ئەمە یەکەمجارە کە بەرپرسێکی باڵای حکومەت هەنگاوێکی مێژوویی و بوێرانەی لەمجۆرە بنێت بۆ پشتیوانی لە پرسەکانی ژنان و کەمکردنەوەی توندوتیژی و بەڕاشکاوانە بڵێت ئەگەر بەتەنها خۆیشم بم شوێن ئەو رووداوانە دەکەوم و ناهێڵم بەهیچ بیانوویەک پشتگوێ بخرێت و بەدواداچوونی دادپەروەرانەیی بۆ نەکرێت. هەرچەند ئەم هەڵوێستە نامۆ نییە بۆ کاک قوباد کە درێژەپێدەری رێبازەکەی مامە کە هەمیشە سەرمەشق و پشتوپەنای ژنان و داکۆکیکاری تەواو بووە لە بەرەو پێشچوونی پرسەکانی ژنان.
ئێمە وەک یەکیتی ژنانی کوردستان دەستخۆشی لە و هەڵوێستە بوێرو بەرپرسیار و جوامێریانەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی دەکەین کە لە مێژە ئێمەی ژنان ناڕازی و نیگەرانین و چەندین ساڵە هاوار دەکەین و دەڵێین نا بۆ دەربازبوونی بکوژانی ژنان و بەسزا نەگەیاندنی تاوانبارانی توندوتیژی.
هەر بەم بۆنەوەیەوە داواکارین کە ئەم هەنگاوە بکرێت بە بەرنامە و پلانی تۆکمە و سەرجەم دامودەزگا فەرمی و نافەرمییەکان بەشداربن لە جێبەجێکردنیدا.
دووبارە دەستخۆش، بەرەو سەرکەوتن بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی ئارام دور لە توندوتیژی.
یەکیتی ژنانی کوردستان
13/9/2022