تۆپی پێ، وەبەرهێنانی جەماوەری

10:16 - 2022-09-14
ئابووری
677 جار خوێندراوەتەوە
وەبەرهێنانی تۆپی پێ لەگەشەی بەردەوامدایە

فەیسەڵ عەلی

لەم سەردەمەماندا، تۆپی پێ بۆتە جێی بایەخی زۆربەی دەوڵەتانی جیهان، نەک هەر لەسەر ئاستی خۆشی کۆمەڵایەتی کە بەدیار بینینی یارییەکانەوە دادەنیشن و کۆدەبنەوە، بەڵکو وەک هەر کەرتێکی بازرگانیی و بازاڕکاری، ئەم چەمکە پەرەی سەندو بەرەو لایەنی ئابووریی قازانج بەخش رۆیشت، ئەم یارییە لەم دوو دەیەی دواییدا بۆتە یەکێك لە گرنگترین کەرتە ئابوورییەکانی جیهان و مامەڵە داراییەکانی تۆپی پێ بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێت.
وەرزش یەکێکە لە گرنگترین کەناڵەکانی وەبەرهێنان، کە لەم ماوەیەی دواییدا بە فراوانی دەرگای بە رووی گەورە وەبەرهێنەراندا کردەوە، ئەم جۆرە وەبەرهێنانە بەشداری دیاری هەبووە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە ئابوورییانەی زۆربەی دەوڵەتانی گەشندە بەدەستییەوە دەناڵێنێت، دەستهاتی کەرتی وەرزشی بوارەکانی کۆمەڵایەتی و تەندروستی تێپەڕاندووە. پیشەسازیی وەرزشی بۆتە سوڕێکی تەواوکاریی ئابووری، پەیوەندیی وەرزش و ئابووری بەجۆرێک پەرەیسەندووە کە بۆ جۆرێک لە جۆرەکانی پیشەسازی گۆڕاوە، تا وای لێهاتووە بۆتە یەکێک لە بنچینەکانی ئابووریی نیشتمانی.
لەسەر ئاستی جیهان 
بەناوبانگترینن
لای زۆربە زانراوە کە تۆپی پێ لە ئینگلتەرەوە سەری هەڵدا، ئێستا خولی پاڵەوانیی ئەوروپا و جامی نەتەوەکانی ئەوروپا گرنگترین و بەناوبانگترین پێشبڕکێی تۆپی پێی جیهانن. هەڵبژاردەکانی ئەوروپا، زۆرترین هەڵبژاردە نیشتمانییەکانی جیهانن کە لە پێشبڕکێکانی جامی جیهانی سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە، هەروەها خولی یانەکانی دەوڵەتانی ئەوروپا بەناوبانگترین کێبڕکێی تۆپی پێی سەر ئاستی جیهانن، خولەکانی ئینگلیزی، ئیسپانی، ئیتالی و ئەڵمانی بەناوبانگترین خولەکانی ئەوروپان، یانە بەناوبانگەکانی ئەوروپاش، ئەمانەن، ریال مەدرید، بەرشەلۆنە، بایەرموینشن، لیڤەرپوڵ، مانچستەر یونایتد و مانچستەر سیتی و یۆڤانتس و ئای سی میلان و ئەنتەر میلان. ئەم یانانە جەماوەرێکی فراوانیان نەک هەر لەناو شار و دەوڵەتەکانی خۆیان هەیە، بەڵکو لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهانیش هەیانە. ئەم پاشخانە ناوازەیە، دەرفەتێکی گەورە و فراوانی بە ئەوروپا داوە تا بەرەو جیهانی فراوانی ئابووری هەنگاو بنێت.

بەردەوام پارەی تێدا بەگەڕ دەخرێت
لێرەوە بە روونی دەردەکەوێت، کە تۆپی پێ جەماوەرێکی بێشوماری لەسەر ئاستی جیهان هەیە، ئەمەیش پێگەیەکی دیاری لە چوارچێوەی ئەو کەرتانەی سەرچاوەی خوڵقاندنی داهاتن بۆ مسۆگەر کردووە. هەر پیشەسازییەک بە قەبارەی ئەو بازاڕەی هەیەتی گەورە یان بچووک دەبێتەوە. تۆپی پێ بازاڕێكی ئێجگار گەورەی هەیە، کە لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە ئاراستەکەی دەستی پێکردووە، بۆ ئەوەی ببێتە پیشەسازییەک دەستکەوت و قازانجی زۆری لێوە دەستەبەر بکرێت، بەتایبەتیش کە بەردەوام و بەبێ وەستان پارە لەم کەرتەدا بەگەڕ دەخرێت. بە گشتی وەرزش، لەم چەند دەیەی رابردوودا وەک پیشەسازیی هەنگاوی جۆری و گەورەی ناوە، بەڵام تۆپی پێ بەشی زۆری ئەو هەنگاوەی بەرکەوتووە، نەک لەبەر گەورەیی ژمارەی عاشقان و هەوادارانی، بەڵکو لەبەر ئەو سەرمایە زۆرەی تێیدا بەگەڕخراوە و دەخرێت، لەسایەی ئەو یاسا ناوخۆییانەی یارمەتیدەری بزاوتی وەبەرهێنان و تەمویلکردنی ئەو بوارەیە، ئاراستەی وەبەرهێنەرانی بۆ خۆی گۆڕیوە.

بۆتە پیشەسازی و بازرگانی
بەپێی ئەم چەمکە نوێیەی ئابووری، تۆپی پێ بۆتە پیشەسازی و بازرگانی و ئابوورییەکە، گرێبەستی گەورەی تێدا ئیمزا دەکرێت، کە بە ملیارەها دۆلار مەزندە دەکرێت، هەر لە کڕینی یانە و گرێبەستی یاریزان و داهاتی یارییەکان و کۆمپانیا چاودێرەکان کە مارکەی بەناوبانگییان لە پێشبڕکێ و یانە و یاریزاناندا هەیە، تێگەیشن لەم پیشەسازییە بە ئاستێکی بەرز فراوان بوو، بۆتە مەیدانێک کە گەورە وەبەرهێنەرانی جیهان پێشبڕکێی تێدا دەکەن.
پەتای کۆرۆنا، کاریگەریی نەرێنی لەسەر گۆڕەپانی وەرزشی هەبوو، وەک چۆن لەسەر جیهانی ئابووری و ئەوانیتر هەیبوو، بەتایبەتیش تۆپی پێ، لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایەدا، یاریی خولەکان بە تەواوی راگیران، تەنانەت کاتێکیش یاریی خولەکان دەستی پێکردەوە، یاریگاکان بێ جەماوەر بوون، ئەمەیش کاریگەرییەکی گەورەی نەرێنی دارایی لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان هەبوو. ئەگەر تۆپی پێی ئەوروپا بە نموونە وەربگرین، بەهۆی ئەو هۆکارانەی لە سەرەوە ئاماژەیان بۆ کرا، هێندەی نەبرد بوژایەوە، ئەمەیش (10 %) زیادبوونی داهاتی لە ماوەی پەتای کۆرۆنا لە 2020 و 2021 شیدەکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو داهاتە بگاتە (27.9) ملیار یۆرۆ. بێگومان رێژەیەکی زۆری چاودێران لە کاتە قورسەکاندا دانیان بەخۆیاندا گرت، ئەوەش گوشارە داراییەکانی سەر ئەو یارییەی کەمکردەوە. 

دەتوانێ قەیرانە گەورەکان تێپەڕێنێت
پیشەسازیی تۆپی پێی ئەوروپا، بەراورد بەوانیتری دەوڵەتانی جیهان دینامیکیترە، هەروەها زیاتر لەوانیش تەمویل و وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت، وێڕای ئەوەی مێژوویەکی کۆنی هەیە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، لە ساڵی 2019 بەهای بازاڕی تۆپی پێی جیهان بە (1.9) ترلیۆن دۆلار مەزندە کراوە، بەپێی داتا نێودەوڵەتییەکان پێشبینی دەکرێت بەهای ئەم بازاڕە لە ساڵی 2027 بگاتە (3.7) ترلیۆن دۆلار. ئەمەیش جارێکیتر ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە ئەم پیشەسازییە لە فەراهەمکردنی داهاتدا هەنگاوی گەورە دەنێت. لەم دواییەدا، لایەنە چاودێرە تایبەتمەندەکانی تۆپی پێ، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ژمارەی ئەو لایەنانەی دەیانەوێ یانە ئەوروپییەکان بکڕن زیادیان کردووە، بەتایبەتیش یانە ئینگلیزییەکان، کە بە یەکێک لە بازاڕە پڕ بزاوتەکانی ئەم بوارە دادەنرێت. واتە بۆتە پیشەسازییەکی بەهێز و پتەو، کە دەتوانێ بە ئاسانی ماوەی قەیرانە گەورەکانی جیهان نموونەی کۆرۆنا تێپەڕێنێت.

لە گەشەکردن ناوەستێ
پسپۆڕانی پیشەسازیی تۆپی پێ، بە نەرمیی زۆر لە یارییەکانی تر جیا دەکرێنەوە. ئەو داهاتانەی لەم دواییەدا بەدەستی هێناوە، ئەو راستییە دەسەلمێنێت، تەنانەت یارییەکانیان بەبێ جەماوەریش دەستپێکردەوە، چونکە دەستهاتی بانگەشەی بازرگانی و پەخشی تەلەفزیۆنی ئەو داهاتەی ئەم یارییەی بەرز کردەوە، سەرچاوەی دارایی بۆ ئەو یانانەی کە ناتوانن لە وەبەرهێنان بوەستن چ لەسەر ئاستی یاریزانان و ئاستی دامەزراوەکانیان، یان لەسەر ئاستی پەرەدان بە ئەدائیان تێچوونەکەی هەرچەند بێت.
ئەوەی گومانی تێدا نییە، وەرزشی تۆپی پێ، بەدەر لە سروشتی هەلومەرجی ئابووریی جیهان لە گەشەکردنی خۆی بەردەوام دەبێت، هەروەها بەردەوام وەبەرهێنان تێیدا، راستەوخۆ هێزێکی گەورەی بۆ فەراهەم دەکات، بە تایبەتی لە کاتی نالەباریی هەلومەرجی ناوخۆیی یان جیهانی چ ئابووری یان سیاسی یان تەندروستی بێت. 
متمانە بەم وەرزشە بەردەوام زیاتر دەبێت، بەتایبەتی کە وەبەرهێنان لە لایەنە هەمەجۆرەکانی دەکرێت چ لەناو گۆڕەپانەکەی بێت یان لە دەرەوەیدا بێت، کە ئێستا لایەنی بازرگانیی نوێشی گرتۆتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان