ئاری مەحمود قەرەداغی
شاری جنێف یەکێکە لە شارە گرنگەکانی سویسرا و جیهانیش. ئەم شارە بۆتە «گەورەترین ناوەندی فرەلایەن لە جیهاندا». جگەلەوەش زۆرجاریش بە «پایتەختی ئاشتی» «بارەگای حوکمڕانی جیهانی» ناودەبرێت. زۆر کێشە و جەنگی جیهان، لەم شارەدا هەوڵی چارەسەری ئاشتی بۆ دەدرێت و لایەنە ناکۆکەکان کۆدەبنەوە.
سەرەتای هەنگاوەکان
دیارە رۆڵی جنێف وەک میوانداری وڵاتان و دامەزراوەکانی جیهان، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1863 کاتێك کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لەم شارەدا بنکەی سەرەکی کردەوە. ئیتر لێرەوە زۆربەی رێکخراوە جیهانییەکان فێربوون کە ئەم شارە بکەنە بارەگای سەرەکی خۆیان.
بارەگای رێکخراوە جیهانییەکان
نەریتی مرۆیی و بێلایەنی سویسرا وایکرد وڵاتەکە ببێتە هەڵبژاردەیەکی باش بۆ بنکەی زۆرێک لە رێکخراوە جیهانییەکان لە پێش هەمووشیانەوە نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) بەستەری دەرەکی کۆمەڵەی گەلان و رێکخراوی نێودەوڵەتی کار، کە لە ساڵی 1919 دامەزراوە، ئەمانە بوونە هۆی لەدایکبوونی ناوبانگی نێودەوڵەتی جنێف.
ئەمڕۆ شارەکە بۆتە بنکەی سەرەکی بۆ زۆر رێکخراوی جیهانی لەوانە: بارەگای ئەوروپی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها بنکەی سەرەکییە بۆ 36 رێکخراوی نێودەوڵەتی، نزیکەی 700 رێکخراوی ناحکومی و179 نوێنەرایەتی دیپلۆماسی، بەردەوامیش لە زیادبووندایە.
دەرفەتێکی باش بۆ کار
بەپێی ئامارە حکومییەکان بێت، مانگی ئازاری 2019، نزیکەی 34 هەزار کەس لە جنێف لە دەزگا نێودەوڵەتییەکان کاریان کردووە، کە 26645 فەرمانبەری حکومی و4203 دیپلۆماتکار و3109 کەسیان کارمەندی رێکخراوی ناحکومین.
لەلایەکی ترەوە زۆرێک لە کۆمپانیا فرە نەتەوەییەکان بنکەکانیان لە جنێفە و پێکەوە زیاتر لە 76.000 هەلی کار دابین دەکەن.
شوێنی کۆبوونەوە جیهانییەکان
ماوەی چەندین ساڵە، جنێف بۆتە شوێنی سەرەکی بۆ کۆبوونەوە جیهانییەکان و زۆرجار کێشە جیهانییەکان لێرە چارەسەر دەکرێن. دەسەڵاتداران دەڵێن: جنێف گەورەترین ناوەندی جیهانە بۆ کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان و شوێنێکی سەرەکییە بۆ دانوستانەکانی ئاشتی کە لەم دواییانەدا روویانداوە بەتایبەتی کێشەکانی دۆسێی ئەتۆمی ئێران و قوبرس و یەمەن و سوریا. لە ساڵانی رابردوودا 3236 كۆنفرانس و كۆبوونەوە کراوە کە 207147 کەس تێیدا بەشداربووە.
جنێفی نێودەوڵەتی گرنگی بە چ تەوەرێک دەدات؟
زۆر لە کێشە و گرفتە جیهانییەکان لێرە باس دەکرێن و گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، بەتایبەتی ئەو کێشانەی کە ئەمڕۆ رووبەروی جیهان دەبێتەوە لەوانە: مافی مرۆڤ، کۆچ، پەنابەران، تەندروستی، بازرگانی، خاوەندارێتی فیکری، پەیوەندییەکان، سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان و کەشناسی، زۆر بابەتی تریش.
بۆچی جنێفی نێودەوڵەتی بۆ سویسرا ئەوەندە گرنگە؟
دەسەڵاتدارانی سویسرا قەناعەتیان بەو سوودە زۆرانە هەیە کە جنێفی نێودەوڵەتی بۆ ئەو وڵاتە دەهێنێت. ڤالانتین تسێلڤێگەر باڵیۆزی سویسرا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەم شێوەیە باسی دەکات: «جنێف سەرمایەیەکی گرنگە بۆ سیاسەتی دەرەوەی سویسرا. رۆڵی دەوڵەتی میواندار بە توندی لە نەریتی ئێمە و لە سیاسەتی ئێمەدا لەنگەری چەسپاوە بۆ ئۆفیسە باشەکان.
سویسرا، بە حوکمی ئەوەی وڵاتێکی بێلایەنە و سەقامگیرە، سوود لە جنێفی نێودەوڵەتی وەردەگرێت بەهۆی بوونی دیپلۆماسی و میدیاییەوە. جگە لەوەش، جنێف خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی سویسرا دەگەیەنێت وەک ئامڕاز و سەکۆیەک بۆ پێشخستنی بەها بنەڕەتییەکانی لە ئاشتی و ئاسایشی مرۆیی.
وەزارەتی دەرەوە دەڵێت: جنێفی نێودەوڵەتی قورسایی سیاسی زیاتر بە سویسرا دەبەخشێت لەسەر شانۆی جیهان لەوەی کە مرۆڤ چاوەڕوانی دەکات بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی وڵاتەکە.
سوودە داراییەکان
جنێف لەڕووی داراییشەوە سوودی زۆرە بۆ سویسرا بەتایبەتی لەرووی رەخساندنی هەلی کار و بازاڕەوە. هەربۆیە حکومەتی سویسرا لە نێوان ساڵانی 2020-2022، بڕی 122 ملیۆن فرەنکی سویسری وەبەرهێنان کردووە لە سیاسەتی وڵاتی میوانداری. ئەمەش لە ساڵی 2019 لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند کراوە. هەروەها لە 10 ساڵی داهاتوودا زیاتر لە 2.5 ملیار فرانک وەبەرهێنان لە نۆژەنکردنەوەی بینای گەورە و نوێ و رێگەوبان لە چارەکی نێودەوڵەتی شارەکەدا دەکرێت.
هاوکات ئەو بڕە پارانەی کە لەلایەن دەزگا نێودەوڵەتییەکانەوە لە جنێف خەرج دەکرێن بەردەوامن لە شکاندنی ژمارەی پێوانەیی. ساڵی رابردوو گەیشتە 6.3 ملیار فرانک. زیاتر لە نیوەی ئەم بڕە پارەیە بە شێوەیەکی سەرەکی مووچە، بیمە و یارمەتی خانەنشینی لە سویسرا خەرج کراوە یان وەبەرهێنراوە. ئەمەش دەکاتە 11.3 %ی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی کانتۆنی جنێڤ. هەروەها سویسرا گەشەی کردووە و بووەتە یەکێک لە گەورەترین دابینکەرانی کاڵا و خزمەتگوزاری بۆ سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکان.
گەورەترین ئاستەنگەکان چین؟
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم شارە رووبەروی کۆمەڵێک ئاستەنگ دەبێتەوە. لە رووی سیاسییەوە بەردەوام دەسەڵاتدارانی سویسرا بە شێوەیەکی رەمزی پابەندبوونی خۆیان بە جنێفی نێودەوڵەتی و سیستمی فرەلایەنە دووپاتکردەوە کە ساڵانە ئاهەنگی سەدە ساڵەی خۆی دەگێڕێت.
لە رووی داراییشەوە، راستە جنێفی نێودەوڵەتی تا ڕادەیەکی زۆر لە گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر یارمەتییە دەرەکییەکان رزگاری بووە، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان بە قەیرانێکی سەختی نەختینەدا تێدەپەڕێت. دەیان وڵات باجی ساڵانەیان نادەن، لەنێویاندا ئەمریکا کە گەورەترین بەخشەری ئەو رێکخراوەیە.
جگە لەوەش، کێبڕکێیەکی نێودەوڵەتی بێ بەزەییانە لە نێوان ئەو شارانەدا هەیە کە حەز دەکەن پارچەیەک لە کێکی نێودەوڵەتی جنێف بەدەست بهێنن، وەک وەزارەتی دەرەوە لەم دواییانەدا دانی بەوەدانا.
لە ئاستی سویسراشدا، زۆر ناوچەی تر بە تایبەت لە بەشە ئەڵمانی زمانەکەی وڵاتەکە، لە ئاست ئەو شتانەدا نین کە لە شارەکەدا لەسەر دەریاچەی جنێف روودەدەن، وەک رێکخراوی بیرکردنەوەی سیاسەتی دەرەوە فۆراوس لەم دواییانەدا ئاماژەی پێکردووە. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سویسرا ملیۆنان دۆلار لە جنێفی نێودەوڵەتیدا وەبەرهێنانی کردووە.
سەرچاوەکان
https://www.srf.ch/news/schweiz
https://www.tagesanzeiger.ch/schweiz
https://www.nzz.ch/schweiz