نیشانەکانی کەمیی ڤیتامین لە جەستەدا

03:28 - 2022-09-18
ژینگە
762 جار خوێندراوەتەوە

ئا: مانی دڵشاد

زۆرکەس هەن چەندین ساڵە کەمیی ڤیتامین لە جەستەیاندا هەیە بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەن و نازانن کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر جەستە چەندە، زۆرجار جەستە نیشانەی تێدا دەردەکەوێت وەکو ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ کەمیی ئەو ڤیتامینانە، لێرەدا هەندێک لەو نیشانانە دەخەینەڕوو:
لاوازیی نینۆک و هەڵوەرینی قژ
کۆمەڵێک هۆکار دەبنە هۆی لاوازیی نینۆک و قژ و دیارترینیان کەمیی بایۆتینە لە لەشدا کە بە ڤیتامینB7  ناسراوە و یارمەتی جەستە دەدات خۆراک بکات بە وزە، هەروەها کەمیی ڤیتامین B3  و B7  دەبنە هۆی هەڵوەرینی قژ.
قڵیشانی لێو
دەکرێ قڵیشانی گۆشەکانی دەرەوەی لێو یان برینی لێو ئاماژە بن بۆ کەمیی ڤیتامین بە تایبەتی ڤیتامین B1 و B2  ئەگەر ئەو کێشەیەت هەبوو دەبێت زیاتر سەوزەوات و مریشک بخۆیت.
خوێن بەربوونی پووک
ئەوانەی سیستەمی خۆراکییان دەوڵەمەند نییە بە سەوزە و میوە ئەوە کەمیی ڤیتامین C یان هەیە ئەوەش وادەکات پووک و سیستەمی بەرگریان لاواز بێت و دیارترین نیشانەکانیش لاوازبوونی پووک و کەوتنی ددانەکانە.
شەو کوێریی
کەمیی ڤیتامین A دەبێتە هۆی سپی بوونی چاو و شەو کوێریی، دەتوانرێت ئەو کێشەیە  چارەسەر بکرێت بەوەی زیاتر خواردنی دەوڵەمەند بەو ڤیتامینە بخورێت وەکو زەیتی جگەری ماسی.
کڕێشی سەر
کەمیی ڤیتامین B2, B3, B6 پێستی سەر تووشی کڕێش دەکەن و رەنگە برۆ و برژانگ و سنگ و گوێیەکانیش بگرێتەوە یان هەر جێیەکی دیکە مووی لێ بڕوێت بە تایبەتی لە دەموچاودا.
پەڵەی سوور یان سپی
رەنگە دەرکەوتنی پەڵەی سوور یان سپی ئاماژە بێت بۆ کەمیی ڤیتامین A  یان C  بۆیە دەبێت زیاتر گرنگی بە خواردنی هێلکە و ماسی و میوە سەوزە بدرێت. 
بەرزیی فشاری خوێن
دەکرێت بەرزیی فشاری خوێن بەهۆی کەمیی ڤیتامین D یەوە بێت لەو کاتەدا دەبێت زیاتر ماسی سەلەمۆن و توونە و جگەری گوێرەکە و زەردێنەی هێلکە بخورێت، بەڵام کەمیی ڤیتامین B12 دەبێتە هۆی دابەزینی فشاری خوێن و لاوازبوونی ماسولکەکان و کۆنتڕۆڵنەکردنی میزەڵدان.
ئارەقکردنەوەی زۆر
ئارەقکردنەوەی زۆر رەنگە ئاماژە بێت بۆئەوەی جەستەت پێویستی بە ڤیتامین D یە کاتێک سادەترین چالاکیی رۆژانە واتلێدەکات ئارەقبکەیتەوە، وەکو دانیشتن و کارکردن بەرامبەر کۆمپیوتەر.
هەستکردنی بەردەوام بە ماندوێتی
هەستکردنی بەردەوام بە ماندوێتی وەکو خەوهاتن بەدرێژایی رۆژ لە کاتێکدا بەشی پێویست خەوتبی ئاماژەیە بۆ کەمیی ڤیتامین B12 چونکە کەمیی ئەو ڤیتامینە وادەکات بەشی پێویست ئۆکسجین نەچێتە جەستەوە ئەوەش وادەکات خەو داتگرێ.
فشەڵبوونی ئێسک
گرنگە تا دەچیتە تەمەنەوە زیاتر ئەو خۆراکانە بخورێت کە دەوڵەمەندن بە کالیسیۆم و ڤیتامینە سەرەکییەکان، تاوەکو پارێزگاریی لە پتەویی ئێسکمان بکەین، چونکە کەمیی ئەو ڤیتامینانە دەبنە هۆی فشەڵبوونی ئێسک.
سەرچاوە: سیدتی.نت


بابەتە پەیوەندیدارەکان