سەرۆك وەزیرانی سوید دەستلەكار دەكێشێتەوە

02:41 - 2022-09-15
جیهان
612 جار خوێندراوەتەوە

سەركەوتنی راستڕەوەكان لە هەڵبژاردنەكانی سوید دا، ماگدالینا ئەندرسۆن سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە دەكات.
وەك پێشتر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، بڕیارە ئەمڕۆ  پێنج شەممە ماگدالینا ئەندرسۆن سەرۆك وەزیرانی سوید كە سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتیشە، دەستلەكاركێشانەوەكەی پێشكەش بكات و ئەركەكانی بخاتە ئەستۆی سەرۆكی پەرلەمان، هۆكارەكەشی بۆ سەركەوتنی راستڕەوەكان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی سوید دەگەڕێتەوە.
هەرچەندە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی سوید دا، پارتی سۆسیال دیموكرات دەنگەكانی زیادیكرد، بەڵام بەھۆی كەمبوونەوەی دەنگی ھاوپەیمانەكانی تووشی شكست بوو بە جیاوازی كورسییەك كەوتە دوای راستڕەوەكان.
رۆژی شەممەی رابردوو هەڵبژاردنەكانی سوید بەڕێوەچوو و بەپێی جیاكردنەوەی 99%ی دەنگەكانیش، راستڕەوەكان كە لە چوار پارتی سیاسی پێكهاتوون، 176 كورسی و چەپڕەوەكانیش كە دەسەڵاتداری سوید بوون 175 كورسیان بەدەستهێناوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان