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا رۆلی تایبەتی خۆی هەبووە و بەردەوامیشە لەو خزمەتە گرنگ و بەرچاوەدا کە لاپەڕەکانی مێژوو هەڵبدەینەوە بەڕوونی ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێت. لەم باسەدا زۆر بە جوانی رۆڵی ژن باسکراو بەچاوێکی تایبەت و گرنگ و وردەوە، دەبوایە ناوی چەند نووسەرێکی ژنی بهێنایە کە لە بواری ئەدەبیاتی منداڵاندا لە کوردستان رۆڵیان هەبووە و دیارن. رۆڵی راگەیاندن لە ئەدەبیات و رۆشنبیری منداڵاندا یەکێکی تر بوو لەو بابەتانەی دیدارە کە زۆر بە وردی باس لە رۆڵی راگەیاندن لە ئێستادا کرا هەر لە رادیۆ و تەلەفزیۆن و گۆڤار و رۆژنامە و تا ماڵپەڕ و سۆشیال میدیا، بێگومان بمانەوێ و نەمانەوێ راگەیاندن رۆڵێکی گرنگ و تایبەتی هەیە ئەگەر بە شێوەیەکی ئەرێنی و دروست بەکار بهێنرێت. لەسەر بنەمایەکی زانستی و باش و دوور لە بەرژەوەندی و لایەنگیری. ئەوەی جێی سەرنجە لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی وەک پێشتریش باسمان کرد دەزگایەکی پەخش و بڵاوکردنەوەی بینراو و بیستراو و چاپ ئەستەمە بەتەواوی سوود و گرنگی و پەیامی ئەدەبیاتی منداڵان بگاتە سەرجەم منداڵان چونکە نووسەر لە ئێستادا کتێب یان نامیلکەیەکی خۆی کە چاپ دەکات تیراژی لە نێوان(200-500) دانەیە کە نووسەر بە هەموو منداڵانی کوردی نووسیوە و لەڕاستیدا ئەو تیراژە بەشی منداڵانی چەند قوتابخانەیەک دەکات لە گەڕەکێکدا. 

منداڵ بکەینە هۆگری خوێندنەوە
لە کۆتایی دیداری ئەدەبی منداڵاندا بابەتێکیتر بە بەناوی چۆن منداڵ هۆگری خوێندنەوە بکەین، بەڵی  دەبێت هەمووان بزانین چۆن و لە چ ڕێگەیەکەوە وا لە منداڵ بکەین کە هۆگری خوێندنەوە ببێت یان هەوڵبدەین خوێندنەوە بکەین بە کەلتور لایان چونکە ئەو منداڵەی کە دەخوێننەوە منداڵێکی چالاک و وریا دەردەچێت و پشت بەخۆی دەبەستێت و خاوەن کەسێتیی و ڕای خۆی دەبێت و لە قوتابخانەشدا زیاتر کاریگەری دەردەکەوێت و لە خوێندنەوەی بابەتەکانی قوتابخانەشدا جیا و جیاوازتر دەبێت لە هاوڕێکانی.لەم باسەدا هەموو ئەو ڕێکار و ڕێگایەنە خرانە ڕوو کە وا لە منداڵ دەکات کە هۆگری خوێندنەوە بێت.ماوەتە بڵێین کە دیدارەکە بە ئامادە بوونی بەشێکی زۆر لە نووسەران و شاعیراون و وەرگێرکاران و میوانێکی بەرچاودا بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات، بۆیە من لێرەوە لەگەڵ دەستخۆشێم بۆ یەکێتی نووسەران لقی سلێمانی و هەموو ئەو بەڕێزانەی کە ماندوو بوون بە ئامادەکردن و بەڕێوەچوونی بڕگەکانی دیدارەکە هیوای بەردەوامییان بۆ  دەخوازم ، خۆزگە لە ئایندەیەکی نزیکیشدا و لەسەرەتای دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنیشدا هەوڵبدرایە کە کۆڕی خوێندنەوەی شیعر و چیرۆک ساز بکرێت و دیداری هونەری منداڵانیش سازبکرێت چونکە ئەویش پەیوەندی بە ئەدەبیاتی منداڵانەوە هەیە چونکە گۆرانی و ئۆپەرێت و شانۆیی ژانری ئەدەبین و دەبنە بنەما بۆ کاری هونەری .خۆزگە لەدیدارێکی لەو شێوەیەدا بانگهێشتنامەی فەرمی بگەینرایە ئەو فەرمانگە و شوێنانەی کە زیاتر پەیوەندییان بە منداڵ و پەروەردەکردنی منداڵەوە هەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان