هەڵۆ، راوچییەکی بەهێز و ترسناک

03:13 - 2022-09-18
ژینگە
743 جار خوێندراوەتەوە

هەڵۆ لە کۆمەڵەی باڵندە راوچییە گۆشخۆرەکانە و بەوە لەوانی دیکە جیادەکرێتەوە قەبارەی گەورەترە و لاق و باڵی گەورە و پتەوترە هەروەها دەنووکی گەورە و کەمێک چەماوەیە، هەمیشە مێیەکەی قەبارەیان گەورەتر و ئازاترن، بەوەش ناسراوە زیاتر بە رۆژ راودەکات و تیژیی چاوی بەجۆرێکە لە بەرزییەکی زۆرەوە نێچیرەکانی دەبینێت.
ئەو گیاندارانەی راویان دەکات ئەوانەن لە گروپی قرتێنەرەکانن لەگەڵ کەروێشک و ماسی و ئەوانەی لە ئاو و وشکانیدا دەژین، بەگشتی هەڵۆ لە راوکردندا خێرایە و بەدوای نێچیرێکدا دەگەڕێت بە ئاسانی راویبکات.
لە هەموو دونیادا هەڵۆ هەیە جگە لە کیشوەری بەستەڵەکی باشوور و ئەوپەڕی باکووری بازنەی بەستەڵەکی باکوور، ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژی شاخەکانە لەگەڵ دارستان و ئەرزە شێدارەکان و ئەو شوێنانەی دەریاچەکانی لێ دەڕژێت.
هەندێ جۆری هەڵۆ
هەڵۆی نیکوباری باشووری بچووکترین هەڵۆیە و تەنیا 450 گرامە و 40 سم دەبێ، هەروەها هەڵۆی دەریایی ستەلێر کێشی 6.7 کیلۆگرامە، هەڵۆی فلیپینی لە پاڵ هەڵۆی سەرسپی و هەڵۆی هارپی گەورەترین جۆری هەڵۆکانن.
هەڵۆ تەنیا یەک هاوسەر لە ژیاندا هەڵدەبژێرێت، ھێلانە لە شوێنێکی زۆر بەرز، بە تووڵ و شووڵی دار دروست دەکات و هەموو ساڵێک دەگەڕێتەوە سەری، بە جۆرێ کە جیقنە و پەڕ، ساڵ بە ساڵ، لەسەر یەک کەڵەکە دەبن و هەندێکجار تا 500 کیلۆگرام و بەرزیی 3 مەتر گەورە دەبێ، گەورەترین هێلانەش هی دوو هەڵۆی سەرسپی-ە لە فلۆریدای ئەمریکا کە 6.1 مەتر قووڵە، 2.9 مەتر پانە و کێشی 2.722 کگم .
مێیەی هەڵۆ شەش تا هەشت هەفتە لەسەر ھێلکەکانی کڕ دەکەوێت، زۆربەشیان دوو ھێلکە دەکەن، جووچکە هەڵۆ لەسەرخۆ گەشە دەکات و لە سێ یان چوار ساڵیدا ئینجا شێوەی لە گەورەکان دەچێت.هەڵۆ لەو باڵندانەیە بەبێ پێشەکی یەکسەر دەفڕێت و راوچییەکی زۆر بەهێز و ترسناکە، لە قووڵایی ئاسمانەوە بەخێرایی دەدەبەزێت ماسی راودەکات ئاژەڵی وا راودەکات چەندان ئەوەندەی کێشی خۆی دەبێت وەکو بزنە کێوی و ئاژەڵی تری کێوی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان