جیاوازی پیازی سپی و زەرد و سوور چییە؟

03:32 - 2022-09-18
ژینگە
1301 جار خوێندراوەتەوە

تارا شێخ عوسمان

زانینی جیاوازی جۆرەكانی پیاز یارمەتیدەرە بۆ چێشتلێنەران و دەتوانن لەوە دڵنیابنەوە بۆچی هەندێك خواردن دەبێت پیازی سپی و هندێكی تر پیازی زەرد و هەندێكیش دەبێت پیازی سووری تێبكرێت؟ كەواتە ئەو جیاوازییانە چین؟ ئایا پیازی توون باشە یان شیرین؟
پیاز چەند جۆرێكی هەیە كە بە هۆی رەنگ و بۆن و تامەكانیانەوە جیاوازن، هەر بۆیە بەكارهێنانیشیان جیاوازە، بە شێوەیەكی گشتی جۆرەكانی پیاز بریتین لە پیازی  زەرد و سپی و سوور یان مۆر.
پیازی زەرد 
بۆ دروستكردنی هەموو جۆرە خواردنێك دەشێت و لە دوو جۆرەكەی تر زیاتر بەكار دەهێنرێت و تیژەترە، دەكوڵێنرێت ئەو تیژییەی كەم دەبێتەوە و شیرین دەبێت، بە شێوەیەكی گشتی قەبارەكەی زۆر گەورە نییە و تویكڵی دەرەوەی سفت و توێكڵەكانی ناوەوەی ئاودارن، هەرچەندە پێیدەوترێت پیازی زەرد، بەڵام هەر توێكڵەكەی زەردە و لە ناوەوە سپیییە، ئەم جۆرە پیازە بۆیە تیژە، چونكە دەوڵەمەندە بە مادەی گۆگرد، هەربۆیە لە كاتی پاككردنیدا چاوی كەسەكە فرمێسكی پێدا دێتەخوارەوە.
 پیازی سپی
ئەم جۆرەیان هەر لە دەرەوە و هەم لە ناوەوە سپییە، بەبەراورد بە پیازی زەردیش شیرینتر و گونجاوترە و  توێكڵی دەرەوەی تەنك و رەقتر و ناوەوەی نەرمترە و بڕێكی زۆر ئاوی تێدایە.
 پیازی سوور یان مۆر  
ئەم جۆرەیان شیرینترە و بۆ ئەوە باشە بە كاڵی بخورێت و زۆر بە كەڵكی ئەوە نایەت بكرێتە ئەو خواردنانەوە كە لێدەنرێن و بۆ ئەوە باشە لەگەڵ لەفە بخورێت یان بكرێتە زەڵاتە ساردەكانەوە.
تایبەتمەندییەكانی پیاز 
 ئاشكرایە پیاز یەكێكە لەو خواردنانەی تەنها رەنگی جیاوازی هەیە، ئەگەر نا لە تایبەتمەندی و سوودەكانیاندا وەك یەكن و هەموو جۆرەكانی پڕن لە بەهای خۆراكی و بڕێكی كەم كالۆرییان تێدایە و چەندین جۆری ڤیتامین و ریشاڵ و مادەی كانزایی جیاجیایان تێدایە، بە هۆی ئەوەی بڕێكی زۆر ڤیتامین-c  یان تێدایە بۆ بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی زۆر باشە و بە هۆی ئەو كۆلاجینەی تێیدایە بۆ تازەكردنەوەی خانەكانی پێستیش باشە و یەكێكن لەو خواردنانەی سوودیان هەیە بۆ زیادكردنی ئاسن لە لەشدا و بەهۆی ئەوەی دژە ئۆكسیدیان تێدایە یارمەتیدەرن لە كەمكردنەوەی هەوكردن و دواجاریش مەترسیی نەخۆشییەكانی دڵ كەم دەكەنەوە.
هەروەها بە هۆی ئەوەی پیاز گۆگرد و دژە ئۆكسیدی تێدایە، مەترسیی هەندێك جۆر شێرپەنجە كەمدەكاتەوە لەوانەش شێرپەنجەی  گەدە و ریخۆڵە گەورە و ئاستی شەكر لە خوێندا هاوسەنگ دەكات و كۆئەندامی هەرس بە هێز دەكات و بە هۆی ئەوەی بڕێكی باش كالیسیۆمی تێدایە ئێسك لە فشەڵبوون دەپارێزێت.

سەرچاوە : خبرگزاری برنا

بابەتە پەیوەندیدارەکان